مەلا تایەر یاروەیسی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-10-17:42:00 - کۆدی بابەت: 7956
مەلا تایەر یاروەیسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەلا تایەر حاجی عوسمان (بە ئینگلیزی: Mala Tayar Yarwaisi) کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و پیاوماقووڵی هۆزی یاروەیسی تیرەی کەڵئاشییە. کەسێکی بەناوبانگی ناوچەکانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوورە، بەهۆی تێکەڵی و داناییەکەیەوە لەنێو خەڵکدا ناسراوە.

ناوی تەواوی تایەر عوسمان عومەر مەحموود یاروەیسە، لە ١٩٣٥/٢/٥ لە گوندی تەپی سەفا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٤٣ لە گوندەکەی خۆیان دەستی بە خوێندنی زانستی شەرعی کردووە و لەلایەن حاجی عوسمانی باوکی، حاجی حەیدەری مامی، حاجی مستەفای ئامۆزای باوکییەوە خەرجییەکانی بۆ دابین کراوە. سەرەتا لەلای مامۆستا مەلا کەریمی سەدباری فێری نووسین و خوێندنەوەی فارسی و عەرەبی بووە و چوار جوزئی قورئانی پیرۆزی خوێندووە.

خوێندن

پاش ئەوەی مامۆستا مەلا کەریم کۆچی دوایی دەکات بۆ ماوەی ساڵیک لە خوێندن دادەبڕێت و پاشان دووبارە لە ساڵی ١٩٤٤ لەلای مامۆستا مەلا سەید نەجمەدینی سەرگەتی هەر لە گوندی تەپی سەفا دەست دەکاتەوە بە خوێندن و بۆماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا چەند کتێبێکی فارسی بە ناوەکانی (ناگەهان، یاداود، سەنتەراش، نان و ماس، ئەی شودە) لەگەڵ کتێبی (ئەحمەدی) و (فتح القریب) تەواو دەکات، بەڵام دووبارە بەهۆی کۆچی دوایی مامۆستاکەیەوە جارێکی تر لە خوێندن دادەبڕێت.

لە ساڵی ١٩٤٦ جارێکی تر لەلای مامۆستا مەلا سەید مەحموودی کەلجی دەست دەکاتەوە بە خوێندن و کتێبی (گوڵستان)ـی سەعدی شیرازی دەخوێنێت و لەبواری مێژووشدا کتێبی (مشاهیر الاکراد) دەخوێنێت و شارەزای زمانی فارسی و عەرەبی دەبێت. بەڵام بۆ فێربوون و خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی لەبەرئەوەی زۆرینەی کتێبەکانی ئەو سەردەمە بە زمانی فارسی و عەرەبی نووسراون بەناچاری پەنا دەبەنە بەر کۆکردنەوەی ئەو نامە کوردیانەی بۆ باوکی و مامۆستاکانی هاتووە و نامەکان بە سرێش ئەخەنە سەر یەک و پێیان وتووە (تۆمار) و چەند جارێک ئەو نامانەیان نووسیوەتەوە لەگەڵ هاوڕێ قوتابییەکانیدا و بەو شێوەیە فێری خوێندنەوە و نوسینی زمانی کوردی بوون.

لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری هەڵەبجە دەخرێتە بەر خوێندن و پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی (پەڕۆ) دەخوێنێت و پاش دوو مانگ لە خوێندن بەهۆی زیرەکییەوە بە بڕیاری لیژنەیەک لە مامۆستایانی قوتابخانەی پەڕۆ دەیگوازنەوە بۆ پۆلی دووەم. پاش سێ مانگ بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی خێزانەکەیەوە ناتوانێت لە خوێندن بەردەوام بێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی تەپی سەفا.

