عومەری کوڕی عەبدولعەزیز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-22-21:23:00 - کۆدی بابەت: 9494
عومەری کوڕی عەبدولعەزیز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز یان عومەری دووەم (بە عەرەبی: عمر بن عبد العزيز، بە ئینگلیزی:Umar ibn Abd al-Aziz،  Umar II)، هەشتەمین جێنشینی ئومەوییەکانە و بەهۆی دادپەروەرییەکەیەوە لەلایەن پەیڕەوانی ڕێبازی سوننە و مێژوونووسانەوە بە پێنجەمین تەواوکەری خەلیفەکانی ڕاشیدەین دادەنرێت.
دادپەروەری و ڕاستگۆیی دوو تایبەتمەندیین کە عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی پێدەناسرێتەوە، کەسێکی سادە بووە و هەرگیز ستەم و زۆرداریی کەسی لەلا پەسەند نەبووە، بۆیە موسڵمانان سەردەمی دەسەڵاتی ئەویان بەهاوشێوەی سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب چواندووە و بە عومەری دووەم ناسراوە.

ژیاننامەی

ناوی تەواوی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی کوڕی مەڕوانی کوڕی حەکەمە، باوکی کە عەبدولعەزیزی کوڕی مەڕوانە و باپیرەی مەڕوانی کوڕی حەکەمە لە جێنشینە ناودارەکانی سەردەمی ئومەوییەکانن. ڕەچەڵەکی دایکی دەگەڕێتەوە بۆ سەر عومەری کوڕی خەتتاب
عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە شاری مەدینە لە ساڵی 61ـی کۆچی لەدایکبووە و لە خێزانێکی خانەدان گەورە بووە، باوک و باپیر و مامیشی لە خەلیفە ناودارەکانی ئومەوییەکان بوونە و باوکی والی وڵاتی میسڕ بووە، عومەر لە مەدینە پەروەردەکراوە و زانستی شەرعی و زانستەکانی قورئانی لەلایەن چەند هاوەڵێک لەگەڵ خاڵوانی لە ڕەچەڵەکی عومەری کوڕی خەتتاب وەرگرتووە نموونەی ساڵحی کوڕی کیسان.

ئەزموونی دەسەڵاتی

ئەزموونی دەسەڵاتی وەکوو والی مەدینە

لە سەردەمی دەسەڵاتی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک لە ساڵی 87ـی کۆچی وەکوو والی مەدینە لەلایەن ئەو خەلیفەیەوە هەڵبژێردرا، دواتر دەسەڵاتەکەی فراوان بوو و ناوچەی تائیفیشی گرتەوە، پاشان بەهۆی لێهاتووییەوە لە ساڵی91ـی کۆچی کرا بە بەرپرس و والی هەموو ناوچەی حیجاز. لە سەردەمی دەسەڵاتی ناوچەکانی ژێردەستی سەقامگیر و ئارام بووە.

دەسەڵاتی لە سەردەمی سولەیمانی کوڕی عەبدولمەلیک

سولەیمانی کوڕی عەبدولمەلیک وەکوو حەوتەم جێنشینی ئومەوییەکان بە توانا و لێهاتووییەکانی عومەر سەرسام بووە، بۆیە لە حیجازەوە گواستییەوە بۆ دیمەشق و کردی بە ڕاوێژکاری تایبەتی خۆی، بۆ هەر بڕیارێک پرس و ڕاوێژی پێی دەکرد و تا کۆتایی دەسەڵاتەکەی عومەر نزیکترین ڕاوێژکاری بووە.

وەرگرتنی  دەسەڵات وەکوو جێنشینی ئومەوییەکان

لە دوای کۆچی دوایی سولەیمانی کوڕی عەبدولمەلیک، لە ساڵی 99ـی کۆچی بە کۆدەنگی دانیشتووان لە مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق بە فەرمی وەکوو هەشتەمین جێنشینی ئومەوییەکان هەڵبژێردرا.
ماوەی دەسەڵاتی کورتخایەن بوو و تەنها دوو ساڵ و پێنج مانگی خایاند، بەڵام ناوچە ئیسلامییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی بووژانەوە و دادپەروەری و یەکسانی لە هەموو بوارەکانی حکوومەتەکەی پەیڕەو دەکرا.

گرنگترین کارەکانی لە سەردەمی دەسەڵاتی

  • بڵاوبوونەوەی دادپەروەری و ئاساییش و کەمبوونەوەی ستەم و زۆرداری لە هەموو بوارەکاندا.
  • دووبارە گێڕانەوە و کارکردردنەوە بە بنەمای شوورا.
  • وەستاندنی جەنگ لەنێوان وڵاتانی هاوسنووری ناوچەکان.
  • بنیاتنانی شەقام و ڕێڕەو لە نێوان شارە سەرەکییەکانی وەکوو دیمەشق، حەلەب، حومس و شارە ئیسلامییەکانی تر.
  • یەکەم جێنشینی ئومەوییەکان بوو کە بەخشش و سامانی بەرپرس و والی و شاعیرەکانی ئەو سەردەمەی سنووردار کرد و گەڕاندییەوە سەر خەزێنەی موسڵمانان.
  • گرنگی بە زانستی شەرعی داوە و فەرمانی بە نووسینەوە و تۆمارکردنی فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ کردووە.

کۆچی دوایی

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە ساڵی 101ـی کۆچی بەهۆی ژەهرخواردکردنی و کاریگەری ژەهرەوە کۆچی دوایی کردووە، لە ناوچەیەک لە نزیک شاری حەلەبی سووریا نێژراوە.
چەند گێڕانەوەیەک هەیە لەسەر کۆچی دوایی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، ڕاستترینیان بریتییە لەوەی کە لەلایەن کەسێکەوە لەسەر ڕاسپاردەی چەند بەرپرسێکی ئومەوییەکانی خۆیان ژەهرخوارد کراوە. چەند هۆز و بەرپرسێکی دیاری نێو ئومەوییەکان بەخشش و سامانیان لەلایەن عومەرەوە سنووردار کرا و سامانەکانیانی گێڕایەوە بۆسەر خەزێنەی موسڵمانان، بەوهۆیەوە ئەوانیش کەسێکیان ڕاسپارد کە عومەر ژەهرخوارد بکات، دوای ژەهرخواردکردنی چەند ڕۆژێک مایەوە دواتر بەهۆی کاریگەری ژەهرەکەوە کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



6780 بینین