پشکۆی هۆنراوە - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-29-22:48:00 - کۆدی بابەت: 8438
پشکۆی هۆنراوە - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

پشکۆی هۆنراوە

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: ئاوات و ڕەنج 

هۆنراوە: پشکۆی هۆنراوە

بۆ هۆنراوەی جوان ڕازاوە و بەتام
چیای سەخت و پێدەشت گوڵزار گەڕام

لە گزنگ و زەردەپەڕ و هاژەی چەم
لە نیگای گەش، زەردەخەنە و بزەی دەم

لە ئەستێرەی پێروزەیی و لە ورشەی
لە گوڵاڵەی ئاورنگ چێژ و لە پرشەی

زۆر هۆنراوەم چنی نازدار و ناسک
بۆ دڵخوازی شیرینم کرد بە دەسک

بەڵام دەنگی کڕوزانەوەی کۆرپە
کاتێ ڕشتی لە دڵما ژیلەی خورپە

سۆزی گریەی ئەو دایکەی لە ئاگرا
جەرگی وەکو چراوگێ لە ئاگرا هەڵکرا

لە هێزی خست دەست وپەنجەی هۆنراوەم
کەوتە ناوگڕ چەپکە شیعری ڕازاوەم

ئێستەش هەرچی پێی بڵێن شیعری تازە
جوان و پاراو، تیای بێ ورشە و ئاوازە

هۆنراوەیەک پێی بڵێن بێ هاوتایە
لە دڵی من هەڵناقوڵێ و دەر نایە

باخی شیعرم شپرزەی خوێن و ئەشکە
کانیی بەهرەم وەکو گەرووی خۆم وشکە

لایلایە کەی خەوی خۆش خۆش بە کۆرپە بین
نەغمەی خۆش و دڵ بزوێنی بوو بە شین

بەستەی خۆش و تەڕ و بڕی دڵخوازی
بۆ بووکی گڕ ژیان کردی بە جیازی

هۆنراوەی ورد کامی خۆش و بەتامە
کە دڵ بە سۆز نایە سەر نووکی خامە

دێڕ دێڕ سزا، قەترەی خەمی پیا تکان
بەسەردڵی پەروەردەی خەمما لکان

تۆش داوات کرد شیعرێێ بڵێم ڕەنگا و ڕەنگ
وەکو بەژنی کچێکی جوان شۆخ و شەنگ

باسی چاو بێ، هی دەمی ئاڵ و گەردن
قژەی زەرد و کوڵمی ناسک و خرپن

بەڵام ئەبێ لەمەودوا وەک ئەم ژینە
کە هە مووی خوێن کڵپە و گڕی بەتینە

شیعری منیش بە تەنیا ڕەنگی سوور بێ
لە دڵداری و بەستەی ناسک بە دوور بێ

تازە ڕابوورد ئەو سەردەمەی هۆنراوەم
باسی جوانیی باڵا بوو، کوڵم و پەرچەم

هەرچیم هەیە، لە ئۆقرەی دڵ لە تاسە
هەمووم بەخشی بەو مناڵە کەساسە

ئەبێ شیعرم لە گڕاپەروەردە بێ
باسی ژینی سامناکی ئەم کوردە بێ

ئەی فریشتەی هۆنراوەی ئاگرینم
ئەی بەخشندەی وشەی بەسۆز و تینم

ملم لارت ئەپاڕێمەوە لە تۆ
پێم ببەخشی هۆنراوەیەک پشکۆ

هەرئەم جارەو ئیتر داوام کۆتایە
هەرچەند ئەکەم شیعری سوورم بۆنایە


سەرچاوەکان



528 بینین