بڵقی سەر ئاو - کاکەی فەلاح

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-03-27-18:45:00 - کۆدی بابەت: 8052
بڵقی سەر ئاو - کاکەی فەلاح

ناوه‌ڕۆك

بڵقی سەر ئاو

شاعیر: کاکەی فەلاح

بەرهەم: دیوانی کاکەی فەلاح

شیعر: بڵقی سەر ئاو

دەردێک هەیە کوشندەیە لەناوا
بەردی داوە بەپشت زۆر شتی باوا

دەربڕینی: دەمێ ساڵە لەدڵما
شەپۆل ئەدا وەکوو خولیا لە سەرما

ئەو دەردەی وا کە لێرەدا مەبەستە
ئازاری والای دەستەی ماران گەستە: 

زۆر کەسی وام بەم دوو چاوەی خۆم دیوە
خۆی، لەئێمە، سەدقات چاکتر ناسیوە

چییە و چۆنە و ئاخۆ چی لە بارایە
جەواڵی دڵ چییە و چی لە زارایە

بە سەرژمێر خۆی یەکێکە لەبەر چاو
کە چی پەلکەزێڕینەیە بە هەناو

بەپێی شوێن و بەپێی هەوا و بەرژەوەن
گێرە ئەکا و خەرمانەکەی ئەکا شەن

بەوێنەی بۆق ڕەنگی زەوی وەرئەگرێ
ڕەنگی مرۆڤ هاوار چۆن ڕوکەش ئەکرێ؟ 

ئەو مرۆڤەی پێستەکەی گەنم ڕەنگە
هەر یەک دڵ و یەک مێشک و یەک ڕەنگە

سپی و ڕەشیش ئەبێ هەرسپی و ڕەش بێ
شەوی تاریک لەڕووناکی بێ بەش بێ

کەچی ئەوەی ئەمڕۆ لەبەر چاوایە
ڕاست پەرستی لەلا هەروەک باوایە

تاڕیایی و تاڕەواڵەت وەستابێ
ڕاستی ئەبێ هەر شار بەدەر کرابێ

هەر من من و هەر خۆپەرستی باوە
پووشی وشکە دڵسۆزی بە دەم باوە

هەرچی دەستی گەیشتە کۆڵە داسێ
تەنها زاتی خۆی نەبێ کەس ناناسێ

بەڵام ژیان، ژیانی ڕاستەقینە
زۆر لەم بڵقی سەر ئاوانە بە قینە

ڕیاکاری خۆپەرستی ترسنۆک
ئەمڕۆ سبەی ئەبێ هەر دابدا چۆک


سەرچاوەکان



498 بینین