تاسووعا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-01-01:20:00 - کۆدی بابەت: 9238
تاسووعا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاسووعا (بە عەرەبی: تاسوعاء) نۆیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمە کە یەکەمین مانگی ڕۆژژمێری کۆچییە. مانگی موحەڕەم لەلای موسڵمانان مانگێکی پیرۆزە، خێرکردن و چاکەکردن و بەڕۆژوو بوون تێیدا خێری زۆری هەیە و ڕووداوی گرنگ لەم مانگە ڕوویداوە.
بەڕۆژووبوون یەکێکە لە پەرستشە گرنگەکانی ئەم مانگە، ڕۆژووی تاسووعا بۆ دروستکردنی جیاوازی لە نێوان ڕۆژووی جوولەکەکان و ڕۆژووی موسڵمانان پێغەمبەر ﷺ بڕیاری بەڕۆژووبوونی لەم ڕۆژە داوە.
ڕۆژی دەی موحەڕەمی کۆچی پێی دەوترێت عاشوورا کە ڕۆژێکە هێمای ڕزگارییە و لەو ڕۆژەدا پێغەمبەر مووسا و نەوەی ئیسرائیلییەکان لەدەست فیرعەون ڕزگاریان بووە و فیرعەونیش لەڕێگەی پەرجووی کەرتبوونی ئاوەی ڕووبارەوە نغرۆی ڕووباری نیل بووە. 

ڕۆژووی عاشوورا و تاسووعا

کاتێک پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هاوەڵانی لە مەککەوە کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە، تێبینی کرد کە جوولەکەکانی مەدینە لە ڕۆژێکی دیاریکراوی مانگ بەڕۆژوو دەبن، بۆیە لە هۆکارەکەی پرسی، ئەوان وتیان کە ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ڕزگاری و ئازادبوون دادەنێن، چونکە لەم ڕۆژەدا نەوەی ئیسڕائیلییەکان لە دەستی فیرعەون ئازاد کراون، بۆیە پێغەمبەر ﷺ فەرمووی "ئێمە بۆ مووسا نزیکتر و لە پێشەنگترین وەک لە جوولەکەکان" بۆیە بڕیاری ڕۆژووگرتنی عاشوورای دا، فەرمووی ساڵی داهاتوو ڕۆژی نۆیەمیش بەڕۆژوو دەبین واتا تاسووعا تاکوو ڕۆژووی ئێمە لە ڕۆژووی جوولەکەکان جیاواز بێت، بەڵام پێغەمبەر ﷺ نەمایە ساڵێکی تر و کۆچی دوایی کرد.
بە گشتی پەیڕەوانی ڕێبازی سوننە لە ئایینی ئیسلام لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
زانایان پێیان وایە کە ڕۆژووگرتنی تاسووعا کارێکی "موستەحەبە" واتا پەسەندە و واجب نییە، بەڵام بەڕۆژووبوونی خێر و چاکەی زۆری بۆ کەسی باوەڕدار هەیە، هاوکات ڕۆژووی عاشوورا پەسەندە و دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانە بچووکەکانی ساڵی پێشووی باوەڕدار.

تاسووعا لە ڕوانگەی شیعەکانەوە

بە پێچەوانەی بیروبۆچوونی سوننەکان، مانگی موحەڕەم لەلای شیعەکان مانگێکی خەماوی و کارەساتبارە، چونکە لەم مانگه لە ڕۆژی دەی موحەڕەم ئیمام حسێنی کوڕی عەلی ئەبوتالیب کە کچەزای پێغەمبەر ﷺ دەکات لە "جەنگی کەربەلا" شەهید کراوە.
تاسووعا لای ئەوان ئامادەکارییە بۆ ڕۆژی شەهیدکردنەکە کە ڕۆژی عاشوورا دەکات.
شیعەکان لە ڕۆژی تاسووعا و عاشوورادا بەڕۆژوو نابن، بەڵکوو بە شیوەنگێڕان و لەخۆدان و ئەنجامدانی چەند ڕێوڕەسمێکی تایبەتی یادی شەهیدکردنی ئیمام حسێن دەکەنەوە، مانگی موحەڕەم بە گشتی هێمای خەم و ناخۆشییە بۆ ئەوان، بۆیە زۆرێک لە خۆشییەکان لەو مانگە قەدەغە دەکرێن.


سەرچاوەکان



286 بینین