لە ساڵی ١٩٥٠ جارێکی تر لەلای مامۆستا مەلا مەعرووف سولەیمان و مامۆستا مەلا ئەحمەد ناوێک (کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کۆماری مەهاباد بووە و بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئێران و ڕووخانی کۆماری مەهابادەوە بە نهێنی ڕووی لە عێراق و باشووری کوردستان دەکات و بەناوی فەقێیەتییەوە لە گوندی تەپی سەفا بووه) مەلا تایەر دەست دەکاتەوە بە خوێندن و کتێبەکانی (بوستان، پەند نامەی عەتار)ـی سەعدی شیرازی و چەند کتێبێکی تری عەرەبی و مێژوویی دەخوێنێت و بەهۆی زیرەکییەوە (گولستان و بوستان)ـی سەعدی شیرازی و چەند کتێبێکی تر لەبەر دەکات و بەوهۆیەشەوە شارەزاییەکەی لە زمانی عەرەبی و  فارسیدا دەگاتە ئاستێکی پێشکەوتوو.

ژیانی تایبەت

لەبەرئەوەی حاجی عوسمانی باوکی پیاوێکی خانەدان و خاوەن دیوەخان بووە و ڕۆژانە ئەرکێکی زۆریان لەسەر بووە بۆ بەڕێکردنی میوانەکانیان و بۆ مەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دیوەخانەکەی‌ ڕێگەی نەداوە بە مەلا تایەری کوڕی کە لێی دوور بکەوێتەوە و درێژە بەکاری زانستی شەرعی بدات و بەدوای زانستدا لە مەدرەسە زانستییە شەرعییەکانی تری کوردستان بگەڕێت.

لە ساڵی ١٩٥٥ مامۆستا مەلا مەعرووف گوندی تەپی سەفا بەجێ دەهێڵیت و دەبێت بە وانەبێژی گوندی تاوێرە، حاجی عوسمانی باوکی و حاجی حەیدری مامی هەرگیز نەیانهێشتووە حوجرەکەیان بێ مامۆستا بێت و داوای مامۆستا لە شێخ عوسمانی بیارە دەکەن و ئەویش مەلا سەید نەجمەدین تەها دەنێرێت و لەو سەردەمەدا ٧ قوتابی دەبێت. مەلا تایەر لەگەڵ مامۆستا سەید نەجمەدین دەبێتە هاوڕێ و ماوەیەکی زۆر پێکەوە دەبن.

لە ساڵی ١٩٥٩ بە نهێنی پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.

لە ساڵی ١٩٥٩ هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو ئامینە محەمەد عەلی دەکات و دەبنە خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچ.

شۆڕش

ساڵی ١٩٧٣ بە هەڵبژاردن بووە بە سەرۆکی جەمعییەی تەعاونی (بێساران) و لە کاتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی کشتووکاڵی و دابەشکردنی زەوی و زاری کشتوکاڵی خاوەن موڵکەکان بەسەر جووتیاراندا لەلایەن حکوومەتی عەبدولکەریم قاسمەوە کۆمەڵێک پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کە ژمارەیان (٦) کەس بووە لە گوندی تەپی سەفا لەلایەن مەلا تایەرەوە یەکی پارچەیەک زەوی کشتوکاڵییان پێدەدرێت کە دوان لەوانە هەریەک لە عەلی شیعە و و مەحموود کەشکۆڵ بوون. هەر لە ساڵی ١٩٧٤ و لە پێش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و لەژێر چەتری شۆڕشی ئەیلوولدا دەستیان کردووە بە کاری ڕیکخستنی نهێنی بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێ بە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. مەلا تایەر لە هاوکاریکردنی شۆڕش بەردەوام دەبێت، بەڕادەیەک کە لەکاتی نسکۆی شۆڕشیشدا کە حیزبی بەعس چەکی لە خەڵک دەکڕییەوە لەلایەن شێخ عەلییەوە چەند چەکێک لە چەند پێشمەرگەیەکی خزم وەردەگرێت و ناهێڵیت بیگەڕێننەوە و دەڵیت ئێمە شۆڕشیکی ترمان لەپێشە و چەکەکان بە مەلا تایەر دەدات. ئەویش دەیانشارێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٦ کە یەکەمین مەفرەزەی سەرەتایی (٧) کەسی بە سەرۆکایەتی عەلی شیعە دەچنە شاخ، چەکەکان بە شێخ عەلی دەداتەوە و دەبێت بە پشتیوانییەکی لۆجستی بۆ شۆڕش.

