دوورگەی بووکەڵە مردووەکان

له‌لایه‌ن: - دیاکۆ سامان دیاکۆ سامان - به‌روار: 2022-11-02-21:55:00 - کۆدی بابەت: 10397
دوورگەی بووکەڵە مردووەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دوورگەی بوکەڵە مردووەکان، (بە ئینگلیزی: island of dead dolls، بە عەرەبی: جزيرة الدمى الميتة المكسيكية، بە ئیسپانی: la isla de las muñecas)، هەرێمێکی گژ و گیاییە لە مەکسیك لە نزیك دەریاچەی تەشویلا، هەروەها یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی دەربەندی سوچیمیلکۆ، لە باشووری ناوەندی شاری مەکسیکۆ و زۆر نزیکە لە یاریگای تۆپی پێی ئیستادیۆ ئازتیکا.

بووکەڵەکانی دوورگەکە

لە هەموو شوێنێکی دوورگەکە چەندەها بووکەڵەی جیاواز و بە چەندەها ڕەنگ و شێوە و جۆری جیاواز دۆزراونەتەوە، لە بنەڕەتدا ئەم بووکەڵانە لەلایەن خاوەنی پێشووی دوورگەکەوە داندراون، که ناوی جولیان سانتانا بارێرا بوو، که بە جەڵدەی دڵ لە ساڵی ٢٠٠١ کۆچی دوایی کرد. چیرۆکەکە لەوەوە دەست پێدەکات کە جولیان کچێکی بچووکی بینیبوو کە دەخنکا و پێویستی بە یارمەتی هەبوو، جولیانیش نەیتوانیوە ڕزگاری بکات.
ئەو باوەڕی وا بوو کە ئەم بووکەڵانە یارمەتی دەرکردنی ڕۆحی ئەو کچۆڵەیە دەدات، بۆیە لە تەواوی دوورگەکەدا دەستی کردووە بە دانانی ئەم بووکەڵە سەیرانە.

مێژووی دوورگەکە

دوورگەی بووکەڵە مردووەکان خاوەنە ڕەسەنەکەی جولیان سانتانا بارێرا بووە، دوورگەکە پڕە لە بووکەڵەی هەڵواسراو کە بە دار و درەختەکاندا هەڵواسران و باڵەخانە و شوێنەکانی دوورگەکەش بە تۆڕی جاڵجاڵۆکە و مێروو داپۆشراون، ئەم شوێنە لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی پێشوو ناونرا کاتێك لەناکاو و بە شێوەیەکی هەڕەمەکییانە بووکەڵەکان لە تەواوی دوورگەکەدا دەرکەوتن.

دەربارەی جولیان سانتانا

دوای خنکانی ئەو کچۆڵەیە لە دوورگەکە، جولیان سانتانا هەموو جارێك بووکەڵەی زیاتر و زیاتری هەڵدەواسی، باوەڕی وابوو کە ئەم بووکەڵانە دەبنە خۆشحاڵ کردنی ڕۆحی کچەکە، دواتر بۆی دەرکەوت کە ئەم بووکەڵانە خۆیان لەلایەن ڕۆحی کچۆڵە بچووکە مردووەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بۆیە دەستی کرد بە کۆکردنەوەی بووکەڵەی زیاتر، شتێکی ئاشکرا بوو کە بۆی دەرکەوتبوو کە ناتوانێت بەم کارە ڕۆحی کچەکە ڕزگار بکات. دوای ماوەی پەنجا ساڵ لە کۆکردنەوەی بووکەڵە و هەڵواسینیان، جولیان بە مردوویی دۆزرایەوە لە هەمان ئەو شوێنەی کە کچۆڵەکە تیