ئاگرین دڵشاد

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-09-06-16:35:00 - کۆدی بابەت: 10166
ئاگرین دڵشاد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیانی

ئاگرین دڵشاد (بە ئینگلیزی: Agrin Dlshad)، گۆرانیبێژێکی کوردە، لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری کەرکووک لە خێزانێکی هونەری لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و لە ئێستادا قوتابییە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، ئاگرین لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان پێشکەشکاری چەند بەرنامەیەکی مۆسیقی و پێشبڕکێی گۆرانی وتن بووە، لە سەرەتای منداڵییەوە خولیای هونەر، میوزیک و گۆرانی بووە و لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، توانیویەتی لەڕێی میوزیک و بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیەوە بیسەر لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان لە هونەرەکەی کۆبکاتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩، لە بەرنامەی زەلێجند لە کەناڵی ئاڤا وەک ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندن بەشداربووە کە ئەو بەرنامەیە بۆ پێشبڕکێی گۆرانی وتن بوو. ئاگرین دڵشاد دەتوانێت بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و تورکی گۆرانی بڵێت و چەند جارێکیش بە زمانەکانی: فارسی، ئینگلیزی، یۆنانی و ئەرمەنی گۆرانی وتووە. ئاگرین دڵشاد بەردەوام لەگەل خوێندنی کۆلێژی میوزیکی خەریکی کاری لایڤ میوزیک بووە و لایڤ میوزیکی لە شارەکانی کوردستان بە گشتی و هەولێر و سلێمانی بە تایبەتی کردووە.

ناو ئاگرین دڵشاد
ساڵی لەدایکبوون ١٩٩٥
شوێنی لەدایکبوون شاری کەرکووک
پیشە گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، نووسەری تێکستی گۆرانی
بەرهەمەکانی ئەلبوومی تێناگەی
ئاستی خوێندن خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆم و بەکالۆریۆس لە میوزیک

خوێندن

ئاگرین لە ساڵی ٢٠٠٧ خویندنی سەرەتایی لە خوێندنگەی مەولەوی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە و پاشان لە ساڵی ٢٠١٠ خوێندنی ناوەندی لە خوێندنگەی بانەڕۆژ لە شاری کەرکووک تەواوکردووە، ئاگرین بەهۆی ئەو خولیا زۆرەی بۆ میوزیک هەیبووە هەر زوو چووەتە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکووک بەشی میوزیک. لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم هونەرمەندە لە هەڵسەنگاندنی پەیمانگا بە پلەی یەکەم وەرگیراوە و هەر ٥ ساڵی پەیمانگای بە ئاستی یەکەم تەواوکردووە، لە ساڵی ٢٠١٥ هەر لەگەڵ تەواو بوونی خوێندنی پەیمانگا، هونەرمەند ڕاستەوخۆ دەستی کردووە بە خوێندنی بەکالۆریۆس لە زانکۆی سەلاحەدین و دووبارە بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کۆلێژ وەرگیراوە و لە ساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی میوزیک بەدەست هێناوە، ئاگرین دڵشاد لە ئێستادا خاوەنی بروانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسە لە میوزیک و هەروەها شارەزاییەکی باشی لە چەندین ئامێری میوزیکی هەیە.

شارەزایی لە ئامێرەکانی میوزیک

ئاگرین شارەزایی لە چەندین ئامێری میوزیک هەیە لەوانەش: عود، پیانۆ، کیبۆرد، سەنتوور، جەمبوش، باڵەبان، بلوێر، جووزەلە، زوڕنا، ساز و کەمان.

بوارەکانی میوزیک

ئاگرین دڵشاد جگە لە گۆرانی وتن شارەزاییەکی تەواوی لە چەند پیشەیەکی دیکەی پەیوەست بە هونەرەوە هەیە وەک: ئاوازدانەر، ڕێکخەری میوزیک، ئەکتەر و نووسەری تێکستی گۆرانی.

پێشکەشکاری

ئاگرین پڕۆگرامێکی میوزیکی هەبووە لە کەناڵی کوردماکس لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ بە ستایلێکی نوێ پرۆگرامی هونەری هێنایە ناو میدیای کوردی و لە ماوەی تەنها شەش مانگدا ١٢ پڕۆگرامی پێشکەش کردووە بە میوانداری دەیان هونەرمەندی دیاری ناوچەکە. لەو ماوە کەمەدا دەنگدانەوەیەکی باشی لەناو هەوادارانی هونەری کوردی هەبووە و هەتا ئێستاش بە ملیۆنان کەس بینەری بەرنامەکە بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی یوتیوب.

ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندن و دادوەری پرۆگرامی هونەری

پاش ئەوەی ئاگرین دڵشاد لە ماوەیەکی کەمدا پێگەیەکی جەماوەری باشی لەناو هەوادارانی میوزیکی کوردی پەیدا کرد، زۆر بە زوویی بوو بە ئەندام لە لیژنەی دادوەری و هەڵسەنگاندنی یەکیک لە پرۆگرامەکانی گۆرانی وتن بە ناوی زەلێجند لە کەناڵی ئاڤا تی ڤی لە ساڵی ٢٠١٩، ئاگرین دڵشاد لە ٢٥ پرۆگرام بەشدار بوو.

بەرهەمەکانی

ئاگرین دڵشاد خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ بەرهەمی گۆرانییە. بەڵام سەرجەم بەرهەمەکانی بڵاونەکردووەتەوە، چەندین بەرهەمی بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە و تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەلبوومێکی بڵاوکردەوە بە ناوی تێناگەی و سەرجەم گۆرانییەکانی بەرهەمی نوێن لە ناو هونەری کوردی و لە ١٢ گۆرانی پێکدێن.

ئەلبوومی تێناگەی

ئاگرین تەنها یەک ئەلبوومی هەیە و لە ١٢ گۆرانی پێکهاتووە کە بریتین لە ئەمانە:

  • گەر
  • هەموو کەسم
  • تێناگەی
  • بڕۆ دڵم
  • درۆیە
  • دوا نامە
  • شەڕی دونیا
  • بڵێم چی
  • بەداخەوە
  • سەعات چەندە
  • تۆ ئەو کەسەی
  • مینا گیان


سەرچاوەکان



293 بینین