پێکوتە

پێکوتە

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فواد - به‌روار: 2022-04-19-02:40:00 - کۆدی بابەت: 8309
پێکوتە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێکوتە (بە ئینگلیزی: Vaccine) پێکهاتەیەکە پارچەیەک لە زیندەوەری مایکرۆسکۆپی لاوازکراو، ژەهرەکەی (ئەو پارچەیەی دەبێتە هۆکاری نەخۆشی لە مرۆڤ یان زیندەوەرەکانی دیکەدا) یاخود پارچەیەک لە پێکهاتەی بایۆلۆژی تێدایە وەکو دژەته‌ن، لیمفەخانە یاخود ناوکە ترشی ڕایبۆزی نێردراو (mRNA) بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نەخۆشی.
پێکوتە دەتوانێت بەرگری ڕاستەوخۆ دابین بکات بە هاندانی کۆئەندامی بەرگری بۆ هێرشکردنە سەر هۆکاری نەخۆشییەکە. هەر کە کۆئەندامی بەرگری لەلایەن پێکوتەکەوە هاندرا ئەو خانانەی دژه‌ته‌ن بەرهەم دەهێنن، پێیان دەوترێت خانەکانی بی یان لیمەخانەکانی بی (B Lymphocytes)، بە چالاکی و ئاگاداری دەمێننەوە تا ئەگەر هەمان هۆکاری نەخۆشی دووبارە هاتەوە ناو لاشە یەکسەر هێرشی بکەنە سەر و بیکوژن. پێکوتە دەشتوانێت بەرگری ناڕاستەوخۆ دابین بکات بەوەی لەناو پێکوتەکە خۆیدا دژەته‌ن یان لیمفەخانەی تێدایە کە پێشتر لەلایەن ئاژەڵ یان مرۆڤی بەخشەرەوە بەرهەم هێنراوە.
پێکوتەکان لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێن بە کەسەکە، هەندێکیشیان لە ڕێگەی دەمەوە یاخود لە ڕێگەی لووتەوە (بەتایبەت لە حاڵەتی ئەنفلۆنزادا) بەکاردەهێنرێن.

مێژووی پێکوتە

یەکەم پێکوتە لەلایەن پزیشکی بەریتانی ئێدورد جێنەر تاقیکرایەوە کە تێیدا ڤایرۆسی ئاوڵەی مانگای بەکارهێنا بۆ دروستکردنی بەرگری دژی نەخۆشی ئاوڵەی مرۆڤ، کە ڤایرۆسێکی هاوشێوەی ئاوڵەی مانگایە و تووشی مرۆڤ دەبێت. بەڵام پێش ئەو، پزیشکە ئاسیاییەکان بە داهێنەری بنچینەی کوتان دادەنرێن کە قەتماغەی وشکبووەوەی ئاوڵەیان دەدا بە منداڵەکان بۆ ئەوەی لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە بیانپارێزن، هەندێکیان بەرگریان پەیدا دەکرد و هەندێکیان تووشی نەخۆشییەکە دەبوون. کارەکەی جێنەر بەکارهێنانی شتێکی هاوشێوەی ئاوڵەی مرۆڤ بوو بەڵام سەلامەتتر بۆ پەیداکردنی بەرگری. لە ساڵی ١٨٨١ زانای مایکرۆبایۆلۆجی فەڕەنسی لویس پـستۆر توانی بەرگری لە مەڕێکدا بەرهەم بهێنیت دژی نەخۆشی دومەڵ بە ئامادەکردنی پێکهاتەیەک کە بەکتریای چیلکەیی لاوازکراوی تێدایە کە هۆکاری نەخۆشییەکەیە. چوار ساڵ دواتر  پێکهاتەیەکی دژی نەخۆشی هاری پەرەپێدا.

