ئابووریی ئاڕاستەکراو

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-18-23:29:00 - کۆدی بابەت: 10301
ئابووریی ئاڕاستەکراو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئابووریی حکوومی یان ئابووریی فەرمانداری (بە ئینگلیزی: Command Economy، بە عەرەبی: الاقتصاد الموجه) سیستمێکی ئابوورییە کە تێیدا دەسەڵاتێکی حکوومەتی ناوەندی کۆنتڕۆڵی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەکات، زۆربەی پیشەسازییەکان خاوەندارێتی گشتییان هەیە.

لە ئابووریی ئاڕاستەکراودا حکوومەتی ناوەندی بڕیار لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کاڵاکان دەدات و کۆنتڕۆڵی دابەشکردنی نرخەکان دەدات.

تێگەیشتن لە ئابووریی ئاڕاستەکراو

کوبا، کۆریای باکوور و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو ئابووریی ئاڕاستەکراو پەیڕەودەکەن، چینیش تا ساڵی ١٩٧٨ ئەم ئابوورییەی پەیڕەودەکرد و پاشان سیستمی ئابووریی تێکەڵاویان پەیڕەوکرد.

ئابووریی ئاڕاستەکراو بە ئابووریی پلان بۆداڕێژراویش ناسراوە، کە پێویستی بەوەیە حکوومەتێکی ناوەندی میللەتێک خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بێت و کۆنتڕۆڵی بکات.

خاوەندارێتی تایبەتی زەوی و سەرمایە بوونی نییە یان بەتەواوی سنووردارە، پلاندانەرانی ناوەندی نرخەکان دادەنێن، ئاستی بەرهەمهێنان کۆنتڕۆڵ دەکەن و کێبەرکێ لە نێوان کەرتە تایبەتەکاندا سنووردار دەکەن یان ڕێگەیان پێنادەن.

لە ئابووریی تەواوی ئاڕاستەکراودا کەرتی تایبەت نییە، بەو پێیەی کە حکوومەتی ناوەندی خاوەنی هەموو سەوداگەرییەکانە یان کۆنتڕۆڵیان دەکات.

لە ئابوورییەکی ئاڕاستەکراودا بەرپرسانی حکوومەت لەپێشینەکانی ئابووری نیشتیمانی دادەنێن، لەوانە چۆن و کەی گەشەی ئابووری بەدیبهێنن، چۆن سەرچاوەکان تەرخان بکەن و چۆن بەرهەمەکان دابەش بکەن، ئەمەش زۆرجار لە شێوەی پلانی چەند ساڵەدا دەبێت.

تایبەتمەندییەکانی ئابووریی ئاڕاستەکراو

حکوومەت کۆنتڕۆڵی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەکات، هەروەها هەموو بڕیارە داراییەکانی وڵات دەدات، وەک ڕێژەی کرێی کاتژمێرەکانی کارکردن، تەنانەت ڕەنگە حکوومەت ئەو کارانە دیاری بکات کە دەیکەن.

بەو پێیەی ڕێژەی کرێی کاتژمێرەکانی کارکردن ڕێکدەخرێت، خەڵک مەیلی شکاندنی یاساکانیان دەبێت، ڕەنگە بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر کاڵا لە بازاڕی ڕەشدا بفرۆشن.

دەوڵەت دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر هەموو سەرچاوەکاندا هەیە، بە شێوەیەکی کاراتر سەرچاوەکان تەرخان دەکەن، بڕیار دەدەن چی پێویستە بەرهەم بهينرێت و چۆن دابەش بکرێت.

ئابووریی ئاڕاستەکراو دامەزراوەی دەوڵەتی هەیە هەروەها دامەزراوی تایبەتیشی هەیە کە لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

کەسانی خاوەن دەسەڵات وەکوو سیاسەتمەداران فەرمان بە کڕیار و فرۆشیار و وەبەرهێنەران دەدەن کە چی بکەن.

ئابوورییە ئاڕاستەکراوەکان قۆرخکارییان هەیە، ئەمەش واتە تەنها کۆمپانیایەک هەیە کە کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک بەرهەم بهينێت.

مێژووی ئابووریی ئاڕاستەکراو

بە درێژایی مێژوو ئابووریی ئاڕاستەکراو لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بوونی هەبووە، بۆ نموونە سپارتای کۆن ئابووریی ئاڕاستەکراوی لەسەر بنەمای سەربازی بۆ پشتگیریکردن لە سووپاکەی بەکارهێناوە، یەکێتیی سۆڤیەت نموونەیەکی ترە کە پشتی بە ئابووریی ئاڕاستەکراو دەبەست، لە دوای شۆڕشی بۆلشێڤیک لە ساڵی ١٩١٧ لە سەرمایەداری دوورکەوتەوە و بەرەو سۆسیالیزم ڕۆشت، ئابووریی ئاڕاستەکراوی یەکێتیی سۆڤیەت لەسەر بنەمای بەرهەمەکانی کارل مارکس و ڤلادیمێر لینین بوو، حکوومەت بە شێوەیەکی ناوەندی پلانی ئابووری دانا و ئاستی بەرهەم و نرخەکانی دانا.

