گوڵی ئەزالیا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-20-23:51:00 - کۆدی بابەت: 9929
گوڵی ئەزالیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی ئەزالیا (بە عەرەبی: زهرة الأزالية، بە ئینگلیزی: Azalea، ناوی زانستی: Rhododendron)، یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە لە زۆرینەی باخچەکاندا بوونی هەیە و هەندێکیان هەمیشە سەوزن، بەڵام جۆرەکانی تری بەگۆڕانی وەرزەکان دەگۆڕێن، ژمارەیەکی زۆری خەڵكی ئارەزوو دەکەن کە ئەزالیا وەک پەرژین بچێنن بۆ باخچەکانیان و گرنگی پێدەدەن، بەڵام دەکرێت تووشی نەخۆشی جیاوازی کەڕوو و مێرووەکان ببێتەوە، کە چارەسەرکردنیان ئاسانە و تەنها بەشۆردن یاخود بەکارهێنانی دەرمانی قڕپێکەری تایبەت لادەبرێن.  

ئەم ڕووەکە بۆ پشیلە و سەگی ماڵی و زۆرینەی گیانەوەرە ماڵییەکانی تر ژەهراوییە، واتە نابێت بیخۆن چونکە زیانیان پێدەگات، دوای خواردنی دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی وەک ڕشانەوە و لاوازبوون یان شڵەژان، هەروەها لە ڕابردوودا وەک هێمایەک بۆ دوژمنایەتی بەکارهێنراوە، چونکە هەموو بەشەکانی گوڵەکە ژەهراوییە و کاتێک وەک نامەیەک نێردراوە بۆ لایەنێک ئەوا بە واتای شەڕ و ڕاگەیاندنی دوژمنایەتی هاتووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو بۆچوونانە گۆڕاون و خەڵکی گوڵی ئەزالیا وەک دیاری پێشکەش بە خۆشەویست و هاوڕێکانیان دەکەن.   

شێوە و پێکهاتەی

ئەم گوڵە کە زیاتر وەک دەوەنێک دەردەکەوێت ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە، لە ئەنجامدا شێوە و ڕەنگ و قەبارەی هەمەڕەنگی زۆریشی هەیە، بەڵام بەگشتی ڕووەکێکی قەبارە بچووک یان مامناوەندە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لق و چڵ، هەروەها ئەزالیا گوڵ دەگرێت و ماوەی مانەوەی گوڵەکەشی نزیکەی سێ هەفتە دەخایەنێت، کاتی گوڵگرتنی دەگۆڕێت بەگوێرەی ڕووەکەکە و لەنێوان سەرەتای بەهارەوە هەتاکوو هاوین دەخایەنێت، شێوەی گوڵەکەشی وەک ڕەحەتییەکی بچووکە، ئەزالیا ژمارەیەکی زۆر گەڵای هەیە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زەرد دەبن و دەوەرن، کە ئەمەش بارێکی ئاساییە و پێویستە ڕووبدات، بەڵام دەرکەوتنی خاڵ و نیشانەی ڕەش و سپی لەسەر گەڵاکانی هێمای هەبوونی نەخۆشین.

سوودەکانی

  • بەکاردێت بۆ جوانکاری و ڕازاندنەوە.
  • یەکێکە لە ئەو ڕووەکانەی کە لەباخچەکاندا دەپیتێنرێت لەلایەن مێرووەکانەوە، واتە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی ئەو مێروو و بوونەوەرانەی کە هەڵاڵەکانی دەگوازنەوە و دەیپیتێنن.
  • ژمارەیەکی خەڵکی باوەڕیان وایە کە بۆ چارەسەری هەندێک لە نەخۆشییەکان بەسوودە، بەڵام زانیاری ورد و تەواوی لەسەر نییە، باشترە بەبێ پرسکردن بە پزیشکیش هیچ دەرمانێکی کولتووری بەکارنەهێنرێت کە ئەزالیای تێدابێت.

شێوازی چاندن

گوڵی ئەزالیا لە ناوچەی ئاووهەوا مامناوەندەکاندا دەکرێت لە هەموو کاتەکانی ساڵدا بچێنرێت، بەڵام باشترین کات وەرزەکانی بەهار و پاییزە، کە لە ئەم وەرزانەدا کەشوهەوا زۆر گەرم نییە و زۆر ساردیش نییە، نموونەییترین کات بۆ چاندنی ئەم ڕووەکە پاییزە کە بوار بە ڕووەکەکە دەدات ڕەگ دابکوتێت و پاڵپشتی گەشەکردن و گوڵگرتنی لە بەهاردا دەکات، سەرەتا پێویستە چاڵێک بە ئەندازەی درێژی ڕەگەکە هەڵبکۆڵرێت و فراوانییەکەشی ٢-٣ هێندە ببێت، دوای چاندنی گوڵەکەش چاڵەکەی بە خاکێکی بەپیت پڕبکرێتەوە، هەروەها وا باشترە کە خاکەکە ماددەی سەماد و هاوشێوەکانی تێدابێت، هەتاکوو خۆراک بدەن بە ڕووەکەکە لەماوەی گەشەکردنیدا.  

جگە لە خاک ئەم گوڵە لە گۆزەکانیشدا دەچێنرێت و دەکرێت ببرێتە ژورەوە، بەڵام پێویستی بە گۆزەیەکی قەبارە گەورەیە، هەروەها دەبێت جێگەکەی لە هەردوو خاک و ئینجانەدا ئاو بەباشی تێپەڕبکات و کۆنەبێتەوە، چونکە ڕەگەکەی ئارەزووی مانەوە لە جێگەی تەڕدا ناکات، خاکەکەشی دەبێت ترش بێت یاخود کانزای تایبەتی بۆ زیادبکرێت کە دەبێتە هۆی ترشبوونی.

شێوازی گرنگیپێدان

جێگەکەی پێویستە هەندێک ڕووناکی خۆری ناڕاستەوخۆی هەبێت و دواتر ببێتە سێبەر، باشترین کاتیش خۆری بەیانیانە، ئەگەر خۆری کەمی هەبێت ئەوا شێوەکەی تەندروستە بەڵام گوڵی کەمتر دەگرێت، هەروەها دەبێت ڕێژەی ئاودان و شێی پێویستی بۆ دیاریبکرێت، باشترین کاتیش بۆ ئاودان بەیانیانە کە دواتر گەرمی خۆر دەبێتە هۆی وشککردنەوەی خاکەکەی، بەڵام نابێت ئاو بە گەڵاکانیدا بکرێت بۆ ئەوەی ئەگەری توشبوونی بە نەخۆشییەکان کەمبێتەوە.

کاتی گونجاو بۆ بڕین و هەڵپاچینی ئەم ڕووەکە لە پاش سێ هەفتە لە کۆتایی هاتنی خونچەکردن و گوڵگرتنییەتی، کە هەڵپاچین دەبێتە هۆی گوڵگرتنی زیاتری ڕووەکەکە لە بەهاری ساڵی دواتردا، بەڵام ئەو چڵ و گەڵا و لقانەی کە خراپ دەبن دەبێت ڕاستەوخۆ لێبکرێنەوە، واتە پێویست بە چاوەڕوانی کاتی گونجاو ناکات، لێکردنەوەکەشیان لە بنجی نەخۆشییەکەوە بێت واتە لەبنجی قەد و چڵەکانیان، هەتاکوو ڕێگە بە چڵەکە بدرێت دووبارە چەکەرەبکاتەوە.  


سەرچاوەکان



411 بینین