ڕاگواستن و خاپوورکردنی گوندەکەی

لە ساڵی ١٩٧٧ جارێکی تر لەلایەن جووتیارانی ناوچەی شارەزوور و هەورامان و هەڵەبجەوە هەڵدەبژێررێت بۆ سەرۆکی جەمعییەی تەعاونی هاوبەشی هەڵەبجە و تاوەکوو ساڵی ١٩٨٧ بەردەوام بووە. لە ساڵی ١٩٨٦دا لە پەلامارێکدا بۆ گوندی تەپی سەفا لەلایەن فەوجێک لە جاشەکانی مەفرەزەی تایبەتی زەڕایەن لەگەڵ هەریەک لە عەبدولڕەحمانی کوڕی و ناجی محەمەد حاجی موشیر دەستگیر دەکرێن و بۆ ماوەی مانگێگ لە زەڕایەن دەستبەسەر دەکرێن. لەو ماوەیەشدا لەلایەن هێزێکی زۆری جاش و سوپای ڕژێمەوە کە پێکهاتبوون لە چەند فەوجێکی جاش و هێزی تایبەت بە پاڵپشتی چەندین تانک و زرێپۆش پەلاماری هەردوو گوندی تەپی سەفا دەدەن و پاش ڕاگواستنی خەڵکەکەی هەردوو گوندەکە خاپوور دەکەن و لەو نێوەندەشدا سەرجەم موڵک و ماڵی مەلا تایەر لەلایەن هەواڵگریی بەعسەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و خانووە دوو نهۆمییەکەشی خاپوور دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٨٧ لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندەکانی کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە مەبەستی وشککردنی سەرچاوە و پشتیوانییەکانی شۆڕش جارێکی تر گوندی تەپی سەفا ڕووبەڕووی خاپوورکردن دەبێتەوە و مەلا تایەریش زیانێکی زۆر لەڕووی ماددی و وڵاخ و خانوو کەلوپەلەوە دەبینێت.

لە ساڵی ١٩٨٨ بەهۆی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوورەوە لەگەڵ خێزانەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت و جارێکی تر سامانەکەی لەدەست دەدات.

دوای ڕاپەڕین

لەدوای ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ جارێکی تر بەزۆرینەی دەنگی جووتیاران و لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە بەتایبەت مامۆستا مەلا عوسمان داوای لێدەکەن و دەکرێتەوە بە لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی ڕێکخراوی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان و بەردەوام دەبێت لە چارەسەری کێشە جووتیاری و کۆمەڵاتییەکانی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٦ و لەسەر داوای خۆی و بەهۆی چوونە تەمەنەوە وازدەهێنێت لە لێپرسراوێتی یەکێتیی جووتیاران لە لقی هەڵەبجە.

لە ناوەڕاستی نەوەدەکان و لە ساڵەکانی ١٩٩٣ – ١٩٩٨ بەهۆی بەرپابوونی شەڕی ناوخۆوە و نزیکیی مەلا تایەر لە پێشمەرگە دیارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چوار جار لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هێرش دەکرێتە سەر ماڵەکەی و پەلکێشی زیندان دەکرێت. لە ١٩٩٤/٨/٢٥ـیشدا کوڕە گەورەکەی کە ناوی عەبدولڕەحمان بوو و لێپرسراوی کەرتی تایبەتی شەوکەتی حاجی موشیر بوو لە هێزەکانی یەکێتیدا دەکوژرێت و ئەوەش دەبێتە کارەساتێک بۆ مەلا تایەر و بنەماڵەکەی.

کۆچی دوایی

لە درەنگانی شەوی ٢٠٢٢/٣/٩ بەهۆی بەساڵاچوونەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجەی شەهید گیانی لەدەستدا و بۆ ڕۆژی دواتر لە گۆڕستانی شێخ جونەید لە تەنیشت عەبدولڕەحمانی کوڕیدا بەخاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



757 بینین