ناوهڕۆك
ناساندن
وڵاتی چاد (بە ئینگلیزی: Chad، بە عەرەبی: تشاد، بە فەڕەنسی: Tchad)، بە فەرمی کۆماری چاد، وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوە لە خاڵی یەکتربڕینی باکوور و ئەفریقای ناوەڕاست. لە باکوورەوە لەگەڵ لیبیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سودان، لە باشوورەوە لەگەڵ کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ کامیرۆن، لە باشووری ڕۆژئاواوە (لە دەریاچەی چاد) لەگەڵ نێجیریا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ نیجەردا هاوسنوورە.
ژمارەی دانیشتووانی کۆماری چاد 16 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس لە پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتدا، نجامێنا، دەژین. زمانە فەرمییەکانی کۆماری چاد بریتین لە عەرەبی و فەڕەنسی. وڵاتەکە زیاتر لە 200 گرووپی نەتەوەیی و زمانەوانی جیاوازی تێدا دەژی. هەروەها، ئایینە سەرەکییە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی وڵات ئیسلام و مەسیحین، یەکەمیان لەلایەن 55.%ـی دانیشتووان و دووەمیان لەلایەن 41.1%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت.
ناو | چاد، بە فەرمی کۆماری چاد |
پایتەخت و گەورەترین شار | نجامێنا |
سەربەخۆیی لە فەڕەنسا | 11 ئابی 1960 |
حکوومەت | کۆماری یەکگرتوو لەژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری سەربازی بۆماوەیی |
سەرۆکی وڵات | محەممەد ئیدریس دێبی |
زمانی فەرمی | عەرەبی و فەڕەنسی |
ڕووبەری گشتی | 1,284,000 كم2 |
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 | 18,523,165 |
چڕیی دانیشتووان | 8.6/كم2 |
ڕێڕەوی لێخوڕین | ڕاست |
کۆدی تەلەفۆن | 235+ |
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان | ئیسلام |
یەکەی دراو | فرانسی CFAـی ئەفریقای ناوەندی |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2023 | 32.062 ملیار دۆلار |
مێژووی چاد
لە هەزارەی حەوتەمی پێش زایینیدا، بارودۆخی ژینگەیی لە نیوەی باکووری خاکی چاد بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ شوێنێکی گونجاو بوو، ئەمەش وایکرد خەڵکانێکی زۆر ڕوو لە ناوچەکە بکەن و ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆر زیاد بکات، کە بە کاری کشتوکاڵییەوە خەریکبوون. هەندێک لە گرنگترین شوێنەوارەکانی ئەفریقا لە چادن کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش 2000 ساڵ پێش زایین.
لە کۆتایی هەزارەی یەکەمی زایینیدا، زنجیرەیەک دەوڵەت و ئیمپراتۆریەت لە ناوچەکەدا سەریانهەڵدا و شکستیان هێنا، هەریەکەیان سەرنجیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ڕێگا بازرگانییەکانی عەرەب بوو کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕین. لە ساڵی 1920ـدا فەڕەنسا کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی کرد و لە 11 ئابی 1960ـدا چاد بە سەرکردایەتی (فرانسوا تۆمبالبای) سەربەخۆیی بەدەستهێنا، دوای دوو ساڵ لە حکوومڕانی تۆمبالبای بوونی پارتە ئۆپۆزسیۆنییەکانی قەدەغە کرد و سیستمێکی تاک حزبی دامەزراند.
دەسەڵاتی زۆردارانەی تۆمبالبای و خراپ بەڕێوەبردنی گرژییەکانی نێوان نەتەوەکانی زیاتر کرد. ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی فرانسوا گەیشتە لووتکە، لە ساڵی 1965ـدا موسڵمانانی باکوور بە سەرۆکایەتی بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی چاد شەڕێکی ناوخۆیان دەستپێکرد، لە ئەنجامدا لە ساڵی 1979ـدا تۆمبالبای کوژرا، بەڵام یاخیبوونەکە بەردەوام بوو و کوتلە یاخیبووەکان بە سەرۆکایەتی (حسێن حەبری) دەستیان بەسەر پایتەخت و دەسەڵاتی ناوەندی وڵاتدا گرت، بەم شێوەیە شەڕی ناوخۆیی لە ساڵی 1987ـدا کۆتایهات.
