١٢ پیاوی تووڕە (١٩٥٧)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-27-22:17:00 - کۆدی بابەت: 8409
١٢ پیاوی تووڕە (١٩٥٧)

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی فیلم

فیلمی دوازدە پیاوی تووڕە (بە ئینگلیزی: 12 angry men) بەرهەمی ساڵی ١٩٥٧ زایینیی وڵاتی ئەمریکایە و لە چەشنی درامی و یاسایی تاوانکارییە، لە دەرهێنانی (سیدنی لۆمێت) و نووسینی (ڕێجیناڵد ڕۆز) و بەرهەمهێنانی (هێنری فۆندا)ـیە، و هەریەکە لە هێنری فۆندا، ماڕتن بەڵسەم، جۆن فیدڵەر، لی جەی کۆب، ئیدوارد بینیس، جاک واردن، ئید بێگلی نواندنیان تێدا کردووە.
لە سایتی IMDB تایبەت بە هەڵسانگاندنی فیلم و زنجیرەکان نمرەی ٨.٩ـی وەرگرتووە و لە ڕیزبەندی پێنجەم باشترین فیلمی مێژوودایە.
ماوەی فیلمەکە کاتژمێرێک و ٣٦ خولەکە تێچووەکەی زیاتر بوو لە ٣٣٧٫٠٠٠ دۆلار و داهاتەکەی گەشتە دوو ملیۆن دۆلار.

چیرۆکی فیلم

پێویستە لە دادگادا ١٢ پیاو بڕیار بدەن لەسەر لەسێدارەدانی مێردمنداڵێک کە تاوانبار کراوە بە کووشتنی باوکی و هەموو بەڵگەکان ئاشکران و لە دژی مێردمنداڵەکەن، ڕۆژێکی زۆر گەرمی هاوینە و ئەم ١٢ پیاوە لە ژووری دەستەی سوێند خواردندان، دەبێت هەموویان یەک ڕایان هەبێت لەسەر تاوانباربوون یاخود بێ تاوانی مێردمنداڵەکە.
تەواوی فیلمەکە لەو ژوورەدا وێنە گیراوە تەنها سێ خولەکی نەبێت کە لە دادگاکەدایە، بیروبۆچوونی جیاوازی ئەم دوازدە پیاوە مشتومڕی زۆری لێ دەکەوێتەوە و قوورسە بتوانن پێکەوە بڕیارێک بدەن.

دەربارەی دوازدە پیاوەکە

سوێندخۆری ژمارە یەک - ماڕتن بەڵسەم

سەرۆکی دەستەکەیە و کەسێکە کە حەزی بە سەرۆکایەتی هەیە و زووش زوویر دەبێت، پیشەی ڕاهێنەری تۆپی پێیە لە قوتابخانە

سوێندخۆری ژمارە دوو - جۆن فیدڵەر

کەسێکی سادە و میهرەبانە و گوێ بۆ ڕاستییەکان دەگرێت و بەلایەوە سەرنجڕاکێشن، پیشەی کارمەندی بانکە

سوێندخۆری ژمارە سێ - لی جەی کۆب

پیاوی سێیەم کەسێکی تووڕە و ئینکارە، کێشە کەسییەکانی خۆی تێکەڵ بە کەیسەکە دەکات و بەردەوام تووڕە دەبێت، خاوەن پیشەی خزمەتگوزاری نامە گەیاندنە.

سوێندخۆری ژمارە چوار - ئی جی مارشڵ

کەسایەتییەکی بەهێزە و متمانەی زۆری بەخۆی هەیە، کەسێکی زیرەکە و بەدوای بەڵگەکاندا دەگەڕێت، پیشەی ئەندازیاری ڕێکخستنە.

سوێندخۆری ژمارە پێنج- جاک کڵەگمن

کەسێکە کە منداڵی لەناو کۆڵانێکی پڕ بکوژدا بەسەر بردووە، پیشەی کرێکارە.

