پاپایە

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-29-18:16:00 - کۆدی بابەت: 9603
پاپایە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پاپایە (بە ئینگلیزی: papaya, papaws, pawpaws، بە عەرەبی: بابایا)، جۆرە میوەیەکی شێوە هەرمێییە، لە کەشوهەوای گەرمەسێریدا گەورە دەبن. بەهۆی تامە شیرینەکەی، ڕەنگە گەشاوەکەی و ئەو سوودە تەندروستیانەی هەیەتی، میوەیەکی بەرچاو و پەسەندکراوە لەلایەن خەڵکەوە. ئەم میوەیە لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا بەردەستە و پێکهاتەی خۆراکی گرنگی تێدایە. بە شێوەیەکی گشتی سوودەکانی پاپایە بریتییە لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشیی شەکرە و جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە، بەشداری کرداری هەرس دەکات، پەستانی خوێن نزم دەکاتەوە و لە پڕۆسەی ساڕێژبوونی بریندا گرنگە.

پاپایە چییە و لە کوێ بەرهەم دەهێنرێت؟

پاپایە میوەیەکی نەرمە و ڕەنگێکی زەردی مەیلەو پرتەقاڵی هەیە، سەر بە خێزانی کارکاسیایە، ئەم میوەیە چەندین قەبارە و شێوەی جیاوازی هەیە، بەڵام بە زۆری شێوەیان هەرمێیی یان هێلکەییە، هەروەها لە چەندین ناوکی بچووکی ڕەش پێکهاتووە. تامەکەی پەیوەستە بەو جۆرەی دەیخۆیت، بۆ نموونە ئەگەر دانەیەکی پێگەیشتوو بخۆیت ئەوا تامەکەی شیرینە و نزیکە لە تامی شووتییەوە، لە کاتێکدا خواردنی دانەیەکی پێنەگەیشتوو لەوانەیە بێتام بێت. داری ئەم میوەیە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، بەرزییەکەی بە نزیکەیی ٣-٤ مەترە. حەزیان بە تیشکی خۆر و گەرمییە، لەبەرئەوە لە هەبوونی تیشکی خۆردا زۆر بەباشی گەورە دەبن. پاپایە ڕەسەنی ئەمریکای کەمەرەییە، هەروەها لە باشووری مەکسیکا و ناوەڕاستی ئەمریکا سەرچاوەی گرتووە.

پێکهاتە خۆراکییەکانی ناو پاپایە 

هەروەک میوەکانی تر، پاپایە سوود بە لەشی مرۆڤ دەگەیەنێت، ئەگەر بڕی پێویستی لێ بخورێت و زیادە خۆری تێدا نەکرێت. ئەم میوەیە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C، پاپایەیەکی قەبارە مامناوەند ئەم پێکهاتە خۆراکییانەی تێدایە:
 ⁃ ١٢٠ کالۆری
 ⁃ ٣٠ گرام لە کاربۆهیدرات
 ⁃ پێنج گرام لە ڕیشاڵ 
 ⁃ ١٨ گرام لە شەکر
 ⁃ دوو گرام پڕۆتین  
کۆمەڵێک پێکهاتەی تری تێدایە وەک:
 ⁃ فۆلەیت
 ⁃ ڤیتامین A 
 ⁃ مەگنیسیۆم 
هەروەها پێکهاتەی تری وەکوو ڤیتامین B, دژەئۆکسێنی وەک لیوتین و زیەزانسن، ڤیتامین E و پۆتاسیۆمی تێدایە. 

سوودەکانی پاپایە

1. ڕێگری لە هەناسەتوندی دەگرێت

ئەگەری تووشبوون بە هەناسەتەنگی لەو کەسانەدا کەمە کە ئەو خواردنانەی دەیخۆن دەوڵەمەندە بە بێتا-کارۆتین (beta-carotene)، ئەم پێکهاتەیەش لە پاپایادا هەیە و هەروەها لە بڕۆکلی و گێزەر و چەند خۆراکێکی تردا هەیە.

