بەهار - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-23-03:50:00 - کۆدی بابەت: 9130
بەهار - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

بەهار

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: ئاگر و ژیلە

هۆنراوە: بەهار

بەفری غەمگین توایەوە ڕەنگی گوڵم ناچێتەوە
خونچە تارای سووری پۆشی و گەردەنی ناشکێتەوە
وەک چلوورەی ڕۆژی زستان ئەم گوڵەم ناتوێتەوە
تیشکی خۆرە وردە، وردە هەر وەکوو ئاڵتوونی خاو
توایەوە، ناو ئاوی چەم، هەستا لە چەم پرشنگی ئاو

تاشە بەفری لووتکە هەر وەک لەشکرێک بێت و بە زیو
تیشکی زێڕینی بەهار، دوای کەوتووە بیکا بە زیو
بیڕژێنێتە دەمی چەم، ڕای بدا، تا جەرگی شیو
وا گوڵاڵە شەونمی نواند بۆ مەلانی نەرم و نۆڵ
بوو بە ئاهەنگ لەو چیایەی دوێنێ مات بوو، چۆڵ و هۆڵ

وردە بەفری سێبەری مەڵبەندی بەرز تاسێکی سوور
نەرمە پرشنگی گزنگی تێکەڵاو، وەک وردە نوور
هەر ئەڵێی تاسێکی ئاڵتوونە و لەسەر گەردن بلوور
سوخمە «گوڵ» سەر پۆش، تەمی نەرمی تەنک
بوو، بە ملوانکەی ملی کەژ، ئاوی بەفراو تک بە تک

لە هەموو شتێکا جوانی - (لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دا لە (ژین)ـدا بڵاوکراوەتەوە)


سەرچاوەکان



636 بینین