سوێندخۆری ژمارە شەش - ئێدوارد بینیس

کەسێکە کە زۆر ڕێز لە کەسانی تر دەگرێت و ئاقڵانە بیردەکاتەوە، پیشەی وێنەکێشە.

سوێندخۆری ژماره حەوت - جاک واردن

کەسێکی خۆپەرستە و گوێ بە هیچ کەس و شتێک نادات، لە هەموو بارودۆخێکدا تەنها دەیەوێت بە هەر نرخێک بووە کارەکەی خۆی سەربگرێت، پیشەی فرۆشیارە.

سوێندخۆری ژمارە هەشت - هێنری فۆندا

کەسێکە کە نایەوێت بەخێرایی بڕیار لەسەر هیچ شتێک بدات و پێی وایە دەبێت گوێ بە بچووکترین وردەکاری بدرێت و زوو بڕیار نەدرێت، متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەیە و دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر کەسانی دەوروبەری، پیشەی تەلارسازە

سوێندخۆری ژمارە نۆ - جۆسێف سوینی

پیرەپیاوێکی زیرەک و وردبینە و کاریگەری هەیە لەسەر کەسانی دەوروبەری، خانەنشین کراوە لە پیشەکەی.

سوێندخۆری ژمارە دە - ئێد بێگڵی

کەسێکی دەمارگیرە و دەیەوێت بە خۆدەرخستن و هاوارکردن سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، بەخێرایی بڕیاری هەڵە دەدات لەسەر کەسانی تر، خاوەن سێ گەراجی میکانیکییە.

سوێندخۆری ژمارە ١١ - جۆرج ڤۆسکۆڤاس

کەسێکی بەئەدەب و ڕێکوپێکە، کەسایەتییەکی تایبەتی هەیە، خاوەن دووکانی کاتژمێرە.

سوێندخۆری ژمارە ١٢- ڕۆبێرت وێبەر

کەسێکی بێ‌ئاگایە و بەگشتی بێدەنگە و بەدرێژایی کۆبوونەوەکە هیچ ڕایەکی نییە و لە کۆتا دەنگدانیدا ڕای خۆی دەڵێت، پیشەی بڵاوکەرەوەیە.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • دەرهێنەری فیلمەکە تەواوی نواندنکارەکانی ناچار دەکرد کە چەند کاتژمێرێکی زۆر لە ژووردا بمێننەوە و دیالۆگەکان دووبارە بکەنەوە، تاکوو بتوانن کەسایەتی خۆیان لەو کارەکتەرەدا بەباشی بدۆزنەوە و بەرجەستەی بکەن.
  • سەرەتا بڕە پارەیەکی باش نەبوو بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە و هێنری فۆندا خۆی تێچووی فیلمەکەی گرتە ئەستۆ، بەڵام دواتر داهاتێکی باشی کۆکردەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئەو هەمیشە بە یەکێک لە باشترین ئەو فیلمانەی دادەنێت کە خۆی کاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە.
  • هێنری فۆندا هەرگیز سەیری نواندنی خۆی نەکردووە لە فیلمەکانیدا، بەڵام لەژێر فشاری سیدنی لۆمێتی دەرهێنەردا سەیری ئەم فیلمەی خۆی کرد، دوای سەیرکردنی فیلمەکە وتی: "سیدنی، بەڕاستی جوانبوو!".
  • وێنەگرتنی فیلمەکە دابەش دەبێت بۆ سێ بەش، لە سەرەتای فیلمەکەوە کامێراکە دوورتر کەسایەتییەکانی دەردەخست و کامێراکە لەسەرو ئاستی چاویانەوە بوو، دواتر وردە وردە کامێراکە دەهاتە سەر چاویان و لە کۆتا ساتەکانی فیلمەکەشدا لە ژێرەوە وێنەی فیلمەکە دەگیرا بەرەو سەرەوە دەچوو و نزیک دەبوویەوە لە ڕووخساریان، ئەمەش بۆ ئەوەی بینەر بۆ خۆی ڕابکێشێت و هەست بە نزیکبوونەوە بکات لێیانەوە.
  • وێنەگرتنی فیلمەکە لەماوەی ٢١ ڕۆژدا کۆتایی پێ هاتووە و تەواوی لۆکەیشنەکانی فیلمەکە لە شاری نیویۆرک گیراوە.
  • تەواوی فیلمەکە لە سێ ژووردا کاری نواندنی بۆ کراوە، ٨٧ خولەکی فیلمەکە لە ژووری دەستەی سوێندخواردن وێنەی گیراوە، و پێنج خولەکی لە دەست شۆرەکە و سێ بۆ چوار خولەکیش لە دەرەوەی ژووری سوێندخواردن.
  • پیاوی حەوتەم بەدرێژایی فیلمەکە ٢٨ جار سەیری کاتژمێرەکەی کرد.
  • دوای ئەوەی پیاوی چوارەم بە پیاوی دەیەمی وت: "دانیشە و دەمت مەکەرەوە"، ئەویش لە وەڵامدا ڕستەیەکی وت، ئەوە کۆتا ڕستەی پیاوی دەیەم بوو و تاکوو کۆتایی فیلمەکە دەمی نەکردوەوە و لە دەنگدانی کۆتایشدا تەنها بەسەر ئاماژەی کرد.
  • هەر دوازدە پیاوەکە مردوون و لە ژیاندا نەماون.
  • لەگەڵ ئەوەی هەوای ژوورەکە زۆر گەرم بوو و هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوەشی لێ نەبوو، بەڵام پیاوی چوارەم تاکە پیاو بوو تاکوو کۆتایی دانیشتنەکە چاکەتەکەی لانەبرد.