ململانێی نێوان چاد و لیبیا کە لە ساڵی 1978 بەهۆی لەشکرکێشی لیبیا سەریهەڵدا لە ساڵی 1987 بە دەستێوەردانی سەربازی فەڕەنسا وەستێنرا. هەر زووش حسێن حەبری لە ڕێگەی سیستمێکی دەسەڵاتی گەندەڵ و توندوتیژەوە دیکتاتۆریەتی خۆی چەسپاند و لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بە مەزندە هەزاران کەس کوژران. تا ئەوە بوو لە ساڵی 1990ـدا لەلایەن ژەنەراڵەکەی، بە ناوی (ئیدریس دێبی)، لە کار دوورخرایەوە.
لە ساڵی 2003ـەوە قەیرانی دارفۆر لە سودان ناسەقامگیری لێکەوتەوە و هەژاری میلەتی بەدوای خۆیدا هێنا، سەدان هەزار پەنابەری سودانی لە کەمپەکانی ڕۆژهەڵاتی چاد و دەوروبەری کەمپەکان جێگیرکران. دوای ئەوەی لە نیسانی 2021ـدا کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیدریس دێبی هێنرا و لەلایەن یاخیبووانی FACTـەوە کوژرا، ئەنجومەنی سەربازی گواستنەوەیی، بە سەرۆکایەتی (محەممەد دێبی)ـی کوڕی، کۆنترۆڵی حکومەتەکەی کرد و ئەنجومەنەکەی هەڵوەشاندەوە. کۆماری چاد تا ئێستاش بەدەست توندوتیژی سیاسی و هەوڵی چەندپاتبوونەوەی کودەتاوە دەناڵێنێت. کۆمارەکە لە ساڵی 2021ـدا و لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆییدایە بە (0.394)ـەوە لە پلەی 190ـەیەم و دووەم نزمترین وڵاتانی جیهاندا بوو.
کەم گەشەسەندوویی وڵاتەکە بووەتەهۆی ئەوەی یەکێک بێت لە هەژارترین و گەندەڵترین وڵاتانی جیهان. زۆربەی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بە کاری کشتوکاڵی و جووتیارییەوە خەریکن. لە ساڵی 2003ـەوە نەوتی خاو بووەتە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەناردەکردنی وڵاتەکە و جێگەی پیشەسازی تەقلیدی لۆکەی گرتەوە. چاد پێشینەیەکی خراپی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا هەیە، لەوانە، زیندانیکردنی هەڕەمەکی، کوشتنی نادادگایی و سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان لەلایەن هەردوو هێزە ئەمنییەکان و ميليشيا چەکدارەکانەوە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
دەزگای ئاماری نیشتیمانی چاد ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی لە ساڵی 2015ـدا لە نێوان 13,630,252 بۆ 13,679,203 کەسدا پێشبینی کرد. دانیشتووانی وڵاتەکە گەنجن و بە مەزەندە 47%ـی دانیشتووان لە خوار 15 ساڵیەوەیە. هەروەها، ڕێژەی لەدایکبوون لە هەر 1000 ئافرەتێکدا بە 42.35 لەدایکبوون مەزەندە دەکرێت و ڕێژەی مردنیش 16.69ـەیە. جگە لەوەش، تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی کۆمارەکە 52 ساڵیە. دەزگا ئامارییەکە ژمارەی دانیشتووانی چادی لە ناوەڕاستی ساڵی 2017ـدا بە 15,775,400 دانیشتوو خەمڵاندووە، لەو ژمارەیەش کەمێک زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو کەسیان لە شاری نجامێنای پایتەخت نیشتەجێبوون، کە زیاتر سەرقاڵی کاروبای بازرگانین.
