چۆن ئاوی گوڵەکانم بدەم؟

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-22-23:08:00 - کۆدی بابەت: 9960
چۆن ئاوی گوڵەکانم بدەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

(بە ئینگلیزی: how to water my flowers، بە عەرەبی: كيف اسقي الزهور)، ئاودانی گوڵ و ڕووەک یان دەوەن و درەختەکانی ناو باخچە یان ماڵەکان لێزانینی دەوێت، لێنەزانین و زیادەڕەوی کردن دەشێت زیان بە باخچەکان بگەیەنێت. لێرەدا باسی چۆنییەتی ئاودانی گوڵ دەکەین، چۆن ئاوی گوڵەکانم بدەم هەموومان ئەوە دەزانین کە ڕووەکەکان پێویستیان بە خاک و تیشکی خۆر و ئاوە، بەڵام زۆرجار درک بە گرنگی ئاودانی بەردەوامی گوڵەکان ناکەین. کەمی شێ دەتوانێت ببێتە هۆی سیسبوون ڕووەک و گوڵەکان، بە هەمان شێوە دەکرێت ببێتە هۆی کەم بەرهەمهێنانی گوڵ. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ئاودانی ڕووەک و گوڵەکان زیانی هەیە و دەبێتە هۆی نەخۆشی و خنکانی ڕووەکەکان. بۆیە زانینی شێوازەکانی ئاودان گرنگە.

ئاودانی گوڵ

بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی شەتڵکردن یان گواستنەوەی ڕووەک و گوڵەکان ئەگەری لەناوچوون و وشکبوونی ڕووەکە شەتڵکراو و گواستراوەکان زۆرە. بۆ ئەوەی گەشەیەکی بەردەوام و دەستپێکردنێکی تەندروستیان پێ بدرێت، سەرەتا پێش تۆوکردن یان چاندن دەبێت ئاو لە خاکەکە بپرژێنیت بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی شێ. هەروەها لە هەفتەی یەکەمدا ڕۆژانە ئاویان بدە، با خاکەکە شێدار بێت، بەڵام تەڕ نەبێت. دوای حەوت ڕۆژ دەتوانیت ئاودانیان کەم بکەیتەوە بۆ چەند جارێک لە هەفتەیەکدا، بەمەش هانی ڕووەکەکان دەدەیت تا ڕەگەکانیان لە قووڵاییدا گەشە بکات.

بە شێوەیەک ئاوی ڕووەکەکە بدە کە بگات بە ڕەگەکانی قووڵایی

سەرەڕای ئەوەی گوڵەباخ و گوڵەکانی تر بە پڕوشەی دڵۆپەبارانەکانەوە جوان دەردەکەون کە لەبەر تیشکی خۆردا دەدرەوشێنەوە، بەڵام تەڕبوونی لق و گەڵاکان هیچ سوودێک بە ڕووەکەکان ناگەیەنن. سۆندەی ئاوەکە ڕێک لەو شوێنە دابنێ کە پێویستە، ئەو شوێنەش لەسەر خاکەکەیە نەک گەڵا و لقی ڕووەکەکە. بەم کارەت ڕێژەی بەهەڵمبوون کەم دەکەیتەوە، ئاو دەپارێزیت و ئەگەری نەخۆشی کەم دەکەیتەوە.

بەباشی کورت یان گیالاشە بکە بنی گوڵەکان

گیالاشە (ئەو گەڵا ڕزیو و کا و کادار و شتانەن کە بۆ ئەوەی ڕووەکێک باش گەشەبکات دەکرێتە بنی) یارمەتی خاکەکە دەدات ئاو هەڵبمژێت و بە شێداری بمێنێتەوە. نزیکەی ۷٫٦ سانتیمەتر لە گیالاشەی ئەندامی بە یەکسانی لە بنی گوڵەکانتدا دابنێ، لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی گیالاشەی زۆر دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتنی ڕووەکەکە و خاکەکەی دەبێت بە شوێنی هاڕیە زیانبەخشەکان.

پێویستە چەند جار گوڵ ئاو بدرێت؟

دووربکەوە لەوەی کە بەپێی حەزی خۆت ئاوی گوڵەکانی باخچەکەت بدەیت. گوڵی باخچەکان هەفتانە تەنها ۲٫٥ سانتیمەتر ئاویان پێویستە (بە بارانبارینیشەوە). بە سەیرکردنی خاکەکە فێربە کە چەند جار دەبێت گوڵەکان ئاو بدەیت. بۆ ئەو خاکەی کە خێرا ئاو لێیەوە دەچێتە خوارەوە و ئاوکێشە، بە دوو جار ۱٫۳ سانتیمەتر ئاو بکە بنیان، ئەو خاکەشی کە پتەون لە هەفتەیەکدا یەک جار ئاو بکە بنیان.

چی کاتێک باشترین کاتە بۆ ئاودانی گوڵەکان؟

باشترین کات بۆ ئاودانی گوڵەکان لە بەیانیاندایە لە نێوان کاتژمێرەکانی ٦ بۆ ١٠ـی بەیانی، چونکە لەم کاتەدا کەشوهەوا فێنکترە و ڕێژەی بەهەڵمبوون کەمترە و ئاوەکە لە شوێنی پێویستدا دەمێنێتەوە.

ئایا گوڵەکانم زیاد لە پێویست ئاو دەدەم؟

دەشێت زانینی ئەوەی کە ئایا باخچەکەت چەنێک ئاو هەڵدەمژێت شتێکی سەخت بێت، لەوانەیە لە دەمی سۆندەی ئاوەکەت یان ئامێری پرژاندنی باخچەکە دڵنیا نەبیت کە چەنێک ئاویان پێدا دێت.

دانانی ئامێری بارانپێوەر لە باخچەکەتدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بیت کە باخچەکەت هەفتانە چەنێک ئاو هەڵدەمژێت. خۆ ئەگەر ئامێری بارانپێویشت نییە، هیچ کێشە نییە، دەفرێکی لا ڕاست و ڕاستەیەک دەتوانن هەمان زانیاریت پێ بدەن.

هەروەها بۆ زانینی ئەوەی کە لە کەشوهەوای گەرم یان کاتەکانی وشکەساڵیدا کەی ئاوی گوڵەکانت بدەیت دەتوانیت شتێکی فێڵاوی بکەیت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر هەستت کرد گوڵەکانت شێی پێویست بەدەست ناهێنن، پشکنین بۆ ٧،٦ سانتیمەتری سەرەوەی خاکەکە بکە، دەبێت بەردەوام شێدار بێت، خۆ ئەگەر خاکەکەی شێدار نەبوو لەوانەیە پێویست بەوە بکات خشتەی ئاودان زیاد بکەیت بۆ ئەوەی بە شێداری بمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



378 بینین