بەحرەین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-28-21:59:00 - کۆدی بابەت: 9216
بەحرەین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

بەحرێن یان بەحرەین یاخود شانشینی بەحرەین (بە عەرەبی: البحرین، بە ئینگلیزی: Bahrain)، وڵاتێکی عەرەبییە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی، سەر بە وڵاتانی کەنداوە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا. "مەنامە" پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە و بەندەری سەرەکییە لە بەحرەین. 
بەهۆی هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافی بەحرەین، سنووری وڵات لەگەڵ وڵاتانی هاوسنووریدا تەنها لە ڕێگەی سنووریی ئاویی دەریاییەوەیە، لە ڕۆژئاواوە لە ڕێگەی پردێکی دەستکرد بە ناوی پردی "مەلیک فەهد" بە وڵاتی سعوودییەوە بەستراوەتەوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ قەتەڕ و لە باکوورەوە لەگەڵ ئێران هاوسنوورە، هاوکات دووریی نێوان ئێران و بەحرەین لە ڕێگەی کەنداوی عەربەییەوە تەنها 200 کیلۆمەترە.
ڕووبەری وڵات تەنها 785 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بۆیە بە یەکێک لە وڵاتە عەرەبییە بچووکەکان هەژمار دەکرێت. خاکی بەحرەین بە دوورگەکانی "ئەرخەبیل یان ئارشیپێل" ناسراوە کە نزیکەی سی دوورگە لەخۆدەگرێت و دوورگەی بەحرەین گەورەترینیانە.
کەشوهەوای وڵات تاڕادەیەک گەرم و وشکە و بارانیشی کەم و سنووردارە، هاوینی پلەی گەرمی بەرزە و لە زستانیش مامناوەندە و کەشێکی وشکی هەیە.

واتای ناوەکەی 

لە زمانی عەرەبیدا، "البحر" وشەی تاکی  "البحرین"ـە، هەندێک بۆچوون پێیان وایە کە بەهۆی بوونی ناوچەکە لە کەنداوی عەرەبی بەو ناوە ناونراوە.
 کۆنترین وشەی بەحرەین لە تەختە مسمارییە بابلییە کۆنەکان دۆزراوەتەوە کە وشەی "وڵاتی دەریایان" بۆ بەکارهێناوە.
بۆچوونێکی تریش بوونی هەیە کە بریتییە لەوەی وشەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، "بحر" کە واتای دەریا دەبەخشێت، "یەین" کە ناوی گەلێکی کۆنە لە ڕابردوودا لەو ناوچەیە ژیاون و هەرێمێکیان بە ناوی خۆیانەوە دوستکردووە.

مێژووی بەحرەین

ناوی بەحرەین لەلایەن زۆرێک لە مێژوونووسانەوە ئاماژەی پێکراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3000 ساڵی پێش زایین. مێژووی ناوچەکە دێرینە و "شارستانییەتی دەلموون" دیارترین شارستانییە کە لە ناوچەکە بوونی هەبووە، ناوی ئەم شارستانییەتە لە گلگامش هێنراوە تەنانەت ناوەکەیان وەکوو "بەهەشت" وێناکراوە.
زۆرێک لە شارستانییە ناودارەکانی مێژوو بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافی بەحرەین لەسەر خاكی ناوچەكە ژیاون، نموونەی شارستانیی فارسی و شارستانیی ڕۆمانی دێرین و چەندانی تر.
لە ساڵی 629ـی زایینی بەرامبەر بە ساڵی نۆی کۆچی، پێغەمبەر ﷺ نێردراوی بۆ ناوچەکە نارد، دانیشتوانی بەحرەین بە شێوەیەکی ئاشتییانە موسڵمان بوون، کۆنترین مزگەوت لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان.
لە ساڵانی 1106 بۆ 1202 بەحرەین دووچاری داگیرکاری جەنگیزخان و مەنگۆلەکان بووەوە.
لە ساڵی 1521ـەوە وڵاتەکە دووچاری داگیرکاری هێزەکانی پورتوگال بوونەوە، دەسەڵاتیان تاکوو ساڵی 1602 درێژەی کێشا و پاشان بەهۆی فارسەکان لە ناوچەکە دەرکران.
دەسەڵاتی فارسەکان تاکوو 1783 مایەوە و بە هاوکاری هۆزە عەرەبییەکان کۆتایی بە دەسەڵاتی فارس هێنرا، بۆیە بەهۆی مێژووی داگیرکارییەکانی فارس تا ساڵی 1973ـیش وڵاتی ئێران داوای چەند ناوچەیەکی خاکی بەحرەینی دەکرد.
لە 1861 ئەمیری بەحرەینی ئەو سەردەمە لە بەرامبەر بازرگانی کۆیلایەتی و چەتەی دەریایی لە ناوچەکەیان، هاوکات لە ترسی داگیرکاری فارسی و تورکی ڕێکەوتنی لەگەڵ بەریتانییەکان کرد، بەحرەین بووە ناوچەیەکی ژێردەستەی بەریتانیا.
دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم دەسەڵاتی بەریتانیا لە ناوچەکە سست بوو، تا ئەوکاتەی لە ساڵی 1971 وڵات سەربەخۆیی لەژێر داگیرکارییەکانی بەریتانیا بەدەست هێنا.
لە ساڵی 2002ـەوە بەحرەین بووە وڵاتێکی شانشیی دەستووری و پەرلەمانی دیموکراتی.

دیمۆگرافیای دانیشتوان

46٪ـی دانیشتوانی وڵات ڕەچەڵەکیان بەحرەینییە، 54%ـی دانیشتوانیش لە بێگانە پێکهاتووە نموونەی پاکستانی، هیندی، بەنگلادیشی و فلیپینی و چەندانی تر. ژمارەی دانیشتوان نزیکەی 1,569,446 کەسە.
ئایینی فەرمی وڵات ئایینی ئیسلامە، بە ڕێژەی 70.3 %ـی دانیشتوان پەیڕەوی ئیسلام دەکەن، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بێگانەکانی وڵاتانی تر، بۆیە ئایینەکانی وەکوو مەسیحی، بووزی، هیندۆسی لە ناوچەکە بوونی هەیە. هەردوو ڕێبازی شیعە و سوننەی ئیسلام لە بەحرەین بوونی هەیە، شیعەکانی وڵات زۆرینەی ڕێژەی دانیشتوان پێکدەهێنن.

کەرتی ئابووریی وڵات

بەحرەین ناوەندێک بووە بۆ پەیوەستکردنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بووە بە ناوەندی بازرگانی گرنگ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە دیاریکراوی ساڵی 1932، بەحرەین بووە یەکەمین وڵاتی کەنداوی عەرەبی کە نەوتی تێدا دۆزرایەوە. لە ساڵی 1980 تاکوو 1989 بووە یەکەمین وڵاتی عەرەبی کە بە تەواوی لە ئابووریی وڵات پشتی بە نەوت نەبەست، ئابوورییەکەی هەمەجۆر و هەمەچەشن کرد و پەرەی دا بە دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆیی.
کەرتی گەشتیاریش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی داهاتی وڵات، زۆرینەی سەردانکەران لە وڵاتانی کەنداوەوە سەردانی بەحرەین دەکەن، چەندان مۆزەخانە و ناوچە و شوێنەواری مێژوویی گرنگی لەخۆگرتووە.


سەرچاوەکان

42 بینین