بانگۆر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-19-20:44:00 - کۆدی بابەت: 10308
بانگۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بانگۆر (بە ئینگلیزی: Bangor، بە عەرەبی: بانغور)، شارێکی كاتێدراڵە لە باکووری وێڵز. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ١٨٫٣٢٢ کەس بوو. کۆنترین شارە لە وێڵز و لەڕووی مێژووییەوە بەشێکە لە كارنارڤنشايەر. ئەم شارە بە شوێنە گەشتیارییە ناوخۆییەکان ناسراوە، لەوانە كاتێدراڵی بانگۆر و زانکۆی بانگۆر. ئەم شارە ٢٩٦ کیلۆمەتر له شاری کاردیف و ٤١٥ کیلۆمەتر لە لەندەنەوە دوورە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی بانگۆر لە ساڵی ٢۰٢۰ـدا ١٨٫٥٦۰ کەس بوو. هەروەها ڕووبەری شارەکە ٤٫۰١۰ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫٦٢٨ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ژمارەی مێیەکان لەم شارە وێڵزییەدا لە نێرەکان زیاترن، مێیەکان ٩٫٥٦٥ و نێرەکان ٨٫٩٩٥ کەسن. هەروەها بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

ئاسیایی ١٫٥٥٦ کەس
ڕەش پێست ١٦١ کەس
ڕەگەزی تێکەڵ ٢٩۰ کەس
سپی پێست ١٥٫٤٣٤ کەس
نەتەوەکانی تر ١٢١ کەس

شوێنی لەدایکبوون

بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ شوێنی لەدایکبوونی دانیشتووانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

شانشینی یەکگرتوو ١٥٫١٩١ کەس
کۆماری ئێرلەندا ١٤۰ کەس
یەکێتی ئەورووپا ٥٦٢ کەس
وڵاتەکانی تر ٢٫۰٩٥ کەس

ئایین

مەسیحی ٨٫٨١٦ کەس
مسوڵمان ٨٩٢ کەس
هیندوو ١٤٥ کەس
سیخی ١٥ کەس
جوولەکە ١٤ کەس
بوودی ١۰٨ کەس
ئایینەکانی تر ١١٧ کەس
بێ ئایینەکان ٦٫٥٢٦ کەس

بانگۆر

مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی شەشەمی زایینی. لە ساڵی ١٢٨٤ تا سەدەی پازدەهەم چەند مافێک بە دانیشتووانی ناوچەکە درا و ڕێگەیان پێدرا پێشانگا بکەنەوە. بانگۆر تا سەرەتای سەدەی هەژدە وەک جێگیرگەیەکی بچووک مایەوە. پاشان بەهۆی کانسازی تەختەبەردین کە لە نزیک بیثیسدا، و لە ساڵانی ١٧٧۰ دەستیپێکرد بانگۆر بووژایەوە و بوو بە یەکێک لە گەورەترین کانگاکانی تەختەبەردین لە جیهاندا. هەروەها لە ساڵی ١٨٤٨ـدا هێڵی ئاسن گەشتە بانگۆر. دواتر بەهۆی پیشەسازییەکانی کەشتیسازی و گەشتیارییەوە بانگۆر گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی. قوتابخانەی ڕەبەنەکان وەکوو قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ساڵی ١٥٥٧ـدا و کۆلێجی زانکۆی باکووری وێڵز (دواتر زانکۆی بانگۆر) لە ساڵی ١٨٨٤ـدا دامەزران.

كەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شاری بانگۆر ئۆقیانوسییە، بەگشتی کەشی شارەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەدرێژایی ساڵ بارانێکی بەرچاوی لێ دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ٩٫۰ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ١٫۰٨٥ مللیمەتر باران دەبارێت و بەگشتی نزیکەی ١٫٩٤٩ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

بانگۆر لە نیوەگۆی باکوورە و هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. هەروەها ڕێژەی شێ لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرزترینە ٨٦٫٣٨٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی ئایاردا نزمترینە ٧٨٫١۰٪ـە.

مانگی تشرینی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین بەرزترینە، ١٦٫٩٣ ڕۆژ باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی حوزەیران وشکترین مانگی ساڵە و ١٤ ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها، مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٤٫٨ پلەی سەدییە، مانگی شوبات ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە ٤٫١ پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. قەڵای پێنرین

٢. سەنتەری ئیسلامی بانگۆر

٣. زانکۆی بانگۆر

٤. پردی بەریتانیا

٥. کڵێسای یەکگرتووی بیثیسدا

٦. حەوزی مەلەکردنی بانگۆر


سەرچاوەکان



205 بینین