ئیبن سەڵاح شارەزووری

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-04-09-00:21:00 - کۆدی بابەت: 8179
ئیبن سەڵاح شارەزووری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیبن سەڵاحی شارەزووری (بە عەرەبی: إبن الصلاح الشهرزوري) زانای موسوڵمانی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە، فەرموودەناس، مامۆستا، فەقیـهـ، موفەسیر و خاوەنی زانستەکانی فەرموودە (صاحب علوم الحديث)، کە لە سەردەمی خیلافەتی عەباسیدا ژیاوە، ناوی تەواوی عوسمانی کوڕی موفتی سەڵاحەدین عەبدولرەحمانی کوڕی موسای کوردیی شارەزوورییە، ناسراوە بە ئیبن سەڵاح، لە ساڵی ١١٨١ لە گوندی شەرخان لە شارەزوور لەدایکبووە، یەکێکە لە زانایانی بواری فەرموودە، سەرەتا لەلای باوکی لە شارەزوور دەستی بە خوێندن کردووە، باوکیشی یەکێک بووە لە زانایانی ناوچەکە کە لە نێوان ساڵەکانی ١١٤٤ بۆ ١٢٢١ ژیاوە، دواتر لەگەڵ باوکیدا چووە بۆ مووسڵ ماوەیەکی کەم لەوێ ماوەتەوە، پاشان بە وڵاتە ئیسلامیەکاندا گەڕاوە بۆ بەدەستهێنانی زانست، لەوانەش: مووسڵ، بەغداد، خۆراسان، هەمەدان، نیساپور، حەڕان و دیمەشق

ئەو مامۆستایانەی کە ئیبن سەڵاح لەلایان خوێندویەتی

لە موسڵ لەلای (عەبدوڵای کوڕی سەمین، مەحموودی کوڕی عەلی مووسڵی و باوکی موزەفەری کوڕی بەرنی) خوێندوویەتی، پاشان ڕۆشتووە بۆ بەغداد و لەلای (باوکی ئەحمەدی کوڕی سەکینە و عومەری کوڕی تەبەرزەد) خوێندوویەتی، دواتر لە هەمەدان لەلای (باوکی فەزڵی کوڕی مەعزەم) خوێندوویەتی، هەروەها لە نیساپور لەلای (موئەیەدی کوڕی موحەمەدی کوڕی عەلی توسی، زەینەبی کچی ئتبوقاسمی شەعری و باوکی مەعالی کوڕی ناسر ئەنساری) خوێندوویەتی، پاشان گەشتی کردووە بۆ شام لەلای (باوکی موزەفەری سەمعانی لە مەڕو، باوکی موحەمەدی کوڕی ئوستاز لە حەلەب) خوێندوویەتی، لە دیمەشق لەلای (ئیبن عەساکیر و ئیبن قودامە) وانەی خوێندووە، لە حەڕان لەلای (حافز عەبدول قادری روهاوی) خوێندوویەتی، پاشان لە قوتابخانەی سەڵاحییە لە مزگەوتی ئەقسای پیرۆز لە قودس خوێندوییەتی، بەڵام کە فەرمان درا بە ڕووخانی دیواری شارەکە، کۆچی کردووە بۆ دیمەشق ماوەیەک لە ڕەواحیە خوێندوویەتی، کاتێک ماڵی ئەشرەفییە (الدار الأشرفية) كرایەوە بووە بە شێخی ئەو شوێنە، پاشان بووە بەرپرسی وتنەوەی وانەی "الشاميلة صغری".

کارەکانی لە وڵاتی شام

  • وانەوتنەوە لە قوتابخانەی ناسریە لە قودسی پیرۆز.
  • وانەوتنەوە لە قوتابخانەی ڕەواحیە.
  • وانەوتنەوە لە قوتابخانەی خاتونی شام.
  • ماوەی ۱۳ ساڵ شێخی ماڵی فەرموودەی ئەشرەفیە بووە.

