مێشوولە 

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-14-18:05:00 - کۆدی بابەت: 9398
مێشوولە 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێشوولە (بە ئینگلیزی: Mosquito)، جۆرێک مێرووی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە کە تەنها مێینەکەی دەتوانێت خوێن بمژێت، نشینگەکەی هەموو وڵاتە جیاوازەکان لە هەموو کیشوەرەکاندا دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشیان هەموو ناوچەکانە بەتایبەتی جێگە گەرمەکان ئەوانەی کە لە ناوچەکانی باکوور و جێگە ساردەکاندا دەژین لە زستاندا لە نێو درەخت یاخود ماڵەکاندا خۆیان دەپارێزن، شێوازی ژیانکردنی هەر تاکێک بە تەنهایە واتە لەگەڵ ئەندامی دیکەدا کۆمەڵە و خێزان دروستناکەن، هەرچەندە ژمارەی دیاریکراویان نییە بەڵام تێکدانی نشینگەکانیان گەورەترین مەترسی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەیانن، مێشوولەکان ٣٥٠٠ جۆری جیاوازیان هەیە کە لە کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێنکراون، لەناویشیاندا تەنها چەند جۆرێکیان توانای مژینی خوێنی مرۆڤیان هەیە و زۆرینەی جۆرەکانی تریان بێ زیانن.

هەندێک لە مێشوولەکان هەڵگری نەخۆشین و دەتوانن بیگوازنەوە بۆ مرۆڤەکان، وەک نەخۆشی تا و مەلاریا کە ساڵانە دەبنە هۆی کوشتنی ژمارەیەک لە خەڵکی، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە مێرووانە بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کارێکی بێزارکەرە، بەهۆیەوە مرۆڤەکان پەنا دەبەن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دەرمانی قڕپێکەری مێروو بۆ کوشتن و لەناوبردنیان، بەڵام سەرەتا پێویستە دڵنیاببنەوە لە دروستی و ڕێکی ناوماڵ و پەنجەرەکان بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە هاتنی بەردەوامیان، کاتێکیش خەڵکی دەچنە دەرەوە دەتوانن بە بەکارهێنانی دەرمان و زەیتی تایبەت بۆ ماوەی زیاد لە ١٠ کاتژمێر خۆیان لە مێشوولەکان بپارێزن، بەڵام کاتێک ژمارەیان زۆر و بەلێشاو دەبێت ئەوا پێویستە سەرچاوەی ئاو و خۆراکیش بپارێزرێت چونکە دەکرێت مێشوولەکان بەکاریبهێنن.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی مێشوولە بە ئێسکە پەیکەرێکی دەرەکی ڕەق داپۆشراوە کە چەند ڕەنگێکی هەیە وەک سوور، ڕەش، سپی یاخود قاوەیی، قەبارەیەکی بچووکی هەیە و کێشی دەگاتە نزیکەی ٥ میلیگرام، درێژییەکەشی لە نێوان ٢-٣٨ میلیمەتر دەبێت لە کاتێکدا هەندێکیان بەڕادەیەک بچووکن کە بینینیان قورسە، بەجۆرێکن کە دەکرێت گوێبیستی دەنگی بیت بەڵام نەتوانی بیبینیت، تاکە پێگەیشتووەکانی مێشوولەکان بە ئەوە جیادەکرێنەوە کە جەستەیەکی درێژکۆلەیان هەیە لەگەڵ شەش قاچی درێژ و بەهێز، جووتێک باڵی درێژیان هەیە کە لەناوەڕاستی سنگییانەوە درێژ دەبێتەوە لەگەڵ لمۆزێک کە بەشێکی دەمی پێکهێناون، درێژی و تیژی لمۆزی هاوکاری دەکات لە بڕینی پێستی مرۆڤ بۆ هەڵمژینی خوێن یاخود بۆ هەڵمژینی بڕی زۆر لە شیلەی گوڵ، هەروەها لە لیکی دەمیدا ماددەیەکی دژە مەین هەیە بۆ ئەوەی میشوولەکە بتوانێت بڕێکی زۆرتر لە خوێن هەڵمژێت، بەڵام کاتێک لیکەکە بەر پێستی مرۆڤەکان دەکەوێت دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی هەستیاری لە هەندێک لە خەڵکیدا، لە قۆناغەکانی تری مێشوولەکاندا شێوازی جەستەیان جیاوازی زۆری بەسەردا دێت و هەر قۆناغێک تایبەتمەندی خۆی هەیە.  

خۆراک

مێشوولەکان بوونەوەری هەموو شتخۆرن دەتوانن هەریەک لە شیلەی گوڵ و شەربەتی ڕووەکەکان لەگەڵ گەزۆ و خوێنیش بخۆن و بیانکەن بە ژەمی خۆراکی، بەڵام ئەم جۆرە مێرووە خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرەکان وەک، مەمکدار، خشۆک، باڵندە، ماسی جیاواز، وشکاوەکی و مێرووەکانی تر، مێشوولەکان خێران و لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر دەبڕن، بەهۆیەوە دەکرێت هەندێکجار بتوانن دەربازببن لەدەست ڕاوچییەکانیان، هەروەها ئەگەر ژمارەیان زۆر کەم ببێتەوە ئەوا دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی، چونکە ژەمی خۆراکی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەرەکان پێکدەهێنن.

زۆربوون

مێشوولەکان دوای تێپەڕاندنی تەنها چەند ڕۆژێک لە لەدایکبوونیان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، مێینەکان خوێن دەمژن بۆ سوود وەرگرتن لە ئەو پڕۆتین و ئاسنەی کە تێیدایە، دواتر بەکاریدەهێنن لە دروستکردنی هێلکەدا، پاش یەکگرتن مێینەکان لە هەرجارێکدا دەتوانن ١٠٠-٢٠٠ هێلکە بکەن کە بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت، هێلکەکانیش لە ناوچەی قوڕی شێدار و ئاودا دادەنیت، هەر مێشوولەیەک بە چوار قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت، کە بریتین لە هێلکە، کرمۆکە، قۆزاخە لەگەڵ تاکی پێگەیشتوو، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان لە هێلکەکانیان تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت، پاشان دەبن بە کرۆمەکە، بە گەشەسەندنی پێویست دەگاتە قۆناغی قۆزاخە و لە کۆتایدا تاکی پێگەیشتوو، هەر قۆناغێک ماوەیەکی کەم و کورت دەخایەنێت و لە هەر جارێکدا شێوازی مێشوولەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، هەروەها تەمەنی ئەم جۆرە مێرووە بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و زۆرینەیان لە نێوان چەند ڕۆژێک هەتاکوو چەند مانگێک دەژین، بەگشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان تەنها ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت.  

جۆرە سەرەکییەکان


سەرچاوەکان



749 بینین