2. لەشی مرۆڤ لە چەند جۆرێکی تایبەتی شێرپەنجە دەپارێزێت

دروستبوونی تەنۆلکەی سەربەست لە لەشی مرۆڤدا پەیوەندی بە چەند جۆرێکی شێرپەنجەوە هەیە. لەبەرئەوەی پاپایە ڕێژەیەکی باش لە دژەئۆکسێنی تێدایە، ڕێگرە لە دروستبوونی تەنۆلکەی سەربەست دەگرێت و ناهێڵێت خانەکان زیانیان بەرکەوێت، ئەمەش ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە. هەروەها بێتا کارۆتینۆیدی تێدایە کە دژەئۆکسێنە، چەند لێکۆڵینەوەیەک دەریان خستووە ڕێگری لە شێرپەنجەی پڕۆستات دەکات. 

3. بۆ تەندروستی ئێسکەکان گرنگە

شکانەوە و لاوازبوونی ئێسکەکان پەیوەندی بە کەمیی ڤیتامین K هەیە، ئەم ڤیتامینە وا دەکات بەئاسانی کالسیۆم لە لەشدا هەڵبمژرێت و هەروەها کردنە دەرەوی کالسیۆم بۆ دەرەوەی لەش لەڕێگەی کۆئەندامی میز و میزەڕۆوە کەم دەکاتەوە، بەمەش لەشی مرۆڤ بڕی پێویستی لە کالسیۆم هەیە و ئێسکەکان بەهێز دەبن و تووشی لاوازبوون نابن. 

4. کرداری هەرس ئاسان دەکات

پاپایە ئەنزیمێکی تێدایە پێی دەوترێت پاپەین (papain)، ئەم ئەنزیمە کرداری هەرس ئاسان دەکات، هەروەها بڕێکی باش لە ڕیشاڵەکان و شلەمەنی تێدایە کە ڕێگری لە قەبزی دەکات و کرداری هەرس ئاسان دەکات. 

5. ڕێگری لە کێشەکانی دڵ دەکات

ڕیشاڵەکان، پۆتاسیۆم و ڤیتامینەکانی ناو پاپایە، ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ دەکەن. سیستمێکی خۆراکی کە پێکهاتووە لە بڕی پێویست لە پۆتاسیۆم و بەکارهێنانی سۆدیۆم بە ڕێژەیەکی کەم ئەگەری تووشبوون و هەبوونی کێشەی دڵ کەم دەکاتەوە، ئەم میوەیە سەرچاوەیەکی باشە بە پۆتاسیۆم. 

6. ڕێگری لە هەوکردن دەکات

کۆلین (choline)، پێکهاتەیەکی گرنگە لە پاپایەدا هەیە، یارمەتی جەستەی مرۆڤ دەدات لە پڕۆسەی خەوتندا. هەروەها ڕۆڵی گرنگی لە جووڵەی ماسولکەکان، فێربوون، بیرەوەری، هەڵمژینی چەورییەکان و کەمکردنەوەی هەوکردندا هەیە. 

7. بۆ تەندرووستی قژ گرنگە

پاپایە سوودی بۆ قژیش هەیە، لەبەرئەوەی ڤیتامین A تێدایە کە لە بەرهەمهێنانی چەورییە ڕژێنەکان گرنگە، قژ بە شێداری دەهێڵێتەوە. هەروها بۆ پێست گرنگە، چونکە ڤیتامین C تێدایە، یارمەتی هێشتنەوە و زیادبوونی کۆلاجین دەدات، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی پێستە. 

ئایا دەکرێت لە کاتی کێش دابەزاندندا بخورێت؟ 

  • ئەم میوەیە بۆ کێش دابەزاندن زۆر گونجاوە، بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی کەم لە کالۆری لە پێکهاتەیدا و هەبوونی بڕێکی باش لە ڕیشاڵ.
  • خواردنی پاپایە وا دەکات بۆ ماوەیەکی زۆرتر بە تێری بمێنیتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەکارهێنانی خواردنێکی کەمتر لە ڕۆژەکەدا و بەم شێوەیە یارمەتی پڕۆسەی کێش دابەزاندن دەدات. بوونی ڕیشاڵ لە ناویدا کرداری هەرس ئاسان دەکات و یارمەتی دەدات، لە ئەنجامدا کەسەکە کەمتر هەست بە هەڵئاوسانی سک دەکات و تووشی ناڕەحەتی نابێت. 

