ناوهڕۆك
پیانۆ
شاعیر: کامەران موکری
بەرهەم: ئاوات و ڕەنج
هۆنراوە: پیانۆ
لە تیشکی کوڵم و گەردنی
بریسکەی خونچەی ئاڵی دەم
هۆنراوەی جوانم بۆ چنی
بۆم پێچا بە تاڵی پەرچەم
***
لەسەر پیانۆی خەندەی بەکوڵ
بە پەنجەی ئاگرینی کام
بۆ کۆرپەلەی ئارامی دڵ
ئاوازم لێ ئەدا بەتام
***
ئەستێرەم لێ ئەدا لە قژی
مانگم ئەکرد بە تاس کڵاو
تریفەی سەنگیم ئەمژی
بە لێوی هەستی پڕ گوڵاو
***
بە شنەی نیای شەماڵ
کاتێ پرچیم ئەکرد شانە
هەستم بۆ شەوقی کوڵمی ئاڵ
یەکسەر ئەبوو بە پەروانە
***
شەرمی ئەڕشتە سەر ڕوومەت
چاوی بەنازی لێک ئەنا
تەزووی دڵداریی بەلەزەت
بە ناو دڵما هەڵئەزنا
***
بەڵام ژینم وەک شەوێ بێ
لەناکاوا بڕایەوە
ئەو خۆشیەم وەک خەوێ بێ
لە ئەشکی چاوا توایەوە
***
چریوەی مەلێ بوو نەما
یا شەقەی باڵی هوزارێ
تیشکێ بوو ون بوو لە تەما
«شۆخی ناسکی نازدارێ»
سەرچاوەکان
415 بینین