لیمور

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-23-23:42:00 - کۆدی بابەت: 9519
لیمور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیمور (بە عەرەبی: اللیمور، بە ئینگلیزی: Lemur)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و جۆرێکی بچووکی مەیموونە سەرەتاییەکانە، نشینگەکەی دەکەوێتە ئەفریقاوە و جێگەی ژیانکردنی بنەڕەتی ئەم گیانەوەرە تەنها دوورگەی مەدەغەشقەرە، لە ناوچەی دارستانە وشک و دارستانەکانی هێلی کەمەرەییدا دەژی، لەبەر ئەوەی جێگەی ژیانکردنی سنووردار و بچووکە بۆیە بە یەکێک لە ئەو گیانەوەرانە دادەنرێت کە زۆرترین مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

لیمورەکان گیانەوەری کۆمەڵایەتین و شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی پێکەوەیە، واتە کۆمەڵەی تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن، ژمارەی ئەندامەکانی کۆمەڵەکانیان دەکرێت لە نێوان ٦-٣٠ دانە بێت، تاکەکانی کۆمەڵەکە بە بەردەوامی بەشوێن ئەندامەکانیاندا دەگەڕێن و گرنگی بەیەکتری دەدەن، بۆ پەیوەندیکردن بەیەکترییەوە هەر جۆرێک شێوازی دەنگی تایبەتی خۆی هەیە، لیمورەکان دەتوانن دەنگی وەک میاوکردن و جریوە و مۆڕەکردنیان هەبێت، سەرکردەی کۆمەڵەکە زۆرینەی جارەکان مێینەیەک دەبێت، کە کاتی خەوتن و گەڕان بەدوای خۆراکدا دیاریدەکات، هەروەها خێرایی ئەم بوونەوەرە لە کاتژمێرێکدا دەگاتە زیاتر لە ١٩ کیلۆمەتر.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی لیمور بە فەروو داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک ڕەش، سپی، قاوەیی، سوور لەگەڵ ڕەساسی، قەبارەیەکی زۆر گەورەی نییە و بەنزیکەیی هێندەی پشیلەیەک دەبێت، کێشی لە نێوان ٠.٠٣-١٠ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٨-٧١ سانتیمەترە، درێژی کلکی لیمور لە هەندێکیاندا زیاترە لە جەستەیی و لە جۆرەکانی تریشدا هاوشێوەیەتی، شێوازی جەستەی بچووکە بەڵام کلکی درێژ و باریکە، جیاواز لە جۆرەکانی تری مەیموون کلکی لیمور بەکارنایەت بۆ خۆهەڵواسین بە درەختەکانەوە.

ڕووخساری سپییە و چاوەکانیشی گەورەن بۆیە شێوەی وەک خێو یاخود مرۆڤی مردووە، ناوە زانستییەکەشی هەر بە واتای خێو دێت کە بەهۆی شێوەی ڕووخسارییەوە دانراوە، لیمور دوو گوێچکەی تیژ ئاڕاستەکراو و لوتێکی بچووکی هەیە، شێوازی پەنجەکانی بەجۆرێکە کە بۆ هەڵکۆڵینی قەدی درەخت و لێکردنەوەی میوە زۆر گونجاوە، چنگیشی تیژە و بۆ سەرکەوتن بەسەر درەختەکاندا سوودی لێوەردەگرێت.

هەندێک لە جۆرەکانی ئەم بوونەوەرە پەلەکانی دواوەیان درێژترە، ئەمەش بۆ بازدانە بەشێوەیەکی لێهاتوو لە چڵێکەوە بۆ چڵێکی تر، لەناو دەمی لیمورەکاندا زمانێکی سەرەکی هەیە هاوشێوەی مرۆڤەکان بۆ خواردن بەکاردێت، بەڵام لەژێریدا زمانێکی بچووکی دووەمی هەیە کە لە کڕکڕاگەی ڕەق پێکهاتووە و بۆ خاوێنکردنەوەی ددانەکانی بەکاردێت.

