سروشت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-16-22:12:00 - کۆدی بابەت: 8676
سروشت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سروشت (بە ئینگلیزی: Nature) (بە عەرەبی: طبیعة) چەمکێکی فراوانە کە بە جیهان و دنیای بەرجەستە دەوترێت، خوێندنی سروشت بەشێکی گەورەی زانست دەگرێتەوە، هەروەها مرۆڤەکان بەشێکن لە سروشت، چالاکی مرۆڤ زۆرجار وەک جۆرێکی جیاواز لە شتەکانی تری سروشت دادەنرێت.

سروشتی زەوی

زەوی تاکە هەسارەیە کە بە پشتگیری ژیان دەناسرێت، سروشتە جیاکەرەوەکەی بابەتی زۆربەی بوارەکانی توێژینەوە زانستییەکانە، لە سیستمی خۆردا سێیەم هەسارەیە لە نزیکی لە خۆرەوە، پێنجەم گەورەترین هەسارەیە لە هەموو هەسارەکاندا، دیارترین جیاکەرەوەی کەشوهەوای زەوی دوو ناوچە جەمسەرییە گەورەکەیەتی، دوو ناوچەی تا ڕادەیەک سنوورداری پلەی گەرمی، هەروەها خولگەیەکی کەمەرەیی فراوان بۆ ناوچەی نیمچە خولگەیی، نزیکی ٧١٪ توێکڵی زەوی بە ئاوی سوێری زەریاکان داپۆشراوە، ئەوەشی دەمێنێتەوە لە دوورگەکان و کیشوەرەکان پێکدێت.
زەوی بە پڕۆسەی جیۆلۆجی و بایۆلۆجیدا تێپەڕیوە تاکوو شێوەی وەرگرتووە، توێکڵی زەوی بەسەر چەندین چینی یەک لەدوای یەکی ڕێکخراودا دابەش بووە، کرۆکی زەوی لە چینێکی تەنکی داپۆشەری پلاستیکی پێکهاتووە و ناوەوەی بە ئاسن پڕکراوەتەوە کە کێشکردنی موگناتیسی زەوی ڕێکدەخات، ئەم کرۆکە ئاسنە لە دۆخی ناوەکیی ڕەق و دۆخی دەرەکیی شل پێکهاتووە.

سروشتی کەشوهەوا و بەرگەهەوای زەوی

بەرگەهەوای زەوی هۆکاری سەرەکی بەردەوامیی سیستمی ژینگەییە، چینە تەنکەکەی گازەکان کە زەوی گرتووەتەوە بەهۆی کێشی زەوییەوە جێگیر بووە لە نزیکی زەوی، زۆربەی پێکهاتەی هەوا بریتییە لە نایترۆجین، ئۆکسجین، هەڵمی ئاو، لەگەڵ بڕێکی کەمی ئۆکسیدی کاربۆن و ئارگۆن و چەند گازێکی تر.
چینی ئۆزۆن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێگریکردن لە گەیشتنی تیشکی زیانبەخشی سەروبنەوشەیی بۆ سەر ڕووی زەوی، هەروەها بەرگەهەوای زەوی بە درێژایی شەو پلەی گەرمی دەپارێزێت و بەو جۆرە تا بگونجێت پلەی گەرمی ڕۆژ دادەبەزێنێت.
کەشوهەوای نزیکی زەوی زۆربەی لە بەشی نزمی بەرگەهەوای زەویدا ڕێکدەخرێت، کە ئەمەش وە سیستمێکی پەیوەست خزمەف دەکات بۆ دابەشکردنی گەرمی. تەوژمی زەریاکان هۆکارێکی تری گرنگە لە دیاریکردنی کەشوهەوادا، ئەم تەوژمانە یارمەتیدەرن بۆ بوونی جیاوازی کەشوهەوا لەنێوان زستان و هاویندا لە ناوچەکانی کەشوهەوادا، هەروەها بەبێ بوونی دابەشبوونی وزەی گەرمی لەلایەن تەوژم و بەرگەهەوای نزیک زەریاکانەوە، ناوچەکانی یەکسان بوون زیاتر گەرم دەبن و ناوچە جەمسەرییەکان زیاتر سارد دەبن.

ئاوی ڕووی زەوی

ئاو ماددەیەکی کیمیاییە کە لە هایدرۆجین و ئۆکسجین پێکدێت و شێوگە کیمیاییەکەی بریتییە لە (H2O)، سەرچاوەی ژیانی هەموو زیندەوەرانی سەرزەوییە، زیاتر لە شێوە یان دۆخی شلیدا بەکاردێت، بەڵام دۆخی ڕەقی و گازیشی هەیە، کە دەبێت بە سەهۆڵ یان هەڵمی ئاو، نزیکەی ٧١٪ ڕووکاری زەوی بە ئاو داپۆشراوە، زۆربەی ئاوی ڕووی زەوی لە زەریاکان و سەرچاوە گەورەکانی تری ئاودایە، هەروەها ١٫٦٪ لە ژێر زەوی و ٠٫٠٠١٪ وەک هەڵم و هەور و نیشتوو لە هەوادایە، زەریاکان نزیکەی ٩٧٪ ئاوی زەوییان تێدایە. ڕووبارە سەهۆڵییەکان و بەستەڵەکەکانی جەمسەری زەوی نزیکەی ٢٫٤٪ ئاوی ڕووی زەوییان تێدایە، نزیکەی ٠٫٦٪ دەکەوێتە ڕووبار و دەریاچە و گۆماوەکانەوە، هەروەها بڕێکی زۆر کەمی ئاوی زەوی لە لەشی زیندەوەران و بەرهەمە پیشەسازییەکاندایە.

سیستمە ژینگەییەکان

سیستمی ژبنگەیی لە پێکهێنەری جیاوازی زیندەیی و نازیندەیی پێکدێت کە بەشێوەیەکی پەیوەست بەیەکەوە کاریگەرییان هەیە لەسەر یەکتر، شێوە و پێکهێنانی ژینگە بە چەندین هۆکاری ژینگەیی پەیوەست کاری تێدەکرێت، هەمەجۆری ئەم هۆکارانە سەرچاوەی گۆڕانی کردەیی سیستمی ژینگەن، هەندێک لە پێکهێنەرە گرنگەکان بریتیین لە خاک و بەرگەهەوا و تیشکی خۆر و ئاو و زیندەوەرە ئەندامییەکان.

سروشتی کێوی

سروشتە کێوییەکان بەو ناوچانە دەوترێت کە چالاکی مرۆڤ پێیان نەگەیشتووە و کاری لێنەکردوون، ناوچە کێوییەکان دەکرێت لە کێڵگە و بیابان و ناوچەی پارێزراو و ناوچەی ژیانی ئاژەڵان و دارستانی سروشتی و پارکی سروشتی و تەنانەت ناوچە سروشتییە شارستانییەکانی نزیکی ڕووبارەکان و ناوچە دواکەوتووەکان پێکبێت.
ناوچە کێوییەکان و پارکە پارێزراوەکان وەک ڕزگارکەرێکی گرنگی جۆرە سەرەکییەکانی زیندەوەران و لێکۆڵینەوە ژینگەییەکان و چاکسازی دارستان و ڕووبارەکان و تاکەکانی زیندەوەران دادەنرێن. هەندێک لە نووسەرە ژینگەییەکان باوەڕیان وایە کە ناوچە کێوییەکان گرنگن بۆ ڕۆحی مرۆڤ و داهێنان.


سەرچاوەکان



8989 بینین