لە زیندانەوە - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-23-22:41:00 - کۆدی بابەت: 8762
لە زیندانەوە - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

لە زیندانەوە

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: ئاگر و ژیلە

هۆنراوە: لە زیندانەوە

ئاسمان وەکوو، کەلەبێژنگ
ئاوات، ئەبارێنێ بەچنگ

بە چاوی خەیاڵ دوور «لە دەشت»
کچان دەبینم دێن بۆ «گەشت»

سەوزەگیایە، گوڵە، هۆزار
قاقایە، تریقەی نازدار

یادی ئێوە، هاوڕێینە
لە باخی دڵمان شیرینە

***

نوێنەکەم و قوژبنی ژوور
پەنجەرەی بچکۆلانەی سوور

پەرەمێزی دووکەڵاوی
خولیای شێواو و، تەماوی

سڵاوتان لێئەکەن هەموو
لە ئێوە و، لە کێل و مردوو

لە ئێوە و لە گردی سەیوان
لە گزنگ و لە ئەرخەوان

***

ژیانی من هاوڕێینە
وشکە، بێتامە، خەمگینە

ژیانم وەک، یەک گۆرانی
بە شەو، هاکو بەیانی

بەیانیش تا شەو، دێ و، درەنگ
کە هاوڕێکان ئەبن بێدەنگ

وەک یەک گۆرانییە و بێتام
وەک بەستەی یەکێکی نەفام

سڵاو لە ئێوە و لە قەڵبەز
لە ئەزمەر و، دیمەنی ڕەز

زیندان ناخۆشە، تەنگ و مات
گەرچی «وچانە، بۆ خەبات»

بەڵام هەر نوێنە و پەڕۆی خوان
زنجیرەکەم و نەختێ نان

هەزار سڵاو لە خاکەکەم
کە خۆمی بۆ وا لێئەکەم

١٩٥٧


سەرچاوەکان



402 بینین