بۆچی پیاز دەتخاتە گریان؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-25-22:34:00 - کۆدی بابەت: 10369
بۆچی پیاز دەتخاتە گریان؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی پیاز دەتخاتە گریان (بە ئینگلیزی: Why do onions make you cry، بە عەرەبی: لماذا نبكي عندما نقطع البصل). پیاز یەکێکە لەو سەوزەواتانەی بۆ دروستکردنی زۆربەی خواردنەکان بەکاردێت، سەرەڕای ئەوەی بەکاڵیش خواستێکی زۆری لەسەرە. بەڵام زۆربەی جار قاشکردن و جنینی پیاز دەبێتە هۆی دروستبوونی فرمێسک و هاتنە خوارەوەی ئاو بە چاو و لووتدا. ئەو فرمێسکەی لە کاتی جنینی پیازدا دروست دەبێت هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی هەست و سۆزی کەسەکەوە نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی بەرکەوتن بە ماددەیەکی دەرەکی دروست دەبێت، کە ئەویش پیازە. دەکرێت لە کاتی قاشکردنی پیازدا ئەو پرسیارەت بۆ دروستبووبێت کە بۆچی پیاز دەتخاتە گریان، بەڵام لە کاتی قاشکردنی سەوزە یان میوەیەکی تردا ئەم کردارە ڕوونادات. بێگومان ئەمە هۆکارێکی تایبەتی لە پشتەوەیە و بێ هۆکار ڕوونادات. هەروەها بەجێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئەم حاڵەتە بکەیت. 

بۆچی پیاز دەتخاتە گریان؟

پیاز یەکێکە لەو سەوزەواتانەی لەژێر زەویدا گەورە دەبێت. کەواتە دەکرێت ئەم پیازە لەلایەن زیندەوەرەی وەک مشک و چەند جۆرێکی ترەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر دروست بکرێت. بە شێوەیەکی سروشتی بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕوودانی ئەمە بکرێت، پیاز لە میکانیزمی بەرگری پێکهاتووە، کە لە کاتی گەورەبوون و گەشەکردندا لە زیان گەیاندنی لەلایەن زیندەوەرە جۆراوجۆر و برسییەکانی زەوی دەیپارێزێت. کاتێک بە هەر هۆکارێک پیاز توێکڵەکەی تێکدەشکێنرێت یان قاشدەکرێت، لە ئەنجامدا ئەنزیم و ترشی سولفێنیک (sulfuric acid) دەڕژێنێت. ئەم پێکهاتانە تێکەڵ بە یەکتری دەبن و پرۆپانێثیەڵ ئۆکساید (Propanethial S-oxide) بەرهەم دەهێنرێت، کە گازێکی ناڕەحەتکەرە. کاتێک ئەم جۆرە گازە بەر چاو دەکەوێت، دەبێتە هۆی چالاکبوونی فرمێسکە ڕژێن و فرمێسک دروست دەبێت. دواتر دووبارە، کاتێک ئەم گازە بەر گلێنەی چاو دەکەوێت دەگۆڕێتەوە بۆ ترشی سولفانیک. بەڵام چاوەکانیش هەر وەک پیاز، میکانیزمی پارێزەری تێدایە، کاتێک دەمارەکانی چاو دەزانن کە ماددەیەکی دەرەکی هەیە، ڕاستەوخۆ فرمێسکە ڕژێن چالاک دەبێت و بۆ پاککردنەوەی چاو فرمێسک بەرهەم دەهێنرێت. هەندێک کەس بەڕێژەیەکی زۆرتر فرمێسک بە چاوەکانیاندا دێتە خوارەوە بە بەراورد بە هەندێکی تر، ئەمە دەکرێت پەیوەندی بەوە هەبێت کە کەسەکە هەستیاری بە پیاز هەیە. بێجگە لە ئاو هاتنە خوارەوە بە چاو و لووتدا، دەکرێت کەسەکە زۆر دەست بە چاوەکانیدا بهێنێت و هەوڵی خوراندنیان بدات. 

ئایا جۆری پیازەکە جیاوازی هەیە؟

چەندین جۆری جیاواز لە پیاز هەیە، هەندێکیان کەسەکە کەمتر چاوی فرمێسکی پێدا دێتە خوارەوە، واتە هەندێکیان کاریگەرییان لەسەر کەسەکە کەمترە بە بەرواورد بە هەندێکی تریان. ئەو پیازانەی پێکهاتەی سولفەری زۆرە و بڕێکی زۆر لە فرمێسک دروست دەکەن بریتیین لە پیازی زەرد و سوور و سپی. بەڵام ئەو جۆرانەی شیرینن وەک هەندێک لە پیازە سەوزەکان، پێکهاتەی سولفەریان کەمترە و لە ئەنجامدا فرمێسکێکی زۆر بەرهەم ناهێنن. 

