قەڵای هەولێر

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-09-12:15:00 - کۆدی بابەت: 8948
قەڵای هەولێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەڵای ھەولێر یان قەڵات (بە ئینگلیزی: Erbil Citadel، بە عەرەبی: قلعة أربيل) تەپۆڵکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە بە ڕووبەری ١٠٢٫١٩٠ مەتری چوارگۆشە لە ناوڕاستی شاری ھەولێر دروستکراوە، کە لە کۆنەوە ناوەندی شاری ھەولێر بووە، هەروەها قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە لە جیهاندا کە تاکو ئێستا ژیانی تێدابێت و تەمەنی نزیکەی هەشت هەزار ساڵە.

دەربارەی قەڵاکە

قەڵاکە دەکەوێتە ناوەندی شاری هەولێر، تەپۆلکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە، ڕووبەرەکەی ١٠٢,١٩٠ مەتری چوارگۆشەیە و لە ناوڕاستی شاری ھەولێر دروستکراوە، ٤١٥ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و  ٢٦ مەتر لە ئاستی ڕووی شاری ھەولێر بەرزە کە لە بەرزترین شوێنی شاردایە دەگاتە نزیکەی ٣٠ مەتر و خانووەکانی لە قوڕ دروستکراون. بەدەیەها کەلوپەل و پارچەی گڵێنە و پەیکەری گیانلەبەر و جل و بەرگی جۆراوجۆری تێدا دۆزراوەتەوە. پێكهاته‌ شارستانیه‌كه‌ى پێك هاتووه‌ له‌ تۆڕێكى ئاڵۆز و كۆڵانى ته‌نگه‌ به‌ر و باریكى پیاده‌ڕۆ، هه‌روه‌ها خانووى كولتووری تێدایە‌ كه‌ خاوه‌نى حه‌وشه‌ى كراوه‌ن، قه‌ڵای هه‌ولێر دیوه‌خانه‌كان، ته‌كیه‌كان، خانووى كولتووری، باڵه‌خانه‌ گشتییه‌كان، حه‌مام، مزگه‌وت و خانووى گه‌وره‌ تێیدا بوونى هه‌یه‌. هەروەها‌ خاوه‌نى 3 گه‌ڕه‌كى فراوانه‌ ئه‌وانیش سه‌را و ته‌كیه‌ و تۆپخانه‌یە. دیواری قەڵاکە یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌ره‌ ناوازه‌كانى، كه‌ له‌ ڕووى توند و تۆڵییه‌وه‌ زۆر پته‌و و بەهێزە، ئه‌م دیواره‌ى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ڵا به‌ شێوه‌یه‌كى بازنه‌یی به‌ده‌ورى قه‌ڵاکەدا خولاوه‌ته‌وه‌ و دیمه‌نێكى جوان و ناوازه‌یان بە شار بەخشیووە. له‌ كۆندا خاوه‌نى دوو ده‌روازه‌ى سه‌ره‌كى بووه‌ ئه‌میش ده‌روازه‌ى گه‌وره‌ى باشوور و ده‌روازه‌ى گه‌وره‌ى باکوور، له‌ پێشوودا هه‌ریه‌ك له‌و ده‌روازانه‌ خاوه‌نى ده‌رگاى تایبه‌تى بووە. بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٥ قەڵای هەولێر یەک هەزار و ٦٣١ کەسی تێدا ژیاوە و ٢٤٧ ماڵیشی تێدابووە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ قەڵاکە چۆڵکراوە تاکو ناسنامەی خۆی وەک شوێنەوارێکی دێرینی جیهان ون نەکات. ئەم قەڵا دێرینە لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ڕێکخراوەی یونسکۆوە بە یەکێک لە گرنگترین ١٠٠ شوێنەواری جیھان دەستنیشانکراوە کە پێویستە وەک کولتوورێکی مرۆڤایەتی پارێزگاری لێبکرێت.

مێژووی قەڵاکە

مێژووی قەلای ھەولێر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و ھەزاران ساڵ پێش زایین، ئەم قەڵایە لەلایەن جوولەکەکان و ئاشوورییەکانەوە بنیاتنراوە تەپۆلکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە، ھەندێک بیروڕا ھەیە دەڵێت قەڵای ھەولێر لەوەی ئێستا بەرزتر بووە، بەڵام لە ساڵی ٢١٦ـی زایینی ئیمپراتۆڕی ڕۆمانیا (کراکلا) لە کاتی ھێرشی بۆ سەر تیسفۆن بە ھەولێردا ڕۆیشتووە و تەپۆلکەکەی قەڵا کە گۆڕستانی پاشا فۆرسییەکان بووە ڕووخاندوویەتی و ئێسکوپروسکی مردووەکانی دەرھێناوە. قەڵای هەولێر بە سەردەمی سۆمەرییەکان، ئاشوورییەکان، ساسانیەکان، مەغۆلەکان، کریستیانەکان و عوسمانییەکاندا تێپەڕیووە و لە سەرەتای دروستبوونیەوە پەرستگای جیاوازی جووەکان، مەسیحییەکان و مووسوڵمانەکانی تێدا دروستکراوە. تەمەنی قەڵای ھەولێر بە تەواوی دیار نییە، بەڵام لەسەروبەندی ساڵی ٢٠٠٠ پێش زایینی لە نووسراوەکانی پاشای سۆمەری (شۆلکی) بە ناوی (ئوربیلیم- urbilum) ھاتووە. لەو کاتە بە دواوە و لەسەرجەم چاخەکان باس لە ھەولێر کراوە، ساڵی ١١٩٠ زایینی سوڵتان موزەفەرەدین دەبێتە فەرمانڕەوای ھەولێر و لەماوەی ٤٢ ساڵی فەرمانڕەوایەتی ھەولێر زۆر دەگەشێتەوە و لەم ماوەیەدا بەشی خوارووی ھەولێر (دەرەوەی قەڵا) دروست دەبێت، بەپێی نەخشەیەکی ساڵی ١٢٣٣ـی زایینی لە خوارووی قەڵا دوو قوتابخانە و دوو مزگەوت و بازاڕی قەیسەری و بەشێکی گەڕەکی خانەقا ھەبوو و ئەم ھەمووەش بە شورایەکی درێژ دەورە دراوە، ڕووبەری سێ کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە.


سەرچاوەکان

2282 بینین