عەلمانیەت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-24-17:54:00 - کۆدی بابەت: 10351
عەلمانیەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەلمانیەت یان سیکۆلاریزم (بە ئینگلیزی: Secularism، بە عەرەبی: العلمانية) بریتییە لە بنەمای هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی عەلمانی و سروشتی. عەلمانیەت زیاتر بە جیاکردنەوەی ئایین لە کاروباری مەدەنی و دەوڵەت پێناسە دەکرێت و بەدوای لابردنی یان کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئایینە لە هەر کایەیەکی گشتیدا. زاراوەی "عەلمانیەت" کۆمەڵێک واتای فراوانی هەیە و لە نەخشەدارترینیاندا، ڕەنگە هەر هەڵوێستێک کە لە هەر چوارچێوەیەکی دیاریکراودا عەلمانی بەرەوپێش ببات، لەخۆبگرێت.

دەشێت عەلمانیەت واتای دژە ڕۆحانییەت، بێباوەڕی، سروشتیگەرایی، ناتائیفییەت، بێلایەنی لەسەر بابەتەکانی ئایین، یان لابردنی تەواوەتی هێما ئایینییەکان لە دامەزراوە گشتییەکان بێت. وەک فەلسەفەیەک، عەلمانیەت هەوڵدەدات ژیان لەسەر بنەمای بنەماگەلێک دابنێت کە تەنها لە جیهانی ماددیەوە وەرگیراوە، بەبێ پەنابردن بۆ ئایین.

دۆخ و سروشتی عەلمانیەت

عەلمانیەت فۆڕمی جیاواز دەگرێتە بەر بە هەڵوێستی جیاواز لەسەر ئەوەی کە ئایین لە کوێ و چۆن دەبێت لە لایەنەکانی تری کۆمەڵگە جیا بێتەوە. خەڵکی هەموو ئایینێک دەتوانن پشتگیری کۆمەڵگەیەکی عەلمانی بکەن، بەڵام وەرگرتنی عەلمانیەت وەک ناسنامەیەک بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەستە بە کەسانی نا ئایینییەوە، لەنێویاندا بێدینەکان. عەلمانیەتی سیاسی ئەو قوتابخانانەی بیرکردنەوە لە عەلمانیەتدا دەگرێتەوە کە ڕێکخستنی ئایین لەلایەن دەوڵەتێکی عەلمانییەوە لەبەرچاو دەگرن و دەیانەوێت ئایین و دەوڵەت جیابکەنەوە. بەمەش کەمینە ئایینییەکان و هاوڵاتیانی بێباوەڕ لە وڵاتێکدا مەیلیان هەیە پشتگیری لە عەلمانیەتی سیاسی بکەن لە کاتێکدا ئەندامانی ئایینی زۆرینە مەیلیان هەیە دژایەتی بکەن. ناسیۆنالیستە عەلمانیەکانیش ئەو کەسانەن کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆیاندا پشتیوانی لە عەلمانیەتی سیاسی دەکەن. 

زانایان لانیکەم چوار جۆری سێکۆلاریزمی سیاسی لە کۆمەڵگادا دەستنیشان دەکەن. فۆڕمی بناژۆخوازی، کە دژ بە ئایینە و بە ئاشکرا دژایەتی دەکات. فۆڕمی مرۆڤدۆستی، کە بێباکە بەرانبەر بە ئایین و ئەو دەوڵەتە سیاسییانەی کە پابەندن بە بنەماکانی "ماتریالیزم، سروشتیگەرایی، مرۆڤگەرایی" ئەم ڕێبازە پەیڕەو دەکەن. فۆڕمی لیبراڵ، بە هاوسۆزی زیاتر بەرانبەر بە هەستە ئایینییەکان بەگشتی دادەنرێت بەڵام نە دژایەتی دەکات و نە لایەنگری دەکات. هەروەها هەندێک لە زانایان پەیڕەوی عەلمانیەتی ساختە دەکەن، هەرچەندە ئەم زاراوەیە بە واتایەکی سووکایەتیپێکردن بەکارهاتووە، بەڵام وەک فۆرمێکی گۆڕاو لە عەلمانیەتی سیاسیدا دەبینرێت کە تێیدا دەوڵەت بانگەشەی عەلمانی و بێباکی دەکات یان بێلایەنە بەرانبەر بە ئایینەکان، بەڵام سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندی ئایینێکی دیاریکراودان.

مێژوو

عەلمانیەت لە پراکتیکدا لە دێرزەمانەوە بوونی هەیە. لە کۆمەڵگاکانی وەک یۆنانی کۆندا، عەلمانیەتێکی سنووردار پراکتیزە دەکرا کە ئایین بەشدار نەبوو لە حوکمڕانیدا، هەرچەندە هێشتا لە ژیانی گشتیدا ئایین زاڵ بوو. هەروەها دەوڵەتە عەلمانییە زۆرینە موسڵمانەکان لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامیدا بوونیان هەبووە واتە لە سەردەمی سەدەی هەشت بۆ چواردە.

