قورسبوونی قاچەکان 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-21-17:38:00 - کۆدی بابەت: 10334
قورسبوونی قاچەکان 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قورسبوونی قاچەکان (بە ئینگلیزی: Heavy legs، بە عەرەبی: ثقل الساقین)، حاڵەتێکە هەست بە کێشێکی زۆر و ماندووێتی دەکرێت لە قاچەکاندا، بە شێوەیەک کەسەکە بەسەختی قاچەکانی بۆ دەجوڵێنرێت. چەندین هۆکار پەیوەندی بە هەبوونی ئەم حاڵەتەوە هەیە، بەڵام مەترسیدارترینیان بریتییە لەو نەخۆشییانەی سەر بە بۆرییەکانی خوێنن. ئەم نەخۆشییە پەیوەندی بە بۆری و موولوولەکانی خوێنەوە هەیە، بەتایبەتی خوێنبەر و خوێنهێنەرە قووڵەکان. ئەگەر دووچاری قورسبوونی قاچەکان بوویتەوە و دڵنیابوویت لە ئەنجامی هەبوونی کێشە لە بۆرییەکانی خوێندا ڕوویداوە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. 

هۆکارەکانی قورسبوونی قاچەکان 

ئەم حاڵەتە بەهۆی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆرەوە ڕوودەدات، ئەوانیش بریتیین لە:

١. دەوالی (Varicose veins) 

لە دەوالیدا ئەو خوێنهێنەرانەی دەکەونە ناوچەی قاچەکان و پێیەکان، گەورە و فراوان دەبن هەروەها بە شێوەی گرێدراو و ناڕێک دەردەکەون. ئەم جۆرە خوێنهێنەرە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دەردەکەوێت، وەکوو:

  • زیادبوونی تەمەن.
  • لەماوەی دووگیانیدا، بەهۆی بەردەوام گۆڕانی هۆڕمۆنەکان و زیادبوونی پەستان لەسەر منداڵدان. 
  • گۆڕانی هۆڕمۆن لە کاتەکانی تری وەک تەمەنی نائومێدی.
  • لەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە واتە قەڵەون.
  • لەو کەسانەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان ئەم حاڵەتەی لەگەڵدایە. 
  • ئەو کەسانەی جۆرە ئیشێک دەکەن، پێویست بە دانیشتن و هەستانی زۆر دەکات، لە ئەنجامدا کار لە سوڕی خوێن دەکات. خوێنهێنەرەکە گەورە دەبێت کاتێک توانای کشان لەدەست دەدات و زمانەکانی لاواز دەبێت، بەم شێوەیە ئەو خوێنەی پێویستە دووبارە لە قاچەکانەوە بۆ بەشەکانی تری لەش بگەڕێتەوە بەشێکی زۆری لە قاچەکاندا کۆدەبێتەوە، لە ئەنجامدا هەست بە ماندووێتی قاچەکان دەکەیت و قورس دەبن. لە ٢٣% خەڵکی ئەمریکا ئەم کێشەیەیان هەیە. 

٢. نەخۆشی چێوە خوێنبەرەکان (Peripheral arterial disease)

ئەم حاڵەتە یەکێکە لە شێوەکانی نەخۆشی دڵ، ڕوودەدات کاتێک چەوری لە دیواری خوێنبەرەکاندا کۆدەبێتەوە، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکە. دەکرێت ئەم حاڵەتە لە هەموو بەشەکانی جەستەدا ڕووبدات، بەڵام بەزۆری کار لە قاچەکان دەکات. کاتێک خوێنبەرەکانی قاچ لە ئەنجامی کۆبوونەوەی چەوری تەسک دەبنەوە، بەپێی پێویست سوڕی خوێن لە قاچەکاندا ڕوونادات. لەبەر ئەم هۆکارە هەست بە ماندووبوون و ئازاری قاچەکان دەکەیت، ئەم نیشانانە یەکێکن لە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی چێوە خوێنبەرەکان. ئەو هۆکارانەی ئەگەری کۆبوونەوەی چەوری لە خوێنبەرەکاندا زیاد دەکەن بریتیین لە بەرزی کۆلیستڕۆڵ، جگەرەکێشان، نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن. 

٣. کۆنیشانەی زۆر ڕاهێنانکردن (Overtraining syndrome)

وەرزشەوانان بەردەوام ڕاهێنان دەکەن، تاکوو بەرەوپێش بچن. بەڵام کاتێک زیادەڕەوی لە ڕاهێنانکردن دەکەن و هیچ پشوویەک وەرناگرن، لە ئەنجامدا دووچاری هەندێک کێشەی تەندروستی دەبنەوە وەکوو قورسبوونی قاچەکان. کاتێک هەموو ڕۆژێک زیاتر لەوەی لەتواناتدایە ئەنجامی دەدەیت، ماسولکەکان کاتی تەواویان بۆ نوێبوونەوە نابێت. قورسبوونی قاچەکان لە وەرزشەواناندا حاڵەتێکی باوە بەتابیەتی ئەوانەی یاری ڕاکردن یان ماتۆڕسواری دەکەن. 

٤. تەسکبوونەوەی دڕکەپەتک لە ناوچەی سێ بەندە (Lumbar spinal stenosis)

هەر وەک لە ناوەکەیدا دیارە، ئەم حاڵەتە بریتییە لە تەسکبوونەوەی بڕبڕەی پشت. کاتێک ئەم تەسکبوونەوەیە ڕوودەدات، ئێسکەکان و خەپلەکانی بڕبڕە فشار لە بڕبڕەبۆری دەکەن و دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازار. ئەم ئازارە زیاتر لە بەشی خوارەوەی پشت هەستی پێ دەکرێت، بەڵام دەکرێت لە قاچەکانیشدا ڕووبدات و ببێتە هۆی قورسبوون و لاوازبوون و سڕبوونی قاچ. ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە زیاد دەکەن بریتیین لە:

  • جگەرەکێشان، پێکهاتەیەک لە جگەرەدا هەیە کە بۆرییەکانی خوێن گرژ دەکەن.
  • تەمەن، تەسکبوونەوەی بڕبڕەبۆری دەشێت بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ڕووبدات.
  • قەڵەوی، کێشی زیادەی لەش فشار دەکاتە سەر تەواوی لەش و بڕبڕەی پشتیش.

٥. کۆنیشانەی بێئۆقرەیی قاچەکان (Restless legs syndrome)

لەم حاڵەتەدا هەست بە ناڕەحەتبوونی قاچەکان دەکرێت، هەروەها لە کاتی پشووداندا هەست بە ئازارێکی توند و قووڵ دەکرێت و لە کاتی جووڵاندن نامێنێت. هۆکاری ئەم حاڵەتە نەزانراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان وا بیردەکەنەوە پەیوەندی بە پێکهاتەی بۆماوەیی کەسەکەوە هەبێت یان تێکچوونی ئەرکی مێشک لە پڕۆسەکردنی ئاماژەی جووڵە. ئەو کەسانەی ئەگەری تووشبوونیان زیاترە ئەوانەن کە:

  • جگەرە دەکێشن یان ماددە کحولییەکان دەخۆنەوە.
  • هەندێک دەرمانی تایبەت وەردەگرن کە پێکهاتەی مێشک دەگۆڕێت.
  • دووگیانن.
  • دەمارەکانیان زیانی پێ گەیشتووە.

نیشانەکانی قورسبوونی قاچ

ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە بێجگە لە قورسبوونی قاچ، هەست بە ئازارێکی توند و قووڵ دەکەن، هەروەها ماندووێتیش. قاچە تووشبووەکە دەکرێت یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانەشی تێدابێت:

  • هەڵئاوسان، بەهۆی کێشەی خوێنەوە ڕوودەدات.
  • ناڕێکی یان چاڵوچۆڵی تێدایە، بەهۆی فراوانبوون و گەورەبوونی خوێنهێنەرەکان.
  • درەنگ ساڕێژبوونی برین، لەبەرئەوەی پێست پێویستی بە بڕێکی باش لە  خۆراکە ماددەکانی ناو خوێن هەیە بۆ ئەوەی ئەم کردارە ئەنجامبدات. 
  • شینبوونەوە یان بێڕەنگی ناوچەی تووشبوو.

کەی سەردانی پزیشک بکەم؟

هەموو کەسێک جارجار هەست بە قورسبوونی قاچ دەکات، دەکرێت لە ئەنجامی زۆر دانیشتنەوە بێت یان لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕاهێنانت کردبێت. بەڵام ئەگەر زوو زوو دووچاری ئەم حاڵەتە بوویتەوە، هەروەها نیشانەکان بێزاریان کردیت، بە دڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. دوای سەردانیکردن، لەوانەیە پزیشکەکە پرسیار دەربارەی نیشانەکان و جۆری ئازار و قورسبوونەکە بکات، ئەگەر پێویست بکات چەند پشکنینێکت بۆ دەنووسێت تاکوو ئەنجامیان بدەیت. بۆ نموونە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە نەخۆشی چێوە خوێنبەرەکانت هەیە یاخود نا، پزیشکەکە پێشنیار دەکات سۆنەر ئەنجام بدەیت تاکوو بزانێت چۆن خوێن بەناو خوێنبەرەکاندا دەڕۆن و دەگوازرێنەوە. 

چۆن لە ماڵەوە خۆت لەم حاڵەتە بپارێزیت؟

چەند شتێک هەیە ئەگەر پەیڕەو بکرێن، ئەوا ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە کەمتر دەبێت، وەکوو:

  • دابەزاندنی کێشی لەش: قەڵەوی دەبێتە هۆی فراوانبوونی خوێنهێنەرەکان، نەخۆشی شەکرە، کۆبوونەوەی چەوری لە خوێنبەرەکاندا و بلۆککردنی ڕێڕەوی خوێن. 
  • لە جگەرەکێشان دووربکەوە، جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشیانەی دەبنە هۆی قورسبوونی قاچەکان.
  • هەوڵبدە بەردەوام ڕاهێنانی سەخت و لەڕادەبەدەر ئەنجام نەدەیت و لەنێوانیاندا پشوو وەربگریت. 
  • نزیکەی ١٥ بۆ ٣٠ سانتیمەتر قاچەکانت بۆ سەرو ئاستی دڵ بەرزبکەوە، ئەمە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لە گەڕانەوەی ئەو خوێنەی لە قاچەکاندا کۆبووەتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش. 
  • ڕۆژانە چالاکبە و بەپێی پێویست جووڵە بکە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کێشی لەش و کەمبوونەوەی کۆلیستڕۆڵ و بەرەوپێشبردن و باشترکردنی سوڕی خوێن، پێویسە چالاک بیت، بەڵام سەرەتا ڕێنمایی لە پزیشک وەبگیرێت باشترە.


سەرچاوەکان

658 بینین