کۆکوژی شنگال

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-16-16:59:00 - کۆدی بابەت: 7615
کۆکوژی شنگال

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی داعش شاری شنگالی پایتەختی ئێزیدییەکانی جیهانی داگیرکرد، بەهۆیەوە هەزاران کەسی ئێزیدی کوژران و فرۆشران و ئاوارە بوون. دوای داگیرکردنی ناوچەکەش کۆکوژییەکی ئەنجام دا کە دواتر لەلایەن خەڵکانی ناوچەکەوە بە جینۆسایدی شنگال ناوبرا، بەڵام ناوێکی فەرمی نییە. لە ڕێکەوتی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ داعش توانی دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە شاری شنگال داگیربکات و ژن و کچانی ناوچەکە دەستگیربکات و بەشێکی زۆری پیاوەکان بکوژێت. لە ٨ی ئابی ٢٠١٤ ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر یەکەکانی داعش و کاروانەکانی لە باکووری عێراق وەڵامی ڕێکخراوەکەی دایەوە و هاوپەیمانی دژی داعش دروستکرا.

بابەت: داگیرکردنی شنگال (بە عەرەبی: مجزرة سنجار، بە ئینگلیزی: Sinjar massacre)

لە ١٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤دا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، پەکەکە و یەپەگە، بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر شنگال و ئازادیان کرد. هێرشەکە بووە هۆی تێکشکاندنی ڕێڕەوی دابینکردنی پێویستییەکانی داعش لە نێوان مووسڵ و ڕەققە.

کۆمەڵکوژیی شنگال

کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ڕۆژی ٣ـی ئاب داعش هێرشی کردە سەر گوندەکانی دەوروبەری شنگال. بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە، خەڵکی گوندەکان بە چەکەکانی خۆیان دەستیان کرد بە پاراستنی شوێنەکانیان، بەڵام بەهۆی تۆپبارانکردنیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە هاوەن بەرگرییەکی بەهێز نەکرا و شارەکەش داگیرکرا. لەو کاتەدا هەرکەسێک لە دەرەوە ببینرایە دەکوژرا. لە بەیانی ڕۆژی ٣ـی ئاب داعش بە تەواوی دەستی بەسەر شنگالدا گرت و هەرکەس بەرگری بکردایە دەیکوشت. دواتریش داوای لە خەڵکی کرد کە یان موسوڵمان ببن یان دەکوژرێن. لە ماوەی هێرش بۆ سەر شارەکەش ئارامگەی خاتوونە زەینەبی تەقاندەوە، کە ئارامگەیەکی پیرۆزی شیعەکانی ناوچەکە بوو. 

ئاوارەبوونی خەڵکی

خەڵکی لە گوندەکانی دەوروبەر بەخێرایی لەگەڵ هاتنی داعش هەڵهاتن و خۆیان ڕزگارکرد. چونکە داعش داوای لە خەڵکی دەکرد یان موسوڵمان ببن یان دەکوژرێن، لەو ماوەشدا داعش کۆمەڵێک ڤیدیۆی کوشتنی لە ناوچەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکردەوە. لە کاتی هێرشەکەدا نزیکەی ٢٠٠,٠٠٠ کەسی ئێزیدی و شیعە لە ناوچەکە ئاوارەبوون.

گەمارۆی چیای شنگال

نزیکەی ٥٠,٠٠٠ هاوڵاتی شنگال پەنایان بردە بەر چیای شنگال، لەوێ لەلایەن داعشەوە گەمارۆدران و بەبێ ئاو و خۆراک مانەوە و تووشی برسیەتی و تینوویەتی بوونەوە.

تەحسین سەعید، ئەمیری ئێزیدییەکان بانگەوازێکی بۆ ڕای گشتی و جیهان کرد بۆ بەهاناهاتنی ئێزیدییە گەمارۆدراوەکانی چیای شنگال و لە ڕۆژانی دواتریش لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان و هێزی ئاسمانی عێراق و هێزە کوردییەکانی ترەوە هاوکاری کران. ڕۆژی چواری ئاب هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە هاتنە ناوچەکە و هاوڵاتییە گەمارۆدراوەکانیان پاراست.

کوشتنەکانی ناوچەی شنگال

لە ڕۆژی ٢٠١٤/٨/٧ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە کە داعش دەیان پیاوی ئێزیدی لە شنگال و دەوروبەری کوشتووە و هاوسەرەکانیانی ڕفاندووە بۆ ئەوەی دواتر بیانفرۆشێت. هەروەها ١٠ کەسی لەسێدارەداوە کە خەریکی پاراستنی ئارامگەی خاتوونە زەینەب بوون پێش تەقاندنەوەی لەلایەن داعشەوە.

کۆکوژی کۆچۆ

لە ڕێکەوتی ٢٠١٤/٨/١٥ لە گوندی کۆچۆی نزیک شنگال داعش هەستا بە کوشتنی ٨٠ پیاو کە ڕەتیان کردبوویەوە موسوڵمان ببن. بەپێی قسەی ئەو کەسانەی ڕزگاربوون لە گوندی کۆچۆ کە "دەزگەی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" بڵاوی کردووەتەوە، هەموو کوڕ و پیاوانی گوندی کۆچۆ دەستگیرکراون کە ژمارەیان ٤٠٠ کەس بووە و دواتر گولـلەباران کراون. نزیکەی ١٠٠٠ منداڵ و ژنیش ڕفێنراون.

لە ڕۆژی داهاتوو بڵاوکرایەوە کە نزیکەی ٢٠٠ پیاو لە زیندانی تەلعەفەر کوژراون دوای ئەوەی ڕەتیان کردووەتەوە موسوڵمان ببن.

تەقاندنەوەی ئارامگەی شێخ مەند

ڕۆژی ٢٠١٤/٨/٢٥ داعش هێرشی کردە سەر ئارامگەی شێخ مەند لە جیدالای ڕۆژئاوای شنگال و ١٤ لە گەورەپیاوانی ئێزیدی کوشت. دواتریش ئارامگەکەی تەقاندەوە.

ژمارەی قوربانییان

قوربانییانی ناوچەکانی شنگال و دەوروبەری داتای ناڕێکن و ژمارەی ورد نییە، بەڵکوو ژمارەی نزیککراوەن کە ئەگەر ئەوەندەش نەبن، زۆر نزیکن لەو ژمارەیەوە. تەنیا لە ڕۆژی سێی ئاب نزیکەی ٢,٠٠٠ کەس لە شنگال و دەوروبەری کوژراون، لە نێوان ٢ بۆ ٥ـی مانگیش نزیکەی ٥٠٠ پیاوی ئێزیدی کوژراون. ٧٠ ژن و منداڵیش لە برسیەتی و تینوویەتی لەکاتی ڕاکردنیان لە داعش مردوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش لە مانگی ئاب نزیکەی ٥,٠٠٠ پیاوی ئێزیدی کوشتووە، مانگیش کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ـش هەرێمی کوردستان ژمارەی ونبووان و کوژراوانی ژنان و پیاوان و منداڵانی ئێزیدی بە ٤,٠٠٠ کەس خەمڵاند. لە ڕاپۆرتەکانی کۆواری PLOS لە ساڵی ٢٠١٧، ٢١٠٠ بۆ ٤,٤٠٠ حاڵەتی مردن و کوشتن و ٤,٢٠٠ بۆ ١٠,٨٠٠ حاڵەتی ڕفاندن لە ناوچەکە ڕوویداوە.


سەرچاوەکان



969 بینین