لە ساڵی ١٦٣٦دا، ڕۆجەر ویلیامز کێڵگەی پرۆڤیدێنسی وەک شارۆچکەیەک کە ئازادییەکی تەواوی ئایینی هەبوو، لە ڕۆد ئایلەندی ئێستا دامەزراند. بیرۆکە عەلمانییەکان بە توندی لەلایەن سەرکردە ئاینییەکان و کڵێسای کاسۆلیکییەوە بە تایبەتی کەوتە بەر هێرش و بووە هۆی شەڕی کولتووری ئایینی. لە سەردەمی شۆڕشی ئەمریکادا، تۆماس جێفرسۆن و جەیمس مادیسۆن بیرۆکەکانی جۆن لۆکیان خستە ناو سیاسەتی حکوومەتی ئەمریکاوە، لەنێویاندا عەلمانیەتەکەی، هەرچەندە دەوڵەتێکی عەلمانی ڕاستەقینە تا سەدەی بیستەم بەدەست نەهات. عەلمانیەتی فەرەنسی لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا لەسەر بنەمای گالیکیزم بوو، کە جەختی لەسەر باڵادەستی دەوڵەت دەکرد، هەروەها دژە ڕۆحانییەت و ماتریالیزم بوو. فەرەنسای شۆڕشگێڕ دژی کاریگەریی کاسۆلیکەکان بوو لەو وڵاتەدا و بۆ ماوەیەکی کورت ئایینی مەسیحی گۆڕی بە کولتووری عەقڵی ئایینی یان خودایی (Cult of Reason). 

یەکەم کەس کە وشەی "عەلمانیەت"ی کە پێشتر هەبوو بە واتایەکی مۆدێرن بەکارهێنا، نووسەری ئەگنۆستیکی بەریتانی جۆرج هۆلیۆک بوو، لە ساڵی ١٨٥١. وشەی "بێباوەڕی" بە زۆر قورس زانی، بەدوای زاراوەیەکدا دەگەڕا کە وەسفی هەڵوێستێک بکات کە بانگەشە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان بکات تەنها لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی سروشتی (عەلمانی)، بەڵام بەبێ ئەوەی مەرج بێت ئایین ڕەت بکاتەوە، و بشتوانێت هاوکاری لەگەڵ باوەڕداران بکات. زۆرێک لە وڵاتانی مەسیحی لە ماوەی سەدەی بیستەمدا دەستیان کرد بە سێکۆلارکردنی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ دابەزینی ئاستی باوەڕ و پراکتیک. بنەمای لایسیتێ (Laïcité)، چەمکی جیاکردنەوەی توندی فەرەنسی، لە ساڵی ١٩٠٥دا لە یاسادا جێگیرکرا. دوای سەرهەڵدانی موستەفا كەمال ئەتاتورك لە ساڵی ١٩٢٣ و گرتنی دەسەڵات، عەلمانیەتی توركی، یان لایكلیك (laiklik)، لە سەردەمی كەمالیزمدا بوو بە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی، کە ئامانجی مۆدێرنیزەكردنی ئەو وڵاتە بوو. نەریتی عەلمانیی تورکیا پێش چاکسازییەکانی ئەتاتورک سنووردار بوو و عەلمانیەتی سەدەی بیستەمی تورک لە سەرەتادا لە مۆدێلی لائیسیتی فەرەنسی وەرگیرا. بەمەش تورکیا بووە تاکە دەوڵەت و نەتەوەی زۆرینە موسڵمان کە حکوومەتێکی عەلمانی کاریگەری هەبێت، هەرچەندە عەلمانییەت وەک ئایدۆلۆژیایەکی مشتومڕاوی لە تورکیادا دەمێنێتەوە و دژە کەمالیزمیش ئایدۆلۆژیایەکی دیارە لەو وڵاتەدا.

هیندستان دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٤٧ بوو بە دەوڵەتێکی عەلمانی؛ مەهاتما گاندی پشتگیری لە عەلمانییەتی فرەیی دەکرد وەک ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی گرژییەکان لە نەتەوەی هەمەچەشنی ئایینیدا. مۆدێلی سیکۆلاریزمی هیندی جەختی لەسەر یەکسانی ئایینەکان دەکردەوە لە بەردەم یاسادا. دواتریش جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دەرچوو لە ساڵی ١٩٤٨، کە ئازادیی ئایین لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەپارێزێت.

