ئیسماعیل مەسقەتی

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-09-13-17:30:00 - کۆدی بابەت: 10238
ئیسماعیل مەسقەتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیسماعیل مەسقەتی (بە ئینگلیزی: Ismail Masqaty، بە فارسی: اسماعیل مسقطی)، هونەرمەندێکی شارەزا لە بواری مۆسیقا، ژەنیاری ئامێری تار و گۆرانیبێژێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان بوو کە بە زاراوەی کوردیی کرماشانی گۆرانی وتووە.

زانیاری گشتی

ناو ئیسماعیل مەسقەتی
نازناو شیرین پەنجە
ساڵی لەدایکبوون ٢١ی ئازاری ١٩٢٢
شوێنی لەدایکبوون شاری کرماشان
پیشە ژەنیار و گۆرانیبێژ
بەرواری کۆچی دوایی نەورۆزی ٢٠٠٨
شوێنی کۆچی دوایی شاری کرماشان

ژیانی تایبەتی

ئیسماعیل مەسقەتی لە ٢١ی ئازاری ١٩٢٢ لە شاری کرماشان لەدایکبووە، باوکی ناوی محەمەد ئیبراهیم کوڕی موستەفا خانی وەکیلە، لە تەمەنی ١٢ ساڵی بە ژەندنی ئامێری زەرب دەستی پێکرد، دواتر بە جیهانی مۆسیقا شاد بوو و لە تەمەنی ١٨ ساڵی بۆ یەکەم جار ئامێری تاری ژەند، ماوەیەک مامۆستا گەورەکانی تاری ئێران وەکوو مورتەزا نەیی داوود و یەحیا زێڕین پەنجە لە کرماشاندا بوون و ئیسماعیل مەسقەتی لەو ماوەیەدا بوو بە قوتابیان، بەدوای ئەوە بۆ سوود وەرگرتن لە هونەری ئەبو حەسەن سەبا چوو بۆ تاران.

مەسقەتی بە دوای فێربوونی تار لە لای ئەبوحەسەن سەبا هاتەوە بۆ کرماشان و لە کاتی دامەزراندنی ڕادیۆی کرماشان لەگەڵ ئەم ڕادیۆیە و ئۆرکستێرەکەی کاری کرد. مەسقەتی لە لێدانی تاردا لاسایی هیچ کەسێکی نەدەکردەوە بەڵکو خاوەنی شێوەی تایبەت بە خۆی بوو و هەروەها یەکێک بوو لە مامۆستا هەرە لێزانەکانی بیدا هەژەنی. جگە لە ئامێری تار لە ئامێرەکانی دیکەی مۆسیقا وەکوو سێ تار، عوود، ڤیۆلین، زەرب و دەف شارەزا بوو.

ئیسماعیل مەسقەتی گۆرانییە هەرە ناسراوەکانی بریتی بوون لە کچە‏ کچە، نازەنینە، بەو بەو و جەمیل جەمیلە، ئیسماعیل مەسقەتی وەکوو هەموو هونەرمەندە کوردەکانی تر، مۆڵەتی بۆ گۆرانی وتن نەبوو و بە هۆی نەداری لە چێشتخانەیەک لە کرماشان تاری لێدەدا، بەڵام لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا چەندین گۆرانی وت و تەنانەت کۆنسێرتیشی بەڕێوەبرد کە یەکێک لە کۆنسێرتەکانی لە شاری سلێمانی بوو. لە ڕۆژی نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٨ لە کرماشان کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی باخی فیردەوسی شاری کرماشان بە خاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



211 بینین