فرەژنی شتێکی باوە و بە ڕێژە 39%ـی ژنانی وڵات لەگەڵ دۆزی فرەژنیدا خۆیانیان گونجاندوە، کە بە شێوەیەکی یاسایی پەسەندکراوە، مەگەر ئەوەی هاوسەرەکان لە کاتی هاوسەرگیریدا بڵێن کە ئەمە قبوڵ ناکرێت. هەرچەندە توندوتیژی دژی ژنان قەدەغەیە، بەڵام توندوتیژی خێزانی باو و ئاساییە. هەروەها خەتەنەکردنی مێینە قەدەغەیە، بەڵام ئەم کردارە بەربڵاوە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە نەریتدا هەیە؛ 45%ـی ئافرەتانی چاد خەتەنە دەکرێن، کە زۆرترین ڕێژە لەنێو عەرەب و حەجارای و وەداییەکاندایە (بە ڕێژە 90% یان زیاتر). ڕێژەی کەمتر لەنێو گرووپەکانی سارا (38%) و توبودا (2%) ڕاپۆرت کراوە. ئافرەتانی کۆمارەکە دەرفەتی یەکسانیان لە خوێندن و ڕاهێناندا کەمە، ئەمەش وا دەکات کێبڕکێ لەسەر ئەو کارە کەمانەی کە لە کەرتی فەرمیدا هەن قورس بێت لەسەریان. سەرەڕای ئەوەی یاساکانی موڵک و میرات بۆ هەردوو ڕەگەز هەمان شتن، بەڵام سەرکردە ناوخۆییەکان بەهۆی خوی نەریتییەوە زۆربەی کەیسەکانی میرات لە بەرژەوەندی پیاوان دەبڕێنەوە.
ڕەگەز
دانیشتووانی کۆماری چاد بە شێوەیەکی بەرچاو خەڵکی ئەفریقای ڕۆژهەڵات، ناوەڕاست، ڕۆژئاوا و باکوورن. وڵاتەکە زیاتر لە 200 گرووپی نەتەوەیی جیاوازی هەیە، کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دروست دەکەن. سەرەکیترین گرووپی نەتەوەیی چاد، کە سارایە، لە بەشی باشووری وڵاتدا دەژین. عەرەبەکان دووەم گەورەترین نەتەوەی وڵاتن کە شان بەشانی دانیشتووە ڕەوەندەکان لە ساحل دەژین، زۆربەی کۆچەرە نیشتەجێیەکانی باکووری وڵاتیش بە ڕەگەز توبون.
زمان
زمانە فەرمییەکانی کۆماری چاد بریتین لە عەرەبی و فەڕەنسی، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 100 زمان لە ناوچەکەدا قسەیان پێ دەکرێت. هەروەها هەریەک لە زمانیەکانی سودانی ناوەڕاست، مابان و چەندین زمانی نیجەر-کۆنگۆ لە وڵاتەکەدا قسەیان پێدەکرێت. بەهۆی گرنگی ڕۆڵی بازرگانانی عەرەبی گەڕۆک و نیشتەجێبوونیان لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکاندا، عەرەبی چادی بووەتە زمانێکی بازرگانی.
ئایین
لەڕووی ئایینییەوە کۆماری چاد وڵاتێکی هەمەچەشنە و خەمڵاندنی جیاوازیش لەو بارەیەوە کراون، یەکێک لە خەمڵاندنانە سەنتەری توێژینەوەی پیوو لە ساڵی 2010ـدا دەریانخست کە 52-58%ـی دانیشتووانی وڵات موسڵمانن، لە کاتێکدا 39-44%ـی دانیشتووان مەسیحین، لەو ڕێژەیەش 22%ـیان کاسۆلیکی و 17%ـیان پرۆتستانت. بەپێی خەمڵاندنیەکی ساڵی 2012ـی توێژینەوەی پیوو، 48%ـی موسڵمانە چادییەکان سوننە مەزهەب، 21%ـیان شیعە مەزهەب، 4%ـیان ئەحمەدی و 23%ـیان موسڵمانی نامەزهەبین. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی چاد بەپێی توێژینەوەی پیوو بەم شێوەیەیە:
- ئایینی ئیسلام: 57%
- ئایینی مەسیحی: 39%
- بێ ئایین: 2%
- ئایینی نەریتی: 1%
- ئایینەکانی تر: 1%
موسڵمانانی چاد بە شێوەیەکی بەرچاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی چاد چڕبوونەتەوە و ئەنیمیستەکان و مەسیحییەکان بە پلەی یەکەم لە باشووری چاد و گوێرا دەژین. هەروەها زۆرێک لە موسڵمانان لە باشووری چاد نیشتەجێن بەڵام بوونی مەسیحییەکان لە باکووری وڵاتدا کەمترینە. ئازادی ئایینی گەرەنتی کراوە و کۆمەڵگە ئایینییە جیاوازەکان بە شێوەیەکی گشتی بەبێ کێشە پێکەوە دەژین.
