زەینەبی کچی پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-08-13:57:00 - کۆدی بابەت: 9752
زەینەبی کچی پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زەینەبی کچی محەمەد یان زەینەبی کچی پێغەمبەر ﷺ (بە عەرەبی: زینب بنت النبي محمد ﷺ) لە خاتوو خەدیجەی خێزانی کچی گەورەی پێغەمبەر ﷺـە. خاتوو زەینەب بە ٢٣ ساڵ پێش کۆچ کردن واتا بە دە ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی و بە دیاریکراوی لە ساڵی ٦٠٠ـی زایینی لە مەککە لەدایکبووە.

لەنێو منداڵەکانی پێغەمبەر ﷺ ڕاجیایی هەیە لە ڕیزبەندی زەینەب و ڕیزبەندی قاسمی کوڕی پێغەمبەر ﷺ، دایکی زەینەب خاتوو خەدیجەی کچی خوەیلدە، زەینەب هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕە پووری خۆی کردووە، "ئەبووعاسی کوڕی ڕەبیع" کە کوڕی هالەی کچی خوەیلدی خوشکی خاتوو خەدیجە بووە. لە دوای هاوسەرگیرییەکەیان بوونە خاوەن کوڕێک بەناوی عەلی کە هەر لە تەمەنی منداڵی کۆچی دوایی کردووە، هەروەها بوونە خاوەن کچێک بەناوی ئومامە کە هاوسەرگیری لەگەڵ عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب کرد.

چیرۆکی خۆشەویستی زەینەب و هاوسەرەکەی

لەدوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام و خاتوو زەینەب ڕاستەوخۆ باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی باوکی هێنا. ئەبووعاسی هاوسەری لە بازرگانە ناودارەکانی قوڕەیش بوو، کاتێک لە یەکێک لە گەشتەکانی گەڕایەوە بە موسوڵمانبوونی هاوسەرەکەی سەرسام بوو، خاتوو زەینەب پێشنیاری باوەڕهێنانی بۆ ئەویش کرد، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و داوای لە خاتوو زەینەب کرد کە ڕێزی بڕیارەکەی بگرێت و بیبورێت، ئەویش پێی وت: "من لە هەمووان لەپێشترم بۆ تۆ تاکوو ڕێزی بڕیارەکەت بگرم".

لە کاتی ڕوودانی جەنگی بەدر ئەبووعاسی هاوسەری دژی موسڵمانان بەشداری جەنگەکەی کردووە، کاتێک جەنگەکە بە سەرکەوتنی موسڵمانان تەواو بووە ئەبووعاس لەلایەن موسڵمانەکانەوە دیل کراوە. خاتوو زەینەب بڕیاری ئازادکردنی هاوسەرەکەی داوە و پارچە ملوانکەیەکی گرانبەهای خاتوو خەدیجەی دایکی لەلا بووە، بۆیە وەکوو نرخی ئازادکردنی ناردوویەتی بۆ موسوڵمانان.

کاتێک پێغەمبەر ﷺ ئەو پارچە ملوانکەیەی بینیووە کاریگەر بووە و خاتوو خەدیجەی بەبیر کەوتووەتەوە، مۆڵەتی لە موسوڵمانان وەرگرت کە ئەبووعاس ئازاد بکەن و پارچە ملوانکەکەش بگێڕنەوە بۆ زەینەب. موسوڵمانان داواکەی پێغەمبەرﷺـیان پەسەند کرد و پاشان فەرمووی "بە زەینەب ڕابگەیەنن کە ئاگاداری ملوانکەکەی خەدیجە بێت". پاشان داوای لە ئەبووعاس کرد ڕێگە بدات کچەکەی کۆچی مەدینە بکات، چونکە خودای گەورە فرمانی پێکردووە کە ژنێکی باوەڕدار و هاوسەرێکی بێباوەڕ نابێت ببنە یەک خێزان، بۆیە ئەبووعاس بەڵێنی پێدا کە زەینەب دەنێرێت بۆ مەدینە، بەڵێنەکەشی بردەسەر.

لەسەر گەشتنی زەینەب بۆ مەدینە چەند گێڕانەوەیەک هەیە، هەندێک لە گێڕانەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لەو کۆچە زەینەب دووگیان بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هەوڵدانێک بۆ گەشتەکە چەند قوڕەیشییەک ڕێگرییان لە گەشتەکەی کرووە و ترساوە منداڵەکەی لەبارچووە. دوای چەند جارێک هەوڵدان توانرا زەینەب بە پارێزگاری و پاڵپشتی هاوسەرەکەی بگەیەنرێتە شاری مەدینە.

دوای ماوەیەک کاروانێکی بازرگانی ئەبووعاس لە نزیک مەدینە کەوتە دەست موسڵمانان، ئەبووعاس بۆ ماڵی زەینەب هەڵهات، زەینەب بە دڵخۆشیی و سەرسامییەوە پێی وت "ئایا تۆ موسوڵمان بوویتە و سەردانی مەدینەت کردووە؟" ئەویش لە وەڵامدا وتی "بە پێچەوانەوە من پەنام بۆ تۆ هێناوە تا هاوکاریم بکەیت" زەینەب بەڵێنی هاوکریکردنی پێدا.
پێغەمبەر ﷺ بە موسوڵمانانی وت کە ئەبووعاس بەڵێن و قسەی بە من داوە و پاشان بە ئەمەک بووە بەڵێنەکەی بردووەتە سەر و لە ڕابردوودا زاوایەکی باش بووە بۆ من، ئایا ڕازی دەبن کە کاروانەکەی بۆ بگێڕنەوە؟" موسڵمانان داواکەی پێغەمبەر ﷺـیان پەسەند کرد، بۆیە بازرگانییەکە درایەوە ئەبووعاس، ئەویش سامانەکەی گەڕاندەوە مەککە، پاشان دوای ئەم ڕووداوە موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاند.

ڕاستەوخۆ دوای موسڵمانبوونی کۆچی مەدینەی کردووە و دووبارە داوای هاوسەرگیری لەگەڵ زەینەب لە پێغەمبەر ﷺ کردووە، داواکەی پەسەند کرد و دووبارە گەڕایەوه لای خاتوو زەینەب.

کۆچی دوایی

خاتوو زەینەب بە ساڵێک دوای گەڕانەوەی بۆ لای ئەبووعاس لە ساڵی حەوت یان هەشتی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٢٩ زایینی لە مەدینە کۆچی دوایی کردووە، هاوسەرەکەی لە پاش ئەو هەرگیز هاوسەرگیری نەکردەوە، لە چەند گێڕانەوەیەدا هاتووە کە ئەبووعاس بە پێغەمبەر ﷺ فەرمووە "لە دوای زەینەب توانای ژیانکردنی لەم دوونیایە نەماوە" بۆیە زۆر خەمبار بووە و دوای ساڵێک لە کۆچی دوایی زەینەب، ئەبووعاس کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



1489 بینین