ناوهڕۆك
سەرەتا
پشکنینی پەڕەکانی خوێن (بە ئینگلیزی: Platelet count test، کورتکراوەکەی PLT) بۆ پێوانەکردنی ژمارەی پەڕەکانی خوێن و چاودێریکردنی کرداری خوێن مەیاندن لە لەشدا بەکاردەھێنرێت. پەڕەکانی خوێن یاخود خەپلەکانی خوێن خانەی خوێنی بچووکن کە تەنھا لەژێر مایکرۆسکۆپدا دەبینرێن لەناو خانەکانی مۆخی ئێسکدا دەست بە گەشەکردن دەکەن و بەرپرسن لە کرداری خوێن مەیاندن، لەکاتی برینداربوون و خوێنبەربوونی لوولەکانی خوێندا پەڕەکانی خوێن چالاک دەبن و دەبنە ھۆی مەیاندنی خوێن و خوێنبەربوونەکە ڕادەگرن. بەنزیکەی دە ھەزار پەڕەی خوێن لەناو یەک دڵۆپی خوێندا بوونی ھەیە.
چۆن پەڕەکانی خوێن دەبنە ھۆی ڕاگرتنی خوێنبەربوون؟
کاتێک لوولەیەکی خوێن دەپچڕێت و خوێنبەربوون ڕوودەدات ڕاستەوخۆ پەڕەکانی خوێن چالاک دەبن و کڵۆی خوێن لەدەوری برینەکە دروست دەکەن. لەسەر ڕووی پەڕەکانی خوێن جۆرە پڕۆتینێک بوونی ھەیە کە وەکوو ماددەیەکی لکێنەر بۆ پێکەوەبەستنی پەڕەکانی خوێن بە دیواری لوولەکانی خوێنەوە کاردەکات و ئەم کردارەش وادەکات خوێنبەربوونەکە ڕابوەستێت، بۆ ئەم مەبەستەش زۆر گرنگە کە ژمارەی پێویستی پەڕەکانی خوێن لە لەشدا بوونی ھەبێت تا لە ئەگەری خوێنبەربووندا چالاک ببن و نەھێڵن کەسەکە تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر ببێت.
چی کاتێک پێویستە پشکنینی پەڕەکانی خوێن ئەنجامبدرێت؟
- لەکاتی شینبوونەوەی بەشێک یان چەند بەشێکی لەش.
- لەو کەسانەی کە لەکاتی ھەبوونی برینێکی بچووک تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر دەبن و درەنگ خوێنبەربوونەکە ڕادەوەستێت.
- ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەیان ھەیە و چارەسەری کیمیایی یاخود تیشک وەردەگرن.
- بۆ دیاریکردنی شێرپەنجەی خوێن و مۆخی ئێسک.
- بوونی برینی گەدە.
- نەخۆشی گورچیلە.
چۆنێتی ئەنجامدانی پشکنینەکە
پشکنینی پەڕەکانی خوێن لەڕێی وەرگرتنی نموونەی خوێن لە نەخۆش ئەنجامدەدرێت، کە دواتر دەخرێتە تیوبی تایبەت و لەناو تاقیگەدا شیکاری بۆ خوێنەکە ئەنجامدەدرێت.
ڕێژەی ئاسایی پەڕەکانی خوێن
ڕێژەی ئاسایی پەڕەکانی خوێن پێویستە لەنێوان ١٥٠٠٠٠ بۆ ٤٥٠٠٠٠ پەڕەی خوێن بێت لە یەک مایکرۆلیتری خوێندا، ئەگەر ژمارەی پەڕەکانی خوێن لە ٤٥٠ ھەزار زیاتر بوو ئەوا پێی دەوترێت زۆری پەڕەکانی خوێن. ھەروەھا ئەگەر لە ١٥٠ ھەزار پەڕەی خوێن کەمتر بوو پێی دەوترێت کەمی پەڕەکانی خوێن.
زۆریی پەڕەکانی خوێن
زۆری پەڕەکانی خوێن (thrombocytosis)، زۆری ژمارەی پەڕەکانی خوێن دەبێتە ھۆی زیاد مەیاندنی خوێن لە لوولەکانی خوێندا ھەروەھا دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک نیشانەی خراپی تەندروستی وەکوو:
- تێکچوونی سیستمی بەرگری لەش
- هەوکردن
- تێکچوونی فرمانی جینەکان کە بەرپرسن لە بەرھەمھێنانی پەڕەکانی خوێن
- ھەندێک جۆری شێرپەنجە
- ئازاری سنگ
- ھەناسەبڕکێ
- شەکەتی و ماندوویی
- شینبوونەوەی پێست
- ھەڵئاوسانی قاچەکان
- ھەستکردن بە سووتانەوە و سڕبوون لە سەری پەنجە و پێیەکان
- کەمی ماددەی ئاسن لە خوێندا
کەمیی پەڕەکانی خوێن
کەمی پەڕەکانی خوێن (thrombocytopenia)، کەمی ژمارەی پەڕەکانی خوێن وادەکات لەکاتی برینداربوونی لوولەکانی خوێندا درەنگتر خوێنەکە بمەیەت و بەمەش خوێنبەربوونێکی زۆر ڕوودەدات کە ئەمەش لە ئەنجامی چەند ھۆکارێک پەیدادەبێت وەکوو:
- بەرکەوتنی زیان بە مۆخی ئێسک.
- ئەو چارەسەرانەی بۆ شێرپەنجە بەکاردەھێنرێن وەکوو بەکارھێنانی تیشک و ماددەی کیمیایی.
- ھەندێک جۆری شێرپەنجە وەکوو شێرپەنجەی خوێن و لیمفەگرێکان.
- گەورەبوونی قەبارەی سپڵ.
- ھەوکردنی بەکتریایی یاخود ڤایرۆسی.
- کەمخوێنی.
نیشانەکانی کەمیی ژمارەی پەڕەکانی خوێن
- ھەبوونی خوێن لەکاتی میزکردن یاخود پیسایی ھەروەھا لەکاتی ڕشانەوە.
- خوێنبەربوونێکی لەڕادەبەدەر لەکاتی ھەبوونی برینێکی بچووک یاخود خوێنبەربوونی لووت
- ئازاری ماسولکە و جومگەکان
- سەرئێشە
- ھەستکردن بە لاوازی و سەر سووڕان
پەیوەندی نێوان ڕێژەی پەڕەکانی خوێن و نەخۆشی دڵ
ئەگەر ژمارەی پەڕەکانی خوێن لەئاستی ئاسایی خۆی زیاتر بێت ئەوا ئەگەری مەیینی خوێن و دروستبوونی کڵۆی خوێن لە لوولەکانی دڵدا زیاد دەکات و بەمەش ئەو لوولانەی بەرپرسن لە گواستنەوەی خوێن لە نێوان دڵ و ئەندامەکانی تری لەشدا دەگیرێن و ئەگەری نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە زیاتر دەبێت.