لەڕووی ئابوورییەوە
پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتی چاد بە حەوتەم هەژارترین وڵاتی جیهان دادەنێت، کە 80%ـی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی هەر تاکێکی وڵات لە ساڵی 2009ـدا بە 1,651 دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندرا. چاد بەشێکە لە بانکی وڵاتانی ئەفریقای ناوەڕاست، یەکێتی گومرگی و ئابووریی ئەفریقای ناوەڕاست (UDEAC) و ڕێکخراوی هەماهەنگیی یاسای بازرگانی لە ئەفریقا (OHADA).
زیاتر لە 80%ـی دانیشتووانی چاد بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبەستن. ئەو بەرهەمانەی کە کۆمارەکەدا دەچێنرێن و شوێنی مێگەلەکان بەپێی کەشوهەوای ناوچەکە دیاری دەکرێن. بەپیتترین زەوییە کشتوکاڵییەکانی وڵاتەکە کەوتۆتە باشووریترین بەشی چادەوە کە بە ڕێژە 10%ـی خاکی وڵات پێکدەهێنێت و بە بەرهەمی دەرە و هەرزن دەوڵەمەندە. شارەکانی چاد ڕووبەڕووی کێشەی جددی ژێرخانی شارەوانییەکان دەبنەوە؛ تەنها 48%ـی دانیشتووانی شارەکان دەستیان بە ئاوی خواردنەوە دەگات و تەنها 2%ـیان دەستیان بە پاکوخاوێنی سەرەتایی دەگات. پێش گەشەسەندنی پیشەسازی نەوت، لۆکە دەستی بەسەر پیشەسازیی وڵاتدا گرتبوو و بازاڕی کار نزیکەی 80%ـی داهاتی هەناردەکردنی پێک دەهێنا. سەرەڕای ئەوەی وردەکاری ئامارەکان لەبەردەستدا نیین، بەڵام لۆکە وەک تاکە بەرهەمی هەناردەکردنی سەرەکی دەمێنێتەوە.
بەپێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاد لانیکەم لە ساڵی 2001ـەوە کاریگەری قەیرانی مرۆیی لەسەر بووە. لە ساڵی 2008ـدا وڵاتی چاد میوانداری زیاتر لە 280 هەزار پەنابەری ناوچەی دارفۆری سودان، زیاتر لە 55 هەزار پەنابەری کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و هەروەها زیاتر لە 170 هەزار دوورخراوەی ناوخۆیی کرد. وڵاتەکە کاری لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی هەژاری کرد و لە کارەکەشیدا تاڕادەیەک پێشکەوتنی بەدەستهێنا، لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2011ـدا ڕێژەی هەژاری نیشتیمانی لە 55% بۆ 47% دابەزی. بەڵام ژمارەی هەژاران لە 4.7 ملیۆن (2011) بۆ 6.5 ملیۆن (2019) زیادیکرد. لە ساڵی 2018ـدا لە هەر 10 کەسێک 4.2ـیان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان.
لەڕووی جوگرافییەوە
چاد وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوی گەورەیە کە بۆ باکووری ناوەڕاستی ئەفریقا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی 1,284,000 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و دەکەوێتە نێوان هێڵەکانی پانی 7° و 24°ـی باکوور و 13° و 24°ـی ڕۆژهەڵات. ئەم وڵاتە بیستەم گەورەترین وڵاتی جیهانە و بە قەبارە کەمێک بچووکترە لە وڵاتی پیرۆ و کەمێک گەورەترە لە ئەفریقای باشوور.
کەشوهەوا
کەشوهەوای وڵاتی چاد لە بەشێکی وڵاتەوە بۆ بەشێکی تر دەگۆڕێت. کەشوهەوای بەشی باکووری وڵات بیابانییە لە کاتێکدا کەشوهەوای بەشی ناوەندی چاد نیمچە بیابانییە و کەشوهەوای بەشی باشووری خولگەیی. هاوین وەرزی بارانبارینە کە وەرزەبای ئەفریقی دەیهێنێت و تەنها کاریگەری لەسەر ناوەڕاستی باشووری وڵات هەیە. بۆیە لە ئەنجامدا ساڵانە کەمتر لە 50 مللیمەتر باران لە بەشی باکووردا دەبارێت، لە کاتێکدا لە بەشی ناوەندی وڵاتدا دەگاتە 200 مللیمەتر و لە بەشی باشووردا 1,000 مللیمەتر باران دەبارێت. باران لەم وڵاتەدا لە مانگی ئایار تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەبارێت، بەڵام لە ئەپەڕی باشووردا لە مانگی نیساندا دەبارێت. وەرزی زستان لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا وشکە.