پێکوتەکان چۆن کاردەکەن؟

پێکوتە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکی دیاریکراو کەمدەکاتەوە بە کارکردن لەگەڵ سیستمی بەرگری ئاسایی لەشی خۆت بۆ بنیادنانی میکانیزمی پاراستن. کاتێک پێکوتە وەردەگریت، کۆئەندامی بەرگری وەڵامدەداتەوە، بە شێوەیەک:

- میکرۆبەکە دەناسێتەوە، بەکتریا یان ڤایرۆس بێت.
- دژەته‌ن بەرهەم دەهێنێت، دژەته‌نه‌كان پڕۆتینن بە شێوەیەکی سروشتی لەلایەن لەشەوە دروست دەکرێن لە دژی نەخۆشی.
- نەخۆشییەکە و شێوازی بەرەنگاربوونەوەکەی لە بیردەمێنێت. ئەگەر لە داهاتوودا تووشی ئەو میکرۆبە بوویتەوە، کۆئەندامی بەرگری خێرا لە ناوی دەبات پێش ئەوەی ببێتە هۆی نەخۆشی

هەربۆیە پێکوتە ڕێگایەکی سەلامەت و زیرەکانەیە بۆ بەرهەمهێنانی وەڵامدانەوە بەرگریەکان لە لەشدا بە بێ تووشبوون بە نەخۆشی. کۆئەندامی بەرگریمان بەو شێوەیە داڕێژراوە کە نەخۆشییەکانی لە بیر بمێنێت ئەویش لە ڕێگەی خانەی بیرخەرەوەی بی (Memory B Cell). هەرکاتێک ژەمێک یان زیاتری پێکوتەیەکی دیاریکراو وەردەگرین، ئەوا بۆ ماوەی ساڵانێک، دەیان ساڵ و لەوانەشە هەتا هەتایە پارێزراو بین لەو نەخۆشییە دیاریکراوە. ئەمە وا لە پێکوتە دەکات زۆر کاریگەر و گرنگ بێت، جیا لەوەی چارەسەری نەخۆشییەک دەکات دوای تووشبوونی، پێکوتەکان دەمانپارێزن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکی دیاریکراو لە سەرەتادا و پێش تووشبوون.

جۆرەکانی پێکوتە

چەند جۆرێکی جیاوازی پێکوتە هەیە، هەر جۆرێکیان وا دروست کراوە کە کۆئەندامی بەرگری مرۆڤەکە فێری ئەوە بکات لە دژی میکرۆبێکی دیاریکراو بجەنگێت، جۆرەکانی پێکوتە ئەمانەن:

پێکوتەی ناچالاککراو

ئەم جۆرە پێکوتەیە شێوەیەکی کوژراو یان ناچالاکی میکرۆبەکەی تێدایە کە دەبێتە هۆی نەخۆشی. پێکوتە ناچالاککراوەکان بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو بەرگریەی پەیدای دەکەن هێندەی پێکوتە چالاکەکان بەهێز نییە، بۆیە لەوانەیە پێویست بە چەند ژەمێکی یەک لە دوای یەک بکات بۆ ئەوەی کاریگەر بێت.

پێکوتەی زیندووی لاوازکراو

پێکوتە زیندووەکان شێوەیەکی لاوازکراوی میکرۆبەکەی تێدایە کە دەبێتە هۆی نەخۆشی. ئەم پێکوتانە هاوشێوەی تووشبوونی سروشتین و هەر خۆشیان هەوڵ دەدەن ڕێگری لە تووشبوونی سروشتی بگرن، هەر بۆیە وەڵامدانەوەیەکی بەرگری بەهێز و بۆ ماوەیەکی درێژ دروست دەکەن. تەنها یەک بۆ دوو ژەم لە پێکوتەیەکی لەم شێوەیە دەتوانێت تا کۆتایی تەمەن بەرگریت بۆ پەیدا بکات دژ بە نەخۆشییەکی دیاریکراو، بەڵام ئەم جۆرە پێکوتەیە چەند تایبەتمەندییەکی هەیە وا دەکات بەکارهێنانی سنووردار بێت، وەکو:

- لەبەر ئەوەی بڕێکی کەمی لاوازکراو بەڵام زیندووی ڤایرۆسەکەی تێدایە واتە بە تەواوی ناچالاک نەکراوە، هەندێک کەس پێویستە قسە لەگەڵ پزیشکە تایبەتییەکانیان بکەن پێش وەرگرتنی هەر پێکوتەیەکی لەم شێوەیە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی بەرگریان لاوازە، نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان ئەو کەسانەی نەشتەرکاری گواستنەوەی ئەندامیان ئەنجامداوە.
- ئەم پێکوتانە دەبێت لە شوێنی سارد هەڵبگیرێن کە ئەمەش گواستنەوەیان قورس دەکات. هەروەها لەو وڵاتانەی کە بەستێنەری گونجاوی تێدا نییە بۆ ئەم پێکوتانە ناتوانرێت بەکاربهێنرێن.