ئەگەر لە کاتی قاشکردنی پیازدا چاومان ئاوی پیادا هاتە خوارەوە چی بکەین؟

لەگەڵ ئەوەی پیاز وا دەکات چاوەکانت پڕ ببن لە فرمێسک و ئاویان پێدا بێتە خوارەوە، بەڵام هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیانی کەسەکە نییە. سەرەڕای ئەوەی مەترسی نییە، بەڵام لەوانەیە هێشتا بتەوێت خۆت لەو فرمێسکانە بەدوور بگریت، یان دەکرێت بە دوای ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێیت کە دوای تووشبوون بە حاڵەتەکە دەتوانی جێبەجێیان بکەیت. چەند ڕێگایەک هەیە دەتوانی بۆ کەمکردنەوەی فرمێسک لە کاتی پاککردنی پیازدا ئەنجامیان بدەیت، وەکوو:

  • مەودایەک لەنێوان دەست و چاوتدا دابنێ، تاکوو  زۆر بە سەختی ئاو بە چاوەکانتدا نەیەتە خوارەوە.
  • بە ئاوێکی خاوێن و سارد چاوەکانت بشۆ.
  • بۆ کەمکردنەوەی خورانەکەی، شتێکی سارد یان پارچە خەیارێکی سارد لەسەر چاوەکانت دابنێ.
  • دەتوانیت جێڵی ئەلۆڤێرا یان ئاو بە لۆکە بە چاوەکانتدا بهێنیت.

چۆن لە کاتی قاشکردنی پیازدا لە گریان دووربکەومەوە؟

سەرەتا پێویستە ئەوە بزانیت، ئەو ماوەیەی پیازەکە دەهێڵیتەوە کاریگەری لەسەر دروستبوونی فرمێسکەکە دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر پیازەکە نوێ بێت کەمتر دەبێتە هۆی دروستبوونی گریان بە بەراورد بەو پیازانەی بۆ ماوەیەکی زۆرە لە ماڵەوە هەڵتگرتووە و نەت خواردووە. دەتوانیت بەم ڕێگایانە خۆت لە گریان لە کاتی پاککردنی پیازدا بپارێزیت:

بەشێوەیەکی دروست پیازەکە قاش بکە

ئەگەر بەشێوەیەکی دروست پیازەکە پاک بکەیت، ئەوا دەکرێت کەمتر بتگریەنێت. هەندێک شێف پێشنیار دەکەن، پیازەکە بۆ ڕووەکەی دوور لە خۆت قاش بکەیت، بەم شێوەیە پرشەکەی ڕاستەوخۆ بەر چاوەکانت ناکەوێت. هەوڵبدە لە ڕەگەکەیەوە قاشی نەکەیت، لەبەرئەوەی ئەم بەشەی پیاز زۆرترین پێکهاتەی سولفێریکی تێدایە، کە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی گریانەکەیە. بەکارهێنانی چەقۆیەکی تیژ دەکرێت یارمەتیدەرێکی تر بێت، هەتا چەقۆکە تیژتر بێت، کەمتر تێکدەشکێت، کەواتە کەمتر هەستیاری بۆ چاوەکان دروست دەکات. 

ئاو بەکاربهێنە

بۆ ئەوەی لەو فرمێسکانەی بەهۆی پاککردنی پیاز دروست دەبێت دووربکەویتەوە، پێویستە پێکهاتەی سولفێریک لەناو خودی پیازەکەدا لەناو بەریت. بۆ ئەوەی ئەم کردارە ئەنجام بدەیت، ٣٠ خولەک پێش قاشکردنی لەناو ئاوێکی سەهۆڵاودا پیازەکە نقووم بکە.

لە پرشەی پیازەکە خۆت بپارێزە

هەوڵبدە لەو کاتەی پیازەکە پاک دەکەیت، ئەو پەنجەرەی لێت نزیکە بیکەیتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی هەوا بدەیت و  کەمتر فرمێسک بە چاوەکانتدا بێتە خوارەوە.


سەرچاوەکان



826 بینین