محەمەد ڕاتب نابلسی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-03-19-16:05:00 - کۆدی بابەت: 8002
محەمەد ڕاتب نابلسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بانگخوازی ئیسلامی جیهانی ناودار دوکتۆر محەمەد ڕاتب نابلسی (بە عەرەبی: محمد راتب النابلسي) لەدایکبووی ساڵی 1938ـی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریایە، لە خێزانێکی زانستخواز پەروردە کراوە، باوکی زانایەکی ناوداری ناوچەکەی خۆیان بووە و کاریگەری زۆری هەبووە لەسەری، بەڵام تاڕادەیەک بواری ئابوورییان لاواز بووە. 

قۆناغەکانی خوێندن و بڕوانامەکانی

ـ نابلسی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی هەر لە ناوچەکەی خۆیان لە دیمەشق خوێندوویەتی، پاشان چووەتە پەیمانگای مامۆستایان و لە ساڵی 1956 بە سەرکەوتوویی تەواوی کردووە.
ـ دواتر چووەتە کۆلێجی ئاداب بەشی زمانی عەرەبی زانکۆی دیمەشق، لە ساڵی 1964 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پسپۆڕی زانسەکانی زمان و ئەدەبی عەرەبی هەر لەو زانکۆیە بەدەست هێناوە.
ـ بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا چووەتە کۆلێجی پەروەردە، بۆیە لە ساڵی 1966 بڕوانامەی دیبلۆمی پەروەردەیی باڵای بە سەرکەوتوویی لە زانکۆی دیمەشق بەدەست هێناوە.
ـ پلەی ماستەری لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی لیۆنی لوبنان بەدەست هێناوە.
ـ بڕوانامەی دکتۆرای لە کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی دبلن لە ساڵی 1999 بەدەستهێناوە.
ـ چەندان بڕوانامەر دوکتۆرای فەخری و ڕێزلێنانی بەدەستهێناوە.
ـ سەرباری خوێندنی ئەکادیمی و زانستی، هەر لەسەردەمی منداڵییەوە گرنگییەکی زۆر تایبەتی بە زانستی ئایینی و شەرعی داوە، هەر لە سەرەتای لاوییەوە بەهۆی کاریگەربوونی بە باوکی و باپیری کە زانای ئایینی بوونە، لەسەر دەستی گەورە زانایانی دیمەشق زانستی شەرعی و ڕاڤەکردنی قورئان و ژیاننامەی پێغەمبەر ﷺ خوێندووە، مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە بۆ گێڕانەوەکانی فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ.

کار و پلە و پۆستەکانی

لە پاش تەواوکردنی خوێندن، کاری لە بواری وانەوتنەوە لە خوێندنگە ئامادەییەکان کردووە، دواتر لە کولێجی پەروەردەی دیمەشق لە ساڵی 1969 بۆ 1999 کاری وانەبێژی و مامۆستایی کردووە، پسۆڕ و دکتۆری وانەی "ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەت" بووە لە هەریەک لە کۆلێجەکانی زانستە ئیسلامییەکان و بنەماکانی ئایین لە زانکۆی دیمەشق، هەروەها پسپۆڕیی لە وانەی بیروباوەڕی ئیسلامی هەبووە.
سەرنووسەر و بەڕێوبەری گۆڤاری "نهج الإسلام - ڕێبازی ئیسلام" بووە، ئەو گۆڤارە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی سووریی دەردەکرا، هەروەها ئەندامی سەرەکی و ڕێکخەری "کۆمەڵەی ڕووبەڕووبوونەوەی جگەرەکێشان"ـی سووریا بوو، هەروەها بۆ ماوەیەک بووە سەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی منداڵان لە سووریا.
ـ لە زۆرێک لە کۆنفڕانس و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە ئایینییەکان نوێنەری سووریا بووە.

ئەزموونی بانگەوازیی و هزری ئیسلامی

لە ساڵی 1974ـەوە ئەزموونی بانگەوازیی نابلسی دەستیپێکرد، سەرەتای ئەزموونی لە ڕێگەی بوونی بە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی باپیرەی "شێخ عەبدولغەنی نابلسی" لە دیمەشق دەستیپێکرد، بە سەدان وانە و وتاری ئایینی هەیە لەنێو مزگەوتەکانی سووریا و دەرەوەی سووریاش، تەنانەت گەنجان لە دەرەوەی شاری دیمەشقەوە دەهاتن بۆ گوێگرتن لە وتارەکانی و مزگەوتەکەی هەمیشە پڕبووە، پێشکەشکار و وتارخوێنی سەدان پڕۆگرامی پەروەردەیی ئایینی و هزریی تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆیی بووە.
نابلسی لە کار و پۆستەکانی و کاری بانگەوازیشدا سەر بە هیچ لایەن و ئاڕاستەیەکی فیکری دیاریکراو نەبووە، لە بواری سیاسی و حیزبی قسەی نەکردووە و هەمیشە کەسێکی بێ لایەن و دوورەپەریزی بواری سیاسی بووە، بانگخوازێکی ئاشتیخواز و میانڕەوە، بەهۆی ئەوەی شێوازی وتاردانی لەسەرخۆیە و کەسێکی هێمنە و بەتوانا و باوەڕپێهێنەرە، بۆیە وتار و وانەکانی پەروەردەیی ئایینین بۆ گەنجان و لاوانی تازەپێگەیشتوو زۆر سوود بەخش و بەپێزن و لایەنگرێکی زۆری هەیە.

ئەزموونی نووسین و بەرهەمەکانی

نابلسی چەندین بەرهەمی ناوداری هەیە و وەرگێڕانی چەندان زمان بۆ بەرهەمەکانی کراوە، ناوەڕۆک و بابەتی کتێبەکانی ئایینین، بریتیین لە ڕاڤەکردنی قورئان و بابەتە ئیسلامییەکانی نموونەی باوەڕ و بنەماکانی ئایین، هەروەها پێگەی ئەلیکترۆنی و ئەپڵیکەیشنی ناوداری تایبەتی خۆی هەیە کە گرنگی بە وانە و وتار و نووسینەکانی دەدات و بڵاویان دەکاتەوە و بە چەندان زمان بەردەستن، لە چەندان گۆڤار نووسین و گوتاری ئایینی هەیە، هەروەها گرنگترین و ناودارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:
ـ تەفسیر و ڕاڤەکردنی قورئانی پیرۆز - لە دە بەرگ پێکهاتووە.
ـ کتێبی ناوەکانی خودای گەورە - لە چوار بەرگ پێکهاتووە
ـ ئیعجازی زانستی له قورئان و سوننەت - لە دوو بەرگ پێکهاتووە
گرنگترین ئەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕانی کوردیان بۆ کراوە:
ـ ناوازەکان
ـ سۆز و میهرەبانی پێغەمبەر ﷺ 

ژیانی تایبەتی

دکتۆر نابلسی ژیانی خێزانی تایبەتییە و ئارەزوو ناکات وردەکارییەکانی ژیانی تایبەتی دەربخات، لە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی دانیشتووی وڵاتی ئوردنن.


سەرچاوەکان



485 بینین