پێکوتەی ناوکە ترشی ڕایبۆزی نێردراو (mRNA)

توێژەرەوان لێکۆڵینەوە و کاریان لەسەر ئەم پێکوتەیە بۆ ماوەی دەیەها ساڵ کردووە و ئەم تەکنەلۆجیایە بەکارهات بۆ دروستکردنی بەشێک لە پێکوتەکانی کۆڤید-١٩. پێکوتە mRNAیەکان پڕۆتین دروست دەکەن کە دەبێتە هۆی هاندانی وەڵامدانەوە بەرگرییەکان. ئەم جۆرە پێکوتەیە بەبەراورد بە پێکوتەکانی تر سوود و دەستکەوتی زۆرترە، بە شێوەیەک کاتێکی کەمتر دەخایەنێت بۆ بەرهەمهێنانی چونکە ڤایرۆسەکەی بە زیندوویی یان چالاکی تێدا نییە هەر بۆیە مەترسی ئەوەی نییە ئەو کەسەی کە خۆی دەکوتێت بەم پێکوتەیە تووشی ڤایرۆسەکە ببێت.

ئەو پێکوتەیەی کە یەکەیەکی بچووکتری هۆکاری نەخۆشییەکە شەکری ئاڵۆز یان تەکنەلۆجیای دووبارە پێکهاتنی تێدا بەکاردێت

ئەم جۆرە پێکوتەیە پارچەیەکی دیاریکراوی میکرۆبەکەی تێدا بەکاردێت، وەکو پڕۆتینەکەی، شەکر، یان کاپسید (بەرگەکەی کە دەوری میکرۆبەکەی داوە).
لەبەر ئەوەی  ئەم پێکوتانە تەنها پارچەی دیاریکراوی میکرۆبەکە بەکاردەهێنن، هەربۆیە بەرگرییەکی بەهێز پەیدا دەکەن کە تایبەتە بەو بەشەی میکرۆبەکە. هەروەها دەتوانرێت هەموو کەسێک بەکاری بهێنێت تەنانەت ئەو کەسانەشی کە بەرگریان لاوازە یان نەخۆشی درێژ خایەنیان لەگەڵە، بەڵام لەوانەیە پێویست بە وەرگرتنی چەند ژەمێکی یەک لە دوای یەک بکات.

پێکوتەی تۆکسۆید

ئەم پێکوتەیە ژەهرێک بەکاردەهێنێت کە لەلایەن میکرۆبەکەوە دروست دەکرێت و دەبێتە هۆکاری نەخۆشی. دەبنە هۆی پەیداکردنی بەرگری دژی ئەو بەشەی میکرۆبەکە کە دەبێتە هۆی نەخۆشی لە جیاتی میکرۆبەکە خۆی. واتا بەرگری دژی ژەهرەکە دروست دەبێت نەک هەموو بەشەکانی میکرۆبەکە یان میکرۆبەکە بە تەواوی.
وەکو هەندێک لە جۆرەکانی تری پێکوتە پێویستت بە چەند ژەمێکی یەک لە دوای یەک هەیە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی بەرگریت هەبێت دژی نەخۆشییەکە.

پێکوتەی گوێزەرەوەی ڤایرۆسی

بۆ ماوەی دەیەها ساڵ، زاناکان توێژینەوەیان دەربارەی ئەم جۆرە پێکوتەیە کردووە. هەندێک پێکوتە کە لەم ماوەی دواییەدا بۆ ئیبۆلا بەرهەم هاتووە ئەم تەکنەلۆجیایەی تێدا بەکارهاتووە. هەندێک توێژینەوەش بایەخیان بەم جۆرە پێکوتەیە داوە بۆ ڤایرۆسی زیکا، ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسی نەمانی بەرگری. هەروەها بۆ پێکوتەی کۆڤید-١٩ـش ئەم تەکنەلۆجیایە بەکارهاتووە.
ئەم جۆرە پێکوتەیە شێوەیەکی دەستکاریکراوی ڤایرۆسێکی جیاوازی تێدایە وەکو گوێزەرەوە بۆ پەیداکردنی بەرگری. چەندەها ڤایرۆسی جیاواز وەکو گوێزەرەوە بەکارهاتوون وەکو ئەنفلۆنزا، VSV، سورێژە، ڤایرۆسی ئەدینۆ کە دەبێتە هۆی پەتای ئاسایی. ڤایرۆسی ئەدینۆ وەکو گوێزەرەوەی ڤایرۆسی توێژینەوەی لەسەر کراوە بۆ پێکوتەی کۆڤید-١٩.