ئابووریی ئاڕاستەکراوی یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆتاییدا بووە هۆی ناکارایی و نەبوونی داهێنان، یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ هەڵوەشایەوە و لە ئابووریی ئاڕاستەکراوەوە بەرەو سیستمی بازاڕی ئازاد ڕۆشت.

ئابووریناسێکی ڤیەننا ئۆتۆ نۆراتنێر لە کتێبی "پلاندانانی ئابووری و ڕێکخستنی نێودەوڵەتی" لە ساڵی ١٩٢٢ـدا بیرۆکەی ئابووریی ئاڕاستەکراوی وەک ڕێگەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسانی زۆر پێشنیارکردووە.

سوودەکانی ئابووریی ئاڕاستەکراو

کەمی نایەکسانی: لەبەر ئەوەی حکوومەت کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەکات و دیاری دەکات کێ و لەکوێ کاردەکات و بە چەند مووچە کاردەکات، ئەم پێکهاتەی دەسەڵاتە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئابووریی بازاڕی ئازاددا هەیە، کە کۆمپانیا تایبەتەکان ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆنتڕۆڵ دەکەن. لە ئابووریی بازاڕدا خواست و خستنەڕوو دیاریدەکەن کە ئەو کرێکارانەی کارامەیی تەواویان لە بوارێکدا هەیە کرێی زیاتر وەردەگرن.

نزمی ئاستی بێکاری: بە پێچەوانەی دەستی نەبینراوی بازاڕی ئازاد کە ناتوانرێت لەلایەن یەک کۆمپانیا یان تاکێکەوە دەستکاری بکرێت، حکوومەتی ئابووریی ئاڕاستەکراو دەتوانێت دەستێوەردان لە دەستی کاردا بکات، کرێ و کار دابین بکات و بێکاری نزم بکاتەوە.

توانای گۆڕانکاری خێرا: ئابووریی ئاڕاستەکراو دەتوانێت بەخێرایی لە وەڵامی قەیرانەکاندا بگۆڕێن، ئەمەش لەبەر ئەوەی حکوومەت دەتوانێت هەموو بڕیارەکان بدات سەبارەت بەوەی کە پێویستە چی بکات.

سەقامگیری: ئابووریی ئاڕاستەکراو دەتوانێت سەقامگیری دابین بکات، لەبەر ئەوەی کە حکوومەت دەتوانێت نرخەکان دابنێت و بە جێگیری بیانهێڵێتەوە، ئەمەش دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە هەڵاوسان.

سوودی گشتی: لە ئابووریی بازاڕدا پاڵنەر بۆ قازانج زۆرە، بەڵام لە ئابووریی ئاڕاستەکراودا پاڵنەر نییە چونکە لەلایەن حکوومەتەوە لە کارەکان ڕێبەری دەکرێن، حکوومەت دەتوانێت بڕیارێک دەربکات کە لەسەر بنەمای قازانج نەبێت، لەو کاتەدا دەکرێت بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک بگونجێن کە سوودی بۆ گشتی هەبێت بە بێ ئەوەی ڕەچاوی سوود و زیان بکرێت، بۆ نموونە ئابووریی ئاڕاستەکراوی تەواوی کوبا چاودێری تەندروستی گشتی بەبێ بەرانبەر پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکات.

زیانەکانی ئابووریی ئاڕاستەکراو

نەبوونی کێبەرکێ و ڕێگریکردن لە هاندان: ڕەخنەگران دەڵێن نەبوونی کێبەرکێی سروشتی لە ئابووری ئاڕاستەکراودا ڕێگری لە داهێنان دەکات، هەرچەندە ئەوانەی لایەنگری ئابووریی ئاڕاستەکراون لەگەڵ ئەوەدا ناکۆکن کە کەرتە تایبەتەکان تەنها بیر لە قازانج دەکەنەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە قازانج هاندانە بۆ داهێنان و نوێگەری، لەبەر ئەم هۆکارەش پێشکەوتنی بەرچاو لە بواری پزیشکی و تەکنەلۆجی لە وڵاتانی خاوەنی ئابووریی بازاڕی ئازادەوە هاتوون وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژاپۆن.

نەبوونی داهێنان: زۆرجار خاوەن ئابوورییە ئاڕاستەکراوەکان دەهێنانیان نییە، لەبەر ئەوەی حکوومەت کۆنتڕۆڵی تەواوی بڕیارە ئابوورییەکان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمی بەرهەم و خزمەتگوزاری نوێ.

نەبوونی ئازادی: لە ئابووریی ئاڕاستەکراودا ئازادی تەواو نییە، لەبەر ئەوەی حکوومەت کۆنتڕۆڵی تەواوی بڕیارە ئابوورییەکان دەکات، ئەمەش ئازادی تاکە کەسی و هەڵبژاردن کەمدەکەنەوە.

ناکارایی بەرهەمهێنانی ناکارامە: ئابووری ئاڕاستەکراو دەکرێت ناکارا و بێ بەرهەم بن، کە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان و نەبوونی چوستی، کۆمپانیاکان پاڵنەریان نییە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە خەڵک دەیەوێت.


سەرچاوەکان

56 بینین