خۆراک

لیموور گیانەوەرێکی هەموو شتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکی جۆرە بچووکەکان بریتییە لە مێروو لەگەڵ میوە و گەڵاکان، هەندێکجاریش دەکرێت هێلکەی باڵندە و بێچووەکانیشی بخۆن، بەڵام ئەندامە پێگەیشتووەکان زیاتر ڕووەکخۆرن کە میوە، گوڵ ،گەڵا، ئاووگ و نیانی درەختەکان دەخۆن، هەروەها ئەم بوونەوەرە خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک فۆسا کە سەرەکیترین ڕاوکەری دورگەکەیە.

یەکێکی تر لەمەترسییە گەورەکان لەدەستدانی نشینگەکانیانە، کە مرۆڤەکان بە ڕێگای نایاسایی دارستانەکان دەبڕنەوە، بۆ نموونە لە ماوەی ٢٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا و لە ئەو کاتەوەی کە مرۆڤەکان ڕۆشتوونەتە مەدەغەشقەر ١٧ جۆری لیمورەکان لەناوچوون و نەماون، یاخود هێنانی سەگ و پشیلەی کێوی لەلایەن مرۆڤەوە بۆ دوورگەکە، کە ئەم گیانەوەرانە لە بنەڕەتدا لە ناوچەکە نەبوون و دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگی ژینگەیی دورگەکە.

یەکگرتن و زۆربوون

لە ماوەی وەرزی یەکگرتندا نێرینەکان شەڕدەکەن لەسەر بەدەستهێنانی مێینەیەکە بۆ هاوبەشی و جووتبوون، مێینەی زۆرینەی جۆرەکان تەنها لەیەک ڕۆژدا بەدرێژایی ساڵەکە توانای هێلکە پیتاندنیان دەبێت، پاش یەکگرتن ماوەی سکپڕی ٢-٥ مانگ دەخایەنێت کە بەگوێرەی جۆرەکانی لیمور جیاوازی هەیە، هەروەها ناوەندە ڕێژەی ژمارەی بێچووەکان لە هەر جارێکدا دەگاتە سێ دانە، زۆرینەی دایکەکان تەنها یەک بێچوویان دەبێت بەڵام هەندێکیشان دەکرێت شەش بێچوویان ببێت، لە هەفتەکانی سەرەتای ژیانیاندا بێچووەکان خۆیان بەدایکیانەوە دەنوسێنن، پاش تێپەڕبوونی ٣-٤ مانگ توانای ڕۆشتنیان دەبێت، هەروەها پاش ساڵ و نیوێک گەشەسەندنیان تەواودەبێت و پشتبەخۆیان دەبەستن، هەروەها سوڕی ژیانی ئەم جۆرە گیاندارە لە نێوان ١٠-١٤ ساڵ دەبێت.

جۆرە سەرەکییەکان

زیاتر لە ١٠٠ جۆر لە لیمور لەسەر دوورگەی مەدەغەشقەر دەژین، دەکرێت خەڵکی خواستی ماڵیکردنی هەندێک لە جۆرەکانی لیموریان هەبێت، کە ئەم خواستەش لە هەندێک لە جێگەکاندا یاسایی و ڕێگەپێدراوە، بەڵام ماڵیکردنی لیمورەکان دەبێتە کارەسات، چونکە ژیانکردنی لیمورەکان پێکەوەیە و بۆ ئەوەی تاکێکیان بەتەندروستی بمێنێتەوە پێویستی بە تاکێکی تر هەیە، لەبەر ئەوە کاتێک لیمورێک ماڵی دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە بوونەوەرێکی شەڕانگێز و دەکرێت زیان بە خاوەنەکەی بگەیەنێت، نموونەوەی باوترین جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • لیموری مشکی ڕەساسی
  • لیموری کلک بازنەیی
  • لیموری ئای ئای
  • لیموری کەیفخۆشی باکووری


سەرچاوەکان



396 بینین