چۆپی فەتاح

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-17-16:40:00 - کۆدی بابەت: 8286
چۆپی فەتاح

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆپی فەتاح (بە ئینگلیزی: Chopy Fatah)، گۆرانیبێژێکی کوردە لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، تەمەنی سێ ساڵان بووە کە بنەماڵەکەی شاری کەرکووکیان بەجێهێشتووە، پاشان چوونەتە وڵاتی هۆڵەندا و لەگەڵ دوو برا و دایک و باوکی ژیاوە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەچێتە گروپێک بە ناوی کۆراڵ لە هۆڵەندا، لەگەڵ ئەم گروپەدا کە زیاتر لە ٢٠ منداڵ دەبن بە سەرپەرشتی مامۆستایەکی هۆڵەندی فێری گڕوگاڵی موزیک و گۆرانی وتن دەبێت، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەی دەنگ لە هۆڵەندا بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی زانستییانە شارەزایی لەو بوارەدا پەیدا بکات، لەوێ زیاتر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە تۆنەکانی پاک بکاتەوە و هەندێک لە سەرەتاکانی ئەو زانستە فێربێت، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو قوتابخانەیەدا بەردەوام دەبێت و پاشان ساڵێک وانەی میوزیک دەخوێنێت، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە ڕێگەی جواد میرانەوە کە گۆرانیبێژێکی کوردستانی باکوورە لەگەڵ کۆما بەرخۆدان ئاشنا دەبێ و دواییش دەچێتە ئەکادیمی کوردی لە ئەڵمانیا و هەر لەوێش بە مامۆستا وریا ئەحمەد ئاشنا دەبێت و یارمەتی زۆر دەدرێت تا دەچێتە Medya TV و بۆ یەکەم جار لە پڕۆگرامی شانشین بەشداری دەکات کە بەرزان شاسوار پێشکەشی دەکرد.

بەرهەمەکانی

چۆپی پێشتر گۆرانی گۆرانیبێژە گەورەکانی دووبارە دەگووتەوە بەڵام ئێستا خاوەنی چەندین ئەلبوومە، یەکەم جار بە هاندانی هونەرمەندی ئاوازدانەر بورهان موفتی ‌زادە دەکەوێتە سەر ئەو بیرەی کە ئەلبوومێک دەربکات، تا ئێستا ئەم ئەلبوومانەی هەیە:

  • ٢٠٠٤: چیت ناوبنێم؟، کە ٩ تراک لە خۆدەگرێت ئەو شاعیر و ئاوازدانەرانەی کاریان لەم ئەم ئەلبوومەدا کردووە بریتین لە:

شاعیرەکان (مۆفەق کەمال، گۆران، سەرکەوت ڕەسوڵ، بێوەیی، مەدهۆش، ئاشنا، فۆلکلۆر)

ئاوازدانەرەکان (بورهان موفتی زادە، ئاکۆ عەزیز، وریا ئەحمەد، فۆلکلۆر)

  • ٢٠٠٧: ناوت دەنێم ژینۆ، کە لە ١٣ تراک پێک هاتووە، لە ئاوازەکانی بورهان موفتی زادە و زیاد ئەسعەد و چەند ئاوازدانەرێکی تر، دابەشکردنی میوزیک:گۆران کامیل
  • ٢٠١٠: کریستاڵ، کە لە ٨ تراک پێک هاتووە.
  • ٢٠١١: شارا، کە لە ١٢ تراک پێک هاتووە کە مەقامی کوردین.
  • ٢٠١٢: باران ١٠ تراکی پۆپ ڕۆکە بە شێوەزاری ناوەندی.

سەڕەڕای ئەو دوو بەرهەمەی، چوپی زیاتر لە ٧٠ گۆرانی لە تەلەڤزێۆنە کوردییەکان تۆمارکردووە و ژمارەیەک گۆرانیشی کردووە بە کلیپ.

کۆنسێرتەکان

کۆنسێرت و فیستیڤاڵەکانی چۆپی تەنها لە چوارچێوەی هۆڵەندادا نەماوەتەوە بەڵکو چۆپی بۆ گێڕانی کۆنسێرت سەردانی ئەمریکا، کەنەدا، سوید، فینلەندا، دانیمارک، نەرویج، ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا، ئوکرانیا، بەلجیکا و یۆنانی کردووە، هەروەها چۆپی بۆ سازدانی کۆنسێرت، سەردانی کوردستانی باکووری کردووە بۆ شاری باتمان و دوو جار سەردانی شاری قامیشلۆی لە کوردستانی ڕۆژئاوا کردووە و لە کوردستانی باشوریش کۆنسێرتی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئەنجامداوە.


سەرچاوەکان



395 بینین