باکوور
لە باکوور، لە بیابانی سەحارا، زستان خۆرکەوتووە و کەش بە ڕۆژدا گەرمێکی خۆشە. پلەکانی گەرما لە باکووری ڕۆژهەڵات کەمێک نزمترن و لە سەر زنجیرە شاخەکاندا زۆر نزمترن، جاروبار دەشێت لە بەرزاییە نزمەکاندا پلەی گەرمی لە کاتەکانی شەودا لە پلەی بەستن (0 پلەی سەدی) نزیک بێتەوە، لەکاتێکدا دابەزینی پلەی گەرمی بۆ سفر پلەی سەدی زۆرجار لە شاخەکاندا شتێکی باوە. بە ڕۆژیشدا دەشێت پلەی گەرمی تەنانەت لەو ناوچانەش کە کەوتونەتە بەرزاییە نزمەکانەوە بگاتە 30 پلەی سەدی. باقی کاتەکانی تری ساڵ کەشوهەوای ناوچە بیابانییەکانی وڵات لە مانگی نیسانەوە تا تشرینی یەکەم زۆر گەرمە و پلەکانی گەرما لە دەوروبەر یان سەرووی 40 پلەی سەدییەوەن؛ بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو نزیکەی 50 پلەی سەدیە.
ناوەند
هەتا بەرەو باشوور بڕۆین کاریگەری بارستە هەوای باشوور لە هاویندا دەرکەوتووتر دەبێت، چونکە پلەی گەرمی دادەبەزێت و هەروەها ئاسمانی ناوچەکە هەوراویتر دەبێت و ڕێژەی شێش بەرز دەبێتەوە. ساڵانە لەو ناوچانەی کە دەکەوێتە نزیک دەریاچەی چادەوە 200 بۆ 300 مللیمەتر باران دەبارێت.
باشوور
لە ئەوپەڕی باشووری وڵاتدا دەچینە ناوچەی ساڤانا و لە وەرزی بارانباریندا دیمەنی سروشتی ناوچەکە سەوز دەبێت. هەروەها لافاو زۆر ڕوودەدات بەتایبەتی لەو ساڵانەی کە بارانێکی بەخوڕی زۆر دەبارێت. ساڵانە 800 بۆ 900 مللیمەتر باران لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆمارەکەدا دەبارێت. کەشی شاری مۆندۆ، کە 400 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، تەنانەت لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و دووەمدا گەرمە و بەرزترین پلەی گەرما لە دەوروبەری 35 پلەی سەدیدایە، بەڵام لە کاتەکانی شەودا پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن و دەگەنە نزیکەی 16/17 پلەی سەدی. گەرمترین مانگی ساڵ مانگی ئازارە، بەرزترین پلەی گەرمی بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەوروبەری 40 پلەی سەدیدایە. لە وەرزی هاویندا وەرزەبا پلەی گەرمی بۆ دەوروبەری 30/31 پلەی سەدی دادەبەزێنێت، بەڵام گەرمییەکەی خنکێنەرە. جگە لەوەش، ساڵانە زیاتر لە 1,000 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.
باشترین کات
باشترین کات بۆ سەردانکردنی چاد وەرزی زستانە، بەتایبەتی مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەم، لەم کاتەدا ئاسمانی وڵات ڕوونە، بەڵام هەندێک جار بای باکووری ڕۆژهەڵات هەڵ دەکات و دەتوانێت تەمێکی ئاسایی دروست بکات. لە بەشی باشووری وڵاتدا کەش لە کاتەکانی ڕۆژدا زۆر گەرمە، بەڵام شەوان بەگشتی فێنکە، لە کاتێکدا لە بەشی باکووردا بە ڕۆژدا کەش خۆشە و شەوانە ساردە.