عەلمانیەتی دەوڵەت

لە ڕووی سیاسییەوە، عەلمانیەت بزووتنەوەیەکە بۆ جیاکردنەوەی ئایین و حکوومەت، کە زۆرجار بە جیاکردنەوەی کڵێسا و دەوڵەت ناودەبرێت. ئەمە دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتێک و ئایینێکی دەوڵەت، گۆڕینی یاساکان لەسەر بنەمای کتێبی پیرۆز (وەک هەڵەخا و مانسمریتی و شەریعەت) بە یاسای مەدەنی و نەهێشتنی جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین. هەروەها دەوترێت ئەمە بە پاراستنی مافی کەمینە ئایینییەکان دادەنرێت، و دیموکراسی زیاد دەکات. جیاکردنەوەی پەرستگە و دەوڵەت یەکێکە لە ستراتیژییە ئەگەرییەکان کە لەلایەن حکوومەتە عەلمانییەکانەوە جێگیر دەکرێت. لە دیموکراتەوە تا دەسەڵاتخواز، ئەم جۆرە حکوومەتانە نیگەرانییەکی هاوبەشیان هەیە بۆ سنووردارکردنی لایەنی ئایینی لە پەیوەندییەکەدا.

بەگوێرەی باوەڕی جیابوونەوەی پەرستگە و دەوڵەت، عەلمانییەکان زیاتر پێیان باشە سیاسەتمەداران بە هۆکاری عەلمانی بڕیار بدەن نەک ئایینی. لەم ڕووەوە، بڕیارە سیاسەتییەکان کە تایبەتن بە بابەتەکانی وەک لەباربردن، ڕێگریکردن لە دووگیانی، توێژینەوەی خانە بنەڕەتییەکانی کۆرپەلە، هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان و پەروەردەی ڕەگەزی، لەلایەن ڕێکخراوە عەلمانییەکانەوە گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت. بۆ نموونە لە ئەمریکا وشەی "عەلمانیەت" بە هۆی ئەو جۆرە هەوڵانە بووە هاوتای "دژە ئایین". بەڵام زۆرجار کەمینە ئایینییەکان پشتگیری لە عەلمانیەت دەکەن وەک ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان لە بەرانبەر زۆرینەدا.

سێکۆلاریزمی دەوڵەت زۆرترین جار لە ئەورووپادا پەیوەستە بە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆمەڵگای ڕۆژاوادا دەبینێت. هەندێک لە ناسراوترین نموونەکان بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە بە "دەستووری عەلمانی" دادەنرێت بریتین لە ئەمریکا، فەرەنسا، تورکیا، هیندستان، مەکسیک و کۆریای باشوور، هەرچەندە هیچ کام لەم گەلانە فۆڕمی حوکمڕانی هاوشێوەیان نییە سەبارەت بە ئایین. بۆ نموونە لە هیندستان سێکۆلاریزم تێوەگلانی دەوڵەت لە ئاییندا دەگرێتەوە، لە کاتێکدا لە فەرەنسا سێکۆلاریزم ڕێگری دەکات لەم جۆرە تێوەگلانەدا.

کۆمەڵگای عەلمانی

لە توێژینەوەکانی ئاییندا، دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەگشتی وەک عەلمانی ناسراون. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئازادیی ئایین کە نزیکە لەو واتایەی کە جێبەجێکردنی بیروباوەڕە ئایینییەکان بەگشتی سزای یاسایی و کۆمەڵایەتییان لەسەر نییە، هەروەها نەبوونی دەسەڵاتی سەرکردە ئاینییەکان بەسەر بڕیارە سیاسییەکاندا. زۆربەی کۆمەڵگاکان لە ئەنجامی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پێشکەوتندا تادێت زیاتر عەلمانی دەبن، نەک لە ڕێگەی کردارەکانی بزووتنەوەیەکی عەلمانی تایبەتمەندەوە. 

فەلسەفەی عەلمانی

عەلمانیەت لە فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی ئاییندا لەبەرچاو دەگیرێت. وەک فەلسەفەیەک، عەلمانیەت لە نزیکەوە پەیوەندی بە سروشتیگەرایی و ماتریالیزمەوە هەیە، ڕەتکردنەوەی تەواوی شتە ناماددیەکان یان سەروو سروشتییەکانە، وەک ڕۆح. ئەم ماتریالیزم و عەقڵانیزمە عەلمانییە بنەمای زۆربەی زانستی ئەزموونی مۆدێرن پێکدەهێنێت. لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا فەیلەسووفە لیبراڵەکانی ئەورووپی وەک باروخ سپینۆزا، جۆن لۆک، مۆنتسکیۆ، ڤۆڵتێر، دەیڤید هیوم، ئادەم سمیس و ژان ژاک ڕۆسۆ هەموویان پێشنیاری جۆراوجۆری جیاکردنەوەی کڵێسا و دەوڵەتیان کرد. کارەکانی فەیلەسووفە ئەخلاقییە ناسراوەکانی وەک دێریک پارفیت و پیتەر سینگەر بە ئاشکرا بە عەلمانی دادەنرێن.


سەرچاوەکان

292 بینین