بۆچی پێویست دەکات خۆمان بکوتین؟

بە بێ پێکوتەکان، هەمووان لەبەردەم مەترسی تووشبووندان بە چەندین نەخۆشی وەکو سورێژە، هەوکردنی پەردەی مێشک، هەوکردنی پەردەی سییەکان، دەردە کۆپان و ئیفلیجی منداڵان. زۆربەی ئەم نەخۆشییانە دەکرێت هەڕەشە بۆ سەر ژیان دروست بکەن. بە پێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پێکوتەی منداڵان بە تەنها دەتوانێت ژیانی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس ڕزگار بکات.
هەرچەندە هەندێک نەخۆشی ئێستا لەوانەیە کەم بووبێتەوە بەڵام میکرۆبەکەی هێشتا لە هەموو جیهاندا هەر بوونی هەیە هەروەها لە جیهانی ئەمڕۆماندا نەخۆشییە گواستراوەکان بە ئاسانی سنوورەکان تێدەپەڕێنن و بە ئاسانی هەموو ئەو کەسانە تووش دەکەن کە پارێزراو نین.
دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی پێکوتە وەربگرین بریتین لە پاراستنی گیانی خۆمان و ئەو کەسانەی لە چواردەورماندان. چونکە هەموو کەسێک ناتوانێت خۆی بکوتێت، بەتایبەت منداڵ یان ئەو کەسانەی نەخۆشیەکی بەهێز و جددیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی کە هەستیاریان هەیە بە هەندێک شتی دیاریکراو. ژیانی ئەوان بەندە بە کەسەکانی چواردەوریان کە خۆیان بکوتن تا ئەوانیش پارێزراو بن.

ئایا خۆکوتین سەلامە؟

کوتان پڕۆسەیەکی سەلامەتە و هەر کاریگەرییەکی لاوەکیش بەهۆی هەر پێکوتەیەکەوە بێت کاتی و کەمە وەکو برین، سووربوونەوە لە قۆڵەکان یان تایەکی مامناوەند. کاریگەری لاوەکی مەترسیدارتریش ئەگەری ڕوودانی هەیە بەڵام زۆر دەگمەنە.

هەر پێکوتەیەک کە مۆڵەتی هەبێت بە شێوەیەکی ورد چەندین جار تاقی کراوەتەوە پێش ئەوەی لەسەر ئێمە بەکاربهێنرێت و دوای بڵاوکردنەوەشی بە بەردەوام هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. توێژەرەوان و زاناکان بە بەردەوامی چاودێری زانیارییەکان دەکەن لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە بۆ ئەوەی بزانن پێکوتەکە چی مەترسییەک بۆ سەر تەندروستی دروست دەکات.
ئەو نەخۆشییانەی پێکوتەکان ڕێگری لێ دەکەن مەترسییان بۆ سەر مرۆڤەکان زیاترە وەک لە پێکوتەکان. بۆ نموونە دەردە کۆپان دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر، گرژبوونی ماسولکە، مەیینی خوێن. سورێژە دەبێتە هۆی هەوکردنی مێشک و کوێر بوون، هەندێک لەم نەخۆشییانە دەکرێت ببنە هۆی مردنیش. سوودەکانی کوتان زۆر زیاترە لە مەترسییەکان و هەموو ئەو نەخۆشی و مردنانەی کە بە بێ پێکوتە ڕوودەدەن. 

پێکوتەکان دەتوانن ڕێگری لە چی نەخۆشییەک بکەن؟

پێکوتەکان ڕێگری لە زۆر نەخۆشی جیاواز دەکەن، وەکو:

هەندێک پێکوتەش هێشتا لە ژێر توێژینەوەدان وەکو ئەو پێکوتانەی دژی مەلاریا و ڤایرۆسی زیکان.


سەرچاوەکان

158 بینین