پەیامەکەی

  • فیلمی دوازدە پیاوی تووڕە بە جادووی نێو سینەما دادەنرێت، جادوویەک کە بینەر دەستەمۆ دەکات و زیاتر لە کاتژمێر و نیوێک لە خۆیدا نوقمی دەکات.
    ئەویش بۆ فیلمێک کە نەک چەند لۆکەیشنێک و شێوازی جیاوازی تێدا نییە، بگرە تەنها فیلمێکی ڕەش و سپییە ، هەمووی پێکهاتووە لە دیالۆگ و قسەکردن بەڵام ئەو توانایەی هەیە بتوانێت وا لە بینەر بکات کە چێژی لێ ببینێت و ئەگەر چەندین جاری تریش بیبینێتەوە هەر هەمان چێژی هەیە و دووبارە نابێتەوە لەلای.
  • فیلمەکە پەیامی زۆر جوانی هەڵگرتووە، وەک ئەوەی چۆن ڕای کەسێک دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر کەسانی تر، بیرکردنەوە وادەکات کەسانی تریش بتوانن بیربکەنەوە و زوو بڕیار نەدەن.
  • متمانە بەخۆبوونی کەسێک گومانی هەیە لە کەیسەکە و پێی وایە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت و بەخێرایی بڕیاری لەسەر نەدرێت، بەڵام هەموان دژی دەوەستنەوە، بەبێ گوێدانە ڕای ئەوانی تر بەدەوام دەبێت لە بەدواداچوون و پەلە ناکات.

خەڵاتەکان

  • براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی لە فێستیڤاڵی بافتا
  • پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین دەرهێنەر بۆ سیدنی لۆمێت
  • پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین سیناریۆی نموونەیی بۆ ڕێجیناڵد ڕۆز
  • پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم
  • پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ بۆ باشترین فیلمی درامی
  • پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ بۆ باشترین نواندنکاری ڕۆڵی سەرەکی بۆ هێنری فۆندا 
  • پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ بۆ باشترین دەرهێنەر بۆ سیدنی لۆمێت 
  • پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گۆڵۆپ بۆ باشترین نواندنکاری پاڵپشت بۆ لی جەی کۆب


سەرچاوەکان



749 بینین