مەهاباد قەرەداغی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-07-22:55:00 - کۆدی بابەت: 7773
مەهاباد قەرەداغی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەھاباد قەرەداغی نووسەر و شاعیر و وەرگێڕێکی کوردە. یەکەم کۆکراوەی شیعرەکانی لە ساڵی ١٩٨٠ بڵاوکراوەتەوە. لە ماوەی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨١ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کراوە و دواتر وەک پەنابەر ڕۆشتووەتە وڵاتی سوید. ماوەیەکی زۆریش بەرپرسی پەیمانگەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بووە بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

ژیان

مەهاباد لە ١٩٦٦/١/٢٢ لە شاری کفری لە کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٨، مەباد دەستی بە نووسینی شیعر کردووە، یەکەم شیعریشی لە ڕۆژنامەی ھاوکاری لە ساڵی ١٩٨٠ بڵاوکرایەوە. دواتر بەھۆی شیعرە نەتەوەیییەکانییەوە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٨١ دەستگیرکراوە لەلایەن حیزبی بەعس. مەھاباد بەشێک لە شیعرەکانی بەناوی خۆی و بەشێکی دیکەشی بە ناوە خوازراوەکانی «ھەتاو گەرمیانی، ژاڵە، بەردەوام، ئاڵا» بڵاوکردووەتەوە.

لە ساڵی ١٩٨٢، چووەتە ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٨٥، یەکەم کۆڕی شیعری لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی پێشکەش کرد.

ساڵی ١٩٩٣، مەھاباد چووەتە سوید. لە ساڵی ١٩٩٨، لە کەناڵی تەلەفزیۆنی میدیا بەرنامەی پانۆرامای پێشکەش کردووە. لە سوید لە بەشی پەروەردە خوێندنی تەواوکردووە لە ساڵی ٢٠٠٤. لە ساڵی ٢٠٠٥، دەگەڕێتەوە کوردستان و دەبێتە ڕاوێژکاری پرسی ژنان بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان. لە ساڵی ٢٠١٣، مەھاباد بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی سابیس تەواوکرد.

ژیانی تایبەتی

مەھاباد لەگەڵ نووسەر و شاعیر مستەفا گەرمیان لە ساڵی ١٩٩٢ ھاوسەرگیری کردووە. لە ساڵی ١٩٩٩، کچێکیان بوو بەناوی شاکار.

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی ھەینی، لە دوانیوەڕۆی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد.

بەرھەمەکان

شیعر

  • نەخشەی دواڕۆژ، ١٩٩١
  • پانۆراما، ١٩٩٣
  • شاخ کێڵگەی گەنمەشامییە، ١٩٩٤
  • میدالیا، ١٩٩٥
  • ھاژەی ڕۆح، ١٩٩٧
  • باڵندە بەفرەکان، ١٩٩٨ (بە زمانی سویدی)
  • دیوانی مەھاباد قەرەداغی، ٢٠١٣

چیرۆک

  • کۆچ، ١٩٩٣ (ڕۆمان)
  • ئەڤین ئاوی ژیانە، ١٩٩٦ (ڕۆمانە شیعر)
  • سوید و کوردستان. مەرگی مرۆڤ و نیوێک، کورتە چیڕۆک (٢٠٠٤)
  • ساڵێک لە دۆزەخ- بیرەوەری زیندان، ٢٠٠٥ (بیرەوەری)
  • چلچرا، ٢٠٠٦ (بیرەوەری)
  • زەنگدانەوە، ٢٠٠٧ (ڕۆمان)
  • لەتێ پیاو، ٢٠٢٠ (کورتەچیڕۆک)
  • فاتیلا، ٢٠١٧ (ڕۆمان)


سەرچاوەکان



451 بینین