پابلۆ پیکاسۆ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-18-21:13:00 - کۆدی بابەت: 9901
پابلۆ پیکاسۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پابلۆ پیکاسۆ یان پابلۆ رویز پیکاسۆ (بە ئینگلیزی: pablo picasso، بە عەرەبی: بابلو بيكاسو) لەڕووی هونەری و بزووتنەوە هونەرییەکانەوە بە یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، پێش تەمەنی ٥٠ ساڵی لە هونەری هاوچەرخدا بوو بە ناسراوترین ناو. شێوەکار، پەیکەرتاش و دیزاینەری شانۆ، بەشێکی زۆری ژیانی لە فەڕەنسا بەسەربردووە. سەرەڕای ئەوەی بە یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، دامەزرێنەری بزووتنەوەی (کوبیست) داهێنەری پەیکەرسازی دروستکراو و دامەزرێنەری کۆلێژ بووە.

سەرەتای ژیانی

پابلۆ پیکاسۆ لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٨١ لە شاری مالاگای ئیسپانیا لەدایکبووە، باوکی ناوی (دۆن جۆزێ رویز بلاسکۆ) بووە، وێنەکێش و مامۆستای هونەر بوو. پابلۆ پیکاسۆ هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی وێنەکێشانی هەبووە و خاوەنی بەهرەیەکی زۆری وێنەکێشان بووە. هەر لە منداڵییەوە باوکی هەوڵی داوە فێری وێنەکێشانی بکات، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا لە ئاستێکی بەرزی وێنەکێشاندا بووە.

ئارەزووی خوێندنی نەکردووە هەموو توانا و ئارەزووەکانی بۆ وێنەکێشان بووە. بەهۆی خراپی لە قوتابخانە وەک سزا بە تەنها بۆ ژوورێک کە دیوارەکانی سپی بوون و تەنها یەک کورسی دانیشتنی تێدابووە گواستراوەتەوە، بەڵام پیکاسۆ دەڵێت: "ئارەزووی ئەو شوێنەم دەکرد چونکە تەختەی وێنەکێشانەکەم لەگەڵ خۆم بردبوو دەمتوانی بۆ هەموو ژیانم لەم ژوورەدا بمێنمەوە و بەبێ وەستان وێنە بکێشم". لە ساڵی ١٨٩٥ کاتێک تەمەنی ١٤ ساڵان بوو لەگەڵ خێزانەکەی چوون بۆ بەرشەلۆنەی ئیسپانیا، بە مەبەستی ناو تۆمارکردن بەخێرایی پەیوەندییان بە قوتابخانەی هونەرە جوانەکانی شاری بەرشەلۆنە کردووە، ئەم قوتابخانەیە تەنها ناوی ئەو کەسانەی کە چەند ساڵێک لە پیکاسۆ گەورەتر بوون تۆمار دەکرد، بەڵام ئەنجامی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی پیکاسۆ سەرسوڕهێنەر بوو بەهۆی توانایەکی زۆری وێنەکێشان لە تەمەنی ١٤ ساڵی ناوی لەم قوتابخانەیە تۆمارکرا. لە ساڵی ١٨٩٧ پیکاسۆ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەشداری لە ئەکادیمیای شاهانەی سان فێرنادۆ لە مەدرید کردووە، بەڵام بێزارببوو لەو شێوە وێنەکێشانەی قوتابخانەکەی کە هەمیشە سەرنجیان لەسەر وێنەکێشانی کلاسیک و تەکنیکەکان بوو، هاوپۆلەکانی هەموویان بە یەک شێوە وێنەیان دەکێشا لەبەر ئەمە بڕیاریدا لەم قاڵبی وێنەکێشانە بێتە دەرەوە، بچێتە دەرەوەی پۆلەکەی ئەو شتانەی کە لە شارەکەدا دەیبینی ئەو شتانە وێنە بکێشێت.

ژیانی تایبەت

پابلۆ پیکاسۆ دووجار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە.

لە ساڵی ١٩١٨ لەگەڵ (ئۆلگا خوخڵۆڤا) ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و بۆ ماوەی نۆ ساڵ پێکەوە مانەوە کوڕێکیان بە ناوی (پاوڵۆ) هەبوو، لە ساڵی ١٩٢٧ لە یەکتری جیابوونەوە.

لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا دووبارە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (جاکلین ڕۆکوی) پێکهێنا. پیکاسۆ باوکی چوار منداڵ بە ناوەکانی پاوڵۆ، مایا، کلاود و پالۆما بوو. پالۆما لە چەند کارێکی هونەری باوکیدا ڕۆڵی هەبووە، دیزاینەرێکی بەناوبانگی بواری جوانکاری بووە.

کۆچی دوایی

لە ٨ـی نیسانی ١٩٧٣ لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە مۆگینس لە فەڕەنسا بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە کاتێکدا لەگەڵ جاکلینی هاوسەری کاتیان لەگەڵ هاوڕێکانیان بەسەر دەبرد کۆچی دوایی کردووە.

بەناوبانگترین تابلۆکانی

(گورنیکا) تەنیا باشترین کاری پیکاسۆ نەبووە، بەڵکو یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆ هونەرییەکان لە جیهاندا. تابلۆکە دەربارەی هێرشێکی ئاسمانی بۆ شارۆچکەی باسک لە گورنیکا لە نیسانی ١٩٣٧ بوو، بۆ کارەساتەکانی جەنگی جیهانیی دووەم پێشەکییەکی بینراو بوو.

(گیتارژەنی کۆن) یەکێکە لە خەمناکترین کارەکانی، تابلۆکە ئاماژە بە گیتارژەنێکی ماندوو دەکات کە بەهۆی ماندووبوونەوە بەسەر گیتارە قاوەیییەکەیدا کەوتووە.

(کچێک لەبەردەم ئاوێنەدا) پەیامی تابلۆکە دەربارەی ئەوەیە ئایا بەڕاستی کاتێک لە ئاوێنەدا سەیری خۆت دەکەیت چی دەبینیت؟

پیکاسۆ دەڵێت: "کاتێک منداڵ بووم دایکم پێی وتم  (ئەگەر ببیت بە سەرباز، ئەوا دەبیتە جەنەڕاڵ و ئەگەر ببیتە قەشە لە کۆتایدا دەبیت بە پاپا)، بەڵام لەجیاتی ئەوە من بووم بە وێنەکێش و لە ئەنجامدا بووم بە پیکاسۆ.


سەرچاوەکان

159 بینین