کام جۆری بە تام و چێژترە و پێویستە چۆن هەڵبگیرێت؟ 

لەبەرئەوەی پاپایە لە مەکسیکاوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە دەکرێت لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بۆ کڕین بەردەست بێت. بەڵام کڕینی لە هەموو کاتەکاندا هەڵبژاردەیەکی گونجاو نییە، لەوانەیە لە کاتێکی نەگونجاودا ئەم میوەیە بکڕیت و تامەکەیت لەلا پەسەند نەبێت، بۆیە دەبێت بزانرێت چ جۆرێک لە پاپایە گونجاوە بۆ کڕین. هەوڵبدە ئەوانە هەڵبژێریت کە پێگەیشتوون و ئامادەن بۆ خواردن، پاپایەی پێنەگەیشتوو ڕەنگەکەی تێکەڵاوی سەوز و زەردە، لە کاتێکدا پاپایەی پێگەیشتوو ڕەنگێکی زەردی گەشی مەیلەو پرتەقاڵی هەیە و بە دەست لێدانی هەست بە نەرماییەکی کەم دەکرێت. لە کاتی کڕینی پاپایەی پێنەگەیشتوو پێویستە لە شوێنێکدا دابنرێت تا بە تەواوی پێدەگات و بۆ خواردن گونجاو دەبێت، لە دوای پێگەیشتن پێویستە لە ساردکەرەدا هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی ڕێگرە لە خراپبوون و تێکچوونی بگیرێت. ئەگەر چەند پارچەیەک لەدوای خواردنی و بە پاککراوی مایەوە، دەتوانرێت لە بەفرگردا هەڵبگیرێت و تا نزیکەی دە مانگ تێک ناچێت و دەمێنێتەوە.

ئایا زیانی لاوەکی هەیە؟ 

لەگەڵ ئەوەی پاپایە میوەیەکی تەندروستە و ڕێژەی کالۆری کەمە، بەڵام دەکرێت هەندێک کەس بە خواردنی دووچاری هەستیاری ببنەوە و تووشی کێشەی تەندروستی ببن. پاپایەی پێنەگەیشتوو بڕێکی زۆر لە لاتێکس (latex) تێدایە، ئەم بڕە لەگەڵ پێگەیشتنی میوەکەیا کەم دەکات. گرنگە خانمانی دووگیان لە خواردنی ئەم میوەیە دوور بکەونەوە، لەبەرئەوەی لاتێکس دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان و پڕۆسەی منداڵبوون پێش دەخات. ئەگەر کەسەکە هەستیاری بە لاتێکس هەبێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەستیاری بە پاپایە هەیە، نیشانەکانی هەستیاری لاتێکس بریتیین لە خوران، لووت گیران و توندبوونی سنگ، لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی هەناسەدان. لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەیەکی باشە بە ڕیشاڵ و لە کرداری هەرسدا بەسوودە، بەڵام خواردنی ڕێژەیەکی زۆر، واتە زیاد لە بڕی پێویست دەکرێت ببێتە هۆی سکچوون و دروستبوونی کێشەی وەک سکئێشە. ئەگەر لەدوای خواردنی پاپایە کێشەی لەم جۆرە ڕوویدا وا باشترە سەردانی پسپۆڕی تایبەت بکرێت. 

ئایا ناوکی پاپایە دەخورێت؟

هەندێک کەس لە دوای قاشکردنی ئەم میوەیە، ناوکەکەی فڕێ دەدات. بەڵام هەر وەک میوەکە، دەکرێت ناوکەکەشی بخورێت. ناوکەکەی پێکهاتەیەکی نەرمی هەیە و لەکاتی خواردنیدا تیژییەکی زۆر کەم هەستی پێ دەکرێت. دەکرێت بە وشککراوەییش بخورێت، لەدوای دەرکردنی ناوکەکەی کەمێک ئاوی بەسەردا بکە، لەسەر کلێنس یان خاولی دایبنێ تا وشک دەبێتەوە، دواتر دەتوانی بۆ سەر خواردن بەکاریبهێنیت. سەلمێنراوە خواردنی ناوکی پاپایە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی سپێرم لە پیاواندا، بۆیە وا باشترە دووربکەونەوە لە خواردنی یان بڕەکەی کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی دووچاری هیچ کێشەیەک نەبنەوە.


سەرچاوەکان



368 بینین