حەسیب قەرەداخی

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-09-22:45:00 - کۆدی بابەت: 8191
حەسیب قەرەداخی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەسیب کوڕی شێخ عەلی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان قەرەداخی ناسراو بە (حەسیب قەرەداخی)، شاعیرێکی کوردی خەڵکی سلێمانی بووە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢٩، لە گوندی (سۆڵەی چرچە قەڵا) لە ناوچەی قەرەداخی سەر بە شاری سلێمانی و لە ناو خێزانێکی خوێندەواری بنەماڵەی شێخانی مەردۆخی لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٤٧ لە ئاوەدانی مەحاویل لە ناوچەی حللە بووە بەقوتابی خانەی مامۆستایانی ھەرێمە کشتوکاڵییەکان، بەھۆی ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٤٨ کە لە دواییدا بە (وثبة) واتە (ڕاپەڕین) ناوی دەرکرد زۆر چالاکانە بەشداری کرد و بۆ یەکەمجار تێکەڵ بە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە، پاشان لە ئەو خانەیە دەرکرا و گەڕایەوە بۆ سلێمانی، لە ساڵی ١٩٤٩ بوو بە قوتابی قوتابخانەی ناوەندی لە سلێمانی، بەھۆی کاری سیاسییەوە بۆی نەکرا تەواوی بکات و ناچار گەڕایەوە گوندی سۆڵە تا ساڵی ١٩٥٤ لەوێ ژیا و چەندین جار کەوتووەتە ژێر فشاری ڕاوەدوونان و ناچار بووە خۆی بشارێتەوە، دوا جار لەو ساڵەدا دەگەڕێتەوە بۆ ناو شار و لە ساڵی ١٩٥٥دا هاوسەرگیری دەکات و یەکەم لانەی ھاوسەرێتی لە سلێمانی پێکەوە دەنێت، تا کودەتای تەمووزی ١٩٥٨ چەند جارێک بۆ ماوەی کورت کورت زیندانی کراوە، لەگەڵ بڵێسەی شۆڕشدا شاعیر دەبێتە یەکێک لە ناسراوترین وتارخوێنەکان و یەکێک لە ناودارترین شاعیرە داھێنەرەکانی ناو کەسانی کوردستان، ھەربۆیە لەگەڵ کودەتای بەعەسییەکان لە ساڵی ١٩٦٣دا، دەستبەجێ دەگیرێ و نزیکەی ٣ ساڵ لەگەڵ سەدان لاوی شۆڕشگێڕ و دەیان ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسەری گەورەی کورد و عەرەبدا لە زیندانی نوگرەسەلمان زیندانی دەکرێن تا لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩٦٩ لەگەڵ ھاوسەر و ھەرسێ کوڕەکەی و ھەرسێ کچەکەیدا، بە دوورخراوەیی لە شاری بەغداد بە کولەمەرگی و کوێرەوەری بەڵام بە سەربەرزی ژیانیان گوزەراندووە، لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٩دا، لێبوردنێکی گشتی لە دەسەڵاتی بەغدادەوە دەرچوو بۆ ھەموو ئەو کەسانەی بەھۆی سیاسییەوە لە مووچەخۆری میری دوور خرابوونەوە، حەسیب پاش ٧ ساڵ زیندانی و دورخستنەوە بەر ئەو لێبوردنە کەوت و بەمووچەخۆرێکی بچووک لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار لە سلێمانی دامەزرا، لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٨٣دا کەژاڵی کچی بەڕووداوێکی ئۆتۆمبیل گیانی لەدەستدا و لە کۆتایی ١٩٨٤دا بەھاری کچی بە نەخۆشییەکی کتووپڕی شێرپەنجە گیانی لەدەستدا، زام و خەمێکی قووڵ و زۆر سەختیان لە ناخ و ھەست و بیر و سۆزی شاعیردا جێھێشت کە تا دوا ڕۆژی تەمەنی، شوێن پەنجەیان ھەم بەسیمای خودی خۆی و ھەم بەسەر جیھانی ھۆنراوە و ئەدەبیاتییەوە دیار و ئاشکرابوو، لە ئێوارەیەکی تەڕوتووشی زستانی سلێمانیدا لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٧ بۆ دواجار دڵی پڕ لە ژانی شێخی شاعیر لە لێدان کەوت و بۆ ڕۆژی دواتر لە گردی سەیوان لە سلێمانی بووە ھاوڕێی تا ھەتایی ھەردوو جوانەمەرگەکەی کەژاڵ و بەھار، شاعیری نەمر، سێ کوڕ بە ناوەکانی خەبات و بەھات و ئازا و کچێک بە ناوی نیگاری لەدوای خۆی جێهێشتووە، لەگەڵ ھاوسەرەکەی بە ناوی عائیشە.

شیعرەکانی

حەسیب قەرەداخی چەندین شیعری لە دوای خۆی بەجێ هیشتووە لەگەڵ دیوانێکی ٩٠٠ لاپەڕەیی، شیعرەکانی ئەمانەن:

  • ھەڵەبشیما
  • من ھیچ ناڵێم
  • ھەوەڵ مەزات
  • شەو و گریان و مەرگ
  • کۆچێکی ڕەشپۆش
  • کەژاڵی جوان
  • دووسەد ساڵەی سلێمانی

نمونەی شیعرەکانی

ئەی شارەکەم

ئەی شارە، کەم بەھارەکەم!!

لەو ڕۆژەوە، منیش شەیدای چاوەکانتم

گۆرانیم تۆی، ھەڵەبەستم تۆی

کۆڵانێکی سابونکەران

کووچەیەکی کانێسکانت،

سوڵتانم نایدەم بە یەڵدزت!

کیسرا نایدەم بە ھەیوانت!!

ئەی ئەو شارەی دووسەد دەرەی زامت بڕی!

ئەی ئەو شارەی دڵی مێژووت لە ئەیلوول و حوزەیراندا بە چنگ دڕی!

ئەی ئەو شارەی کە دەروونت دەکرێتەوە، میھرەبانی!

بووکێکی زۆر خان ومانی …

کە ناوچاوت دێنیتەیەک …

بوومەلەرزەیت و بورکانی !!

ئەی شارەکەم! تۆ، بێ تەختی

من، بێ بەختم!

ئیمام نوێژی ناڕەوایھ

کەچی من بانگی ناوەختم!

ئەی شارەکەم!

تۆ ھەر شار نیت، سەری شاری!!

دووسەد ساڵە لەگەڵ لوورەی ڕەشەبادا

دەجەنگێت و ھەر تۆ سوورای!

خۆت کاروان و خۆت ھەواری!

ئەی شارەکەم

تۆ ھەر شار نیت، شاری شارانی!

ئاسمانیشت لێ زیز بێت

خۆت فریشتەی و خۆت بارانی

ئەی شارەکەم … سلێمانی!!

پرس و خۆشەویستی

ویستم تێبگەم، خۆشەویستی… چەندێ جوانە؟

(وەلی) وتی: باڵای (شەم)ە

(مەم)یش وتی:... زین وەری گرت، بەژنی (مەم)

خەجیش وتی: وەک زامەکەی (سیامەند)ە

مامەیارە وتی:وەکو سەر گورشتەی دوانزدە سوارە

لەلای حەزرەتی (مەولەوی) ش وەکو چاوڕەشی لای دەوار

لەلای منیش وەکوو دوو قوڕسەکەم… کەژە و بەھارە

کوردێ بانگی بەختی دەکرد: ئەرێ زووکە!

لەخۆشەویستی جوانتریش، شارە گەرمەکەی کەرکووکە.


سەرچاوەکان



460 بینین