ئەو خوێندکارانەی کە لەلای ئیبن سەڵاح خوێندویانە

  • فەرموودەی لێ وەرگیراوە لەلایەن: ئیمام شەمسەدینی کوڕی نوحی مەقديسی، شەمسەدینی کوڕی خەلەکانی ئەربیلی و ئیمام کەمالەدین ئیسحاق و چەندانی تر. 
  • ڕیوایەتی لێ وەرگیراوە لەلایەن: ئیمام شەریفەدینی نەوەوی، قازی شەهابەدینی کوڕی خوەيی، فەرموودەناس عەبدووڵڵای کوڕی یەحیای جەزائیری، موفتی فەخرەدین عەبدول ڕەحمانی کوڕی یوسف بەعلبەکی، شێخ ئەحمەدی کوڕی عەبدول ڕەحمان شارەزووری، عیمادی کوڕی بالیسی و چەندانی تر.

کۆچی دوایی

شێخی ئیسلام لە بەیانی ڕۆژی چوارشەمەی ١٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٢٤٥ـی لە دیمەشق کۆچی دوای کردووە، بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە نوێژخوێن لە گۆڕستانی سۆفییەکان لە دیمەشق نێژراوە، ئیبن سەڵاح چەندین نووسینی بەنرخی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە کە بەڵگەیە لەسەر زۆری زانست و زانیاری ئەو، هەندێک لە نووسینەکانی پێداچونەوەی نووسراوەکانی گەورە زانایانە.

لە گرنگترین نووسراوەکانی

۱- علوم الحديث أو معرفة أنواع علم الحديث المعروف بمقدمة ابن الصلاح.
۲- طبقات فقهاء الشافعية اختصره الإمام النووي.
۳-فوائد الرحلة وهو في أجزاء كثيرة عن رحلته إلى خراسان.
٤- أدب المفتي والمستفتي.
٥- نكت المهذب.
٦-  الأمالي.
۷- صلة الناسك في صفة المناسك.
۸- الفتاوى طبع في مجلد.
۹- شیکردنەووەی پەرتوکی ( الوسيط في فقه الشافعية).
۱۰- شیکردنەووەی پەرتوکی( صحيح مسلم).
۱۱- المؤتلف والمختلف في أسماء الرجال.
۱۲-أحاديث في فضل الإسكندرية وعسقلان. 
پەرتوکی زانستەکانی فەرموودە یان پێشەکی ئیبن سەڵاح بە باشترین پەرتوک دادەنرێت لە بواری فەرموودەدا، کە کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بوو بۆ نووسین لە بواری زانستەکانی فەرموودەدا، بەهۆی گرنگی ئەم پەرتوکەوە بووە بە سەرچاوەیەک بۆ نووسین، لە دوای خۆی لە لایەن زانایانەوە چەندین جار شیکردنەوەی بۆ کراوە و پوختکراوەتەوە، لە گرنگترین نوسراووەکان:
۱- الإرشاد للإمام النووي ( تلخيص لكتاب علوم الحديث).
۲- اختصار علوم الحديث ابن كثير الدمشقي.
۳- الخلاصة في علم الحديث للشيخ الطيبي.

بۆچونی زانایان دەربارەی ئیبن سەڵاح

شەمسەدین ئیبن خەلەکان دەربارەرەی مامۆستاکەی (ئیبن سەڵاح) وتویەتی: ئیبن سەڵاح هەر لە تەمەنی گەنجیدا بووە بە یاریدەدەر لەلای عیمادەدینی کوڕی یونس، یەکێک بووە لە زانایانی سەردەمی خۆی لە بواری تەفسیر و فەرموودە و فیقهـ و هەرچی کە پەیوەستە بە زانستی فەرموودەوە، یەکێک بووە لەو شێخانەی کە سوودم لێ بینیون، ئیبن کەسیریش دەربارەی ئیبن سەڵاح وتویەتی: یەکەم شێخی وتنەوەی وانە بووە لە (دار الحديث) لە دیمەشق، عومەری کوڕی حاجب لە پەرتوکەکەیدا بەم شێوەیە باسی ئیبن سەڵاحی کردووە: خاوەنی شکۆیەکی سەرسوڕهێنەر بووە، ئیمامێکی پاک، ئەقڵێکی فراوان، دەریایەک لە زانست، زمان پاراو، تێکۆشەر لە دینداریدا، زانستێکی بەسوود، دیندارێکی بەهێز بوو.


سەرچاوەکان



795 بینین