عاشوورا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-12-17:09:00 - کۆدی بابەت: 8985
عاشوورا

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

عاشوورا (بە عەرەبی: عاشوراء) یاد و بۆنەیەکی ئایینیە لە ئیسلامدا، ئەو ڕۆژە دەکەوێتە ڕۆژی دەی مانگی موحەڕەم کە یەکەمین مانگە لە ڕۆژژمێری کۆچیدا.
بەڵام هەریەک لە پەیڕەوانی ڕێبازی سوننە و شیعە لە ئیسلامدا بە هۆکاری جیاجیا یادی ئەم بۆنەیە دەکەنەوە، ئەم یادە لەلای سوننەکان هێمای ڕزگاری و خۆشییە چونکە خوا پێغەمبەر مووسا و گەلەکەی لەدەست فیرعەون ڕزگار کرد، پاشان بۆ سوپاسگوزاری ئەو ڕووداوە پێغەمبەر مووسا بەڕۆژوو بوو، پێغەمبەر ﷺ بۆ بەردەوامی بە ڕێبازی ئەو فەرمانی ڕۆژووگرتنی ئەم ڕۆژەی بە موسڵمانان داوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم ڕۆژە لەلای شیعەکان یادێکی کارەساتبارە، بە ڕێوڕەسمی ئایینی تایبەت بە شیوەن و لەخۆدان یادی شەهیدکردنی ئیمامی حسێنی کوڕی عەلی دەکەنەوە کە لەو ڕۆژەدا لە ساڵی 61ـی کۆچی شەهید کراوە.

عاشوورا لە ڕووانگەی پەیڕەوانی ڕێبازی سوننەوە

بەپێی فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ و گێڕانەوەکانی هاوەڵان ئەم ڕۆژە بۆنەیەکی خۆشییە و هێمای ڕزگارییە.
لە گێڕانەوەی فەرموودە سەحیحەکاندا هاتووە کە کاتێک موسڵمانان کۆچی شاری مەدینەیان کردووە، پێغەمبەر ﷺ تێبینی کردووە کە جوولەکەکانی شاری مەدینە لە ڕۆژی عاشوورا بەڕۆژوو دەبوون، بۆیە پرسیاری لێکردوون و ئەوان وتوویانە ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە ڕۆژی ڕزگارییە، چونکە خوا پێغەمبەر مووسا و گەلەکەی کە نەوەی ئیسرائیلیەکانن لە دەستی فیرعەون و دارودەستەکەی ڕزگار کردووە، ئەوان لە ڕێگەی بەرچووی کەرتکردنی ئاوی ڕووباری نیلەوە لە دەستی فیرعەون هەڵهاتوون و فیرعەون سەربازەکانیشیەە نوقمی ڕووباری نیل بوونە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی "ئێمە لەپێشەنگترین بۆ موسا"، بۆیە بەڕۆژوو بووە و فەرمانی کردووە کە لەو ڕۆژەدا موسڵمانا بەڕۆژوو بن، ئەم فەرموودەیە بوخاری گێڕانەوەی بۆ کردووە.

ڕۆژووگرتنی ڕۆژی عاشوورا

ڕۆژووگرتنی ڕۆژی عاشوورا لەلای حەنەفی و حەنبەلییەکان بە واجب دادەنرێت، بەڵام لەلای شافیعییەکان بە سوننەتێکی موئەکەدە هەژمار دەکرێت و بە فەرز دانانرێت، لە ڕۆژی نۆی موحەڕەمی هەموو ساڵێکی کۆچی موسڵمانانی پەیڕەوی سوننە لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
ڕۆژووگرتنی ئەو ڕۆژە خێر و چاکەی زۆری بۆ موسڵمانان تێدایە، بە پێی گێڕانەوەی فەرموودەکان، ڕۆژووگرتنی ئەم ڕۆژە دەبێتە هۆی سڕینەوەی گوناهـ و تاوانی ساڵێک پێشتری کەسی موسڵمان.
هەروەها بۆ ئەوەی ڕۆژووی موسڵمان لە جوولەکەکان جیاواز بێت، پیغەمبەر ﷺ کاتێک لە ڕۆژی عاشوورا بەڕۆژوو بووە، بڕیاری داوە کە ساڵی داهاتوو ڕۆژێک پێش عاشوورایش کە پێی دەوترێت تاسووعا و نۆیەمین ڕۆژی موحەڕەمە بەڕۆژوو ببێت، واتا ڕۆژی تاسووعا و عاشوورا بەڕۆژوو بێت، بەڵام تەمەنی پێغەمبەر ﷺ نەگەیشتە ساڵێک دواتر و کۆچی دوایی کرد، بۆیە لە ئێستادا بەشێکی زۆری موسڵمانان لە ڕۆژی نۆیەم و دەیەمی مانگی موحەڕەم بەڕۆژوو دەبن.

عاشوورا لە ڕووانگەی پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەوە

ئەم ڕۆژە لەلای شیعەکان بە ڕۆژێکی مەرگەسات و خوێناوی هەژمار دەکرێت و هەموو ساڵێک لە شاری کەربەلا یادی دەکەنەوە، ئەوان پێیان وایە کە ئیمام حسێنی کوڕی عەلی کچەزای پێغەمبەر ﷺ لەو ڕۆژەدا شەهید کراوە، لە دەی موحەڕەمی ساڵی 61ـی کۆچی بەرامبەر 680ـی زایینی لە "جەنگی کەربەلا"ئەم ڕووداوە ڕووی داوە، ئەم جەنگە  لە نێوان لەشکری یەزیدی کوڕی مەعاوییە و ئیمام حسێن ڕوویداوە، لە ئەنجامدا ئیمام حسێن و 72 کەس لە هاوەڵانی شەهید کراون.
ساڵانە سەدان هەزار کەس لە عێراق، لوبنان، بەحرەین، ئێران، پاکستان، ئەفغانستان و هیندستان، هەموو ئەو وڵاتانەی شیعەنشینن یادی ئەم بۆنەیە بە ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆیان دەکەنەوە. له پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق مەراسیمی تایبەت ئەنجام دەدرێت، مەزارگاکانی شاری کەربەلا و نەجەف و ناوچەی کازمییە لە بەغداد دەیان هەزار گەشتیاری شیعە لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق سەردانی دەکەن.
مەڕاسیمەکانی شیعە جیاوازە و لە ناوچەکانی خۆیان ئەو یادە دەکەنەوە، شیعەکان بە دەستە و کۆمەڵ لە ناوچەکانی خۆیانەوە دەردەچن بۆ ئەوەی بچنە سەردانی مەزارگاکانی کەربەلا کە پێیان وایە گۆڕی ئیمام حسێن و عەباسی برای لە مەزرگاکانی نەجەفن و بە شوێنێکی پیرۆز دادەنرێت، هاوکات دووریی هەندێک ناوچەی عێراق لە کەبەلاوە دەگاتە 700 کیلۆمەتر، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بەپێ و بەبێ بەکارهێنانی ئامرازەکانی گواستنەوە سەردانی ناوچە پیرۆزەکانی کەربەلا دەکەن، 
بەشداربووان بە جلی ڕەشەوە و بە شیوەن و گریان و لەخۆدان دەکەونە ڕێ تا دەگەنە شوێنی مەبەست. 
کاتی مەراسیمەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دەی موحەڕەمەوە دەست پێدەکات تا نیوەشەو بەردەوام دەبێت، بەشداربووان بە زنجیر و کەرەستەی تایبەت لەخۆیان دەدەن و ئازار بە خۆیان دەگەیەنن.


سەرچاوەکان



576 بینین