ڕیدلەر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-17-23:55:00 - کۆدی بابەت: 9063
ڕیدلەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕیدلەر (بە عەرەبی: ریدلر، بە ئینگلیزی: The riddler), کەسایەتییەکی خەیاڵی و خراپەکارێکی مەزنە لەلایەن کۆمیکەکانی دیسییەوە بڵاودەکرێتەوە. ڕیدلەر بە یەکێک لە تاوانبارە بلیمەتەکانی شاری گاسەم دادەنرێت، زۆر حەزی لە مەتەڵ، پەزڵ و تەڵەی مەرگە لە پلانەکانیدا بەکاریان بهێنێت. کەسایەتی ڕیدلەر لەلایەن بیڵ فینگەر و دیک سپرانگەوە دروستکراوە و یەکەمین دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ لە کۆمیکی (Detective comics #140 )، بووە بە یەکێک لە دوژمنە هەمیشەییەکانی باتمان.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

وەکوو زۆرێک لە کەسایەتییەکانی تری دیسی، کەسایەتی ڕیدلەر چەندین جار لەماوەی ٧٥ ساڵی بوونیدا دووبارەبووەتەوە. لەهەمان کاتیشدا هەندێک شت هەن لە چیرۆکەکەی ڕیدلەردا بە نەگۆڕی ماونەتەوە و پێناسەی کەسایەتییەکەی دەکەن. ڕیدلەر ناوی ڕاستەقینەی (ئێدوارد ناشتن یان ئێدوارد نیگما)یە و زۆر حەزی لە مەتەڵە. ئەوکاتەی لە قۆناغی سەرەتاییە یەکەمین تاوان ئەنجام دەدات کاتێک باوکی بە بەردەوامی سەرزەنشتی دەکات بەوەی ڕیدلەر کەسێکی گەمژە و بێسوودە بەشداری پێشبڕکێیەک دەکات لە قوتابخانە بۆ ئەوەی هەمووان سەرسام بکات بە ڕێکخستنی پەزڵێک و بردنەوەی خەڵاتەکە، بۆ ئەم مەبەستەش فێڵ دەکات. شەوێک پێش پێشبڕکێکە هەڵدەکوتێتە سەر قوتابخانەکە لە درەنگی شەودا و پارچەکانی پەزڵەکە هەمووی ڕێکدەخات و خۆی فێردەکات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆژی پێشبڕکێکە بە کەمترین کات پەزڵەکە ڕێکبخات و بیباتەوە. لەکۆتاییدا دەتوانێت پێشبڕکێکە بباتەوە و کتێبێکی پڕ مەتەڵی پێ دەدرێت وەکوو خەڵات، بەڵام باوکی بە گزی کردنەکەی دەزانێت سەرزەنشتی دەکات و لێی دەدات. بەم شێوەیە حەزی بۆ مەتەڵ و پەزڵ ئەوەندی تر زیاتربوو و بوو بە کەسێکی شارەزا و زیرەک لە بوارەکەدا. ئێدوارد بەبێ وەستان خۆی تەرخان کرد بۆ فێربوون و بوو بە ئەندازیار و کەسێکی شارەزا لەبواری هاککردندا. لە بەشی تاوانی ئەلیکترۆنی پۆلیسی شاری گاسەم کارێکی دەستکەوت و گەشتبووە ئەو باوەڕەی کە هۆکاری گەندەڵی و خراپی شاری گاسەم بە درێژایی مێژوو بەهۆی شکستی ئابووری نەبووە، بەڵکوو هۆکارەکە شکستی ڕەوشتی و هزری بووە. بۆ باشترکردنی شارەکە ئێدوارد پێگە و تواناکانی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕێکخستنی تۆڕێکی ئۆپەراسیۆن تا بتوانن کۆمەڵێک لە دۆسیە و مەلەفی گەندەڵی کۆبکەنەوە کە پەیوەندییان هەبێت بە بەرپرسە دیارەکانی شاری گاسەم. ڕیدڵەر باتمانی بە یەکێک لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەمی داناوە و هەوڵیشیداوە ناسنامەکەی ئاشکرا بکات، گومانی هەبووە لەوەی باتمان یان بروس وەین یان هارڤید دێنتە. تاوانەکانی ڕیدڵەر زۆرکات نمایشکردن و شانۆییانەیە، جلوبەرگەکەی بەشێوەیەکە زۆرجار ڕووپۆشێکی دۆمینۆ (بەس سنووری چاوی دادەپۆشێت) لەچاو دەکات و پۆشاکەکەی بەری یەک پارچە لەسەرەوە تا خوارەوە (یونیتارد)ـە و نیشانەی پرسیاری لەسەرە یاخود قاتێکی سەوز لەبەردەکات لەگەڵ کڵاوێکی بۆوڵەری.

کەسایەتی

ئێدوارد نیگما بە شێتی، ڕەفتارە توندوتیژەکانی، خۆبەکەمزانین، نارسیزمییەکەی و خودپەسەندییەکەی ناسراوە. سەرەڕای ئەوەش لە ڕووی سۆزدارییەوە کەسێکی پێنەگەیشتووە و هێشتا منداڵێک لە ناخی ئەو پیاوە پێگەیشتووەدایە کە کاریگەری ئەو تراومایەی منداڵی لەسەرە بەهۆی ڕەفتارە ئازاردەرانەکانی باوکی. نیگما کەسێکی خەیاڵاوییە و وێنەیەکی کامڵ و بێ کەموکورتی بۆ خۆی دروستکردووە لە مێشکی خۆیدا و خۆی بە مەزنترین شتی (هەمووشتی) دنیا دادەنێت. یەکێکی تریش لە خەیاڵاتەکانی نەتوانینی تێگەیشتنیەتی لە شێتییەکەی و ڕەتی دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەکی هەبێت. نیگما خاوەن کەسایەتییەکی دژە-کۆمەڵایەتییە لە تەمەنی پێگەیشتن و هەرزەکاریشدا هەر وا بووە. لەنێو هەموو ئەمانەشدا ڕیدلەر کەسێکی کێبڕکێکار، بێباک، سەرسەخت، لەخۆڕازی و ڕەشبینە. سەرەڕای خۆبەلزانین، دەرووننەخۆشی و خودپەسەندییەکەی، لە ناخیدا نیگما کەسێکی زۆر نادڵنیایە و لە ڕووی سۆزدارییەوە بریندارە. سەرەڕای ئەوەی کەسێکی زیرەکە بەڵام ئەو سەرنج و دەرکەوتنەی بەدەست نەهێناوە کە بەلایەنی کەمەوە خۆی پێی وایە شایەنیەتی، بۆیە بە شێوەیەکی نادروست هەوڵ دەدات زیرەکی خۆی بسەلمێنێت. سەرەڕای ئەوەی چەندین جار شکستی هێناوە و زەلیل بووە بەڵام هەمیشە ئیگۆکەی وای لێ دەکات زیاتر و زیاتر خۆی لا پەسەند بێت و بڕوای وا بێت ئەچێتە لوتکە و کەس زیرەکییەکەی نابەزێنێت.

هاوڕێ و دوژمنەکانی ڕیدلەر

دۆست و هاوڕێکانی

دوژمنەکانی

ئەنارکی ئێرن کاش
بڵاک ماسک ئاڵفرید پێنیۆرس
برادبری باربرا گۆردن
ئینیگما (کچەکەی) باتگێڵ
هاڕڵی کوین باتمان
جۆکەر باتومەن
مستەر فریز بیست بۆی
پێنگوین دیک گرەیسن
پۆیزن ئایڤی گرین ئارۆو
کڵەی فەیس جەیمس گۆردن

تواناکانی ڕیدلەر

١.توانای شیکردنەوەی تاکتیکی هەیە

٢.شارەزایی لە هاککردنی کۆمپیوتەر هەیە

٣.توانای هەڵهاتنی هەیە لە زیندان

٤.توانای لێکۆڵینەوەی هەیە

٥.توانای سەرکردایەتی هەیە

٦.توانای دیزاینکردنی چەکی هەیە

٧.توانای بەکارهێنانی ئامێر و ئامرازی ئەلیکترۆنی و میکانیکی هەیە

٨.شارەزایی لە فێڵ و گزیکردندا هەیە

٩.توانای تێکدان و وێرانکردنی هەیە

١٠.شارەزایی هەیە لە ئەندازیاری کارەبایی

١١.توانای دیزاین، چاککردنەوە، چاککردن و تێگەیشتنی چۆنیەتی کارکردنی کۆمپیوتەری هەیە

١٢.توانای چاودێریکردن و پشکنینی وردی هەیە

١٣.توانای فێرکردنی هەیە

١٤.شارەزایی لە دزیکردندا هەیە

١٥.شارەزایی لە شوێنکەوتندا هەیە

١٦.شارەزایی لە لێخوڕیندا هەیە

١٧.دەتوانێت مەلە بکات

خاڵە لاوازەکانی

یەکێک لە گەورەترین خاڵە لاوازەکانی ئەوەیە وا دەزانێت ناتوانرێت هەرگیز ببەزێنرێت، زۆر بێباکە و لەڕادەبەدەر بڕوای بە خۆیەتی و ئەمەش بەرەو لوتبەرزی و ئیگۆ بەرزی بردوێتی. زۆر حەزی لە پەزڵ و مەتەڵە، لەکاتی ئەنجامدانی تاوانێکدا خۆی ناگرێت مەتەڵێک لەدوای خۆی جێنەهێڵێت، چێژ لە پێشوەختە ئاگادارکردنەوەی باتمان و پۆلیس وەردەگرێت لەبارەی فێڵەکانی بە ناردنی بەڵگە و ئاماژەی ئاڵۆز.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی ڕیدلەر تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

١.کۆری مایکڵ سمیث

٢.پاڵ دانۆو

٣.جۆن گڵەڤەر (بە دەنگ)

٤.فرانک گۆرشن

٥.واڵی وینگەرت

٦.جیم کاری

٧.دەیڤ فرانکۆ

٨.جیم ڕاش

دیارترین فیلم و زنجیرەکان 

١.فیلمی The batman 2022

٢.زنجیرەی Gotham 2014 -2019

٣.فیلمی Batman forever 1995

٤.زنجیرەی Riddler 2013

٥.زنجیرەی Batman: abyss 2013


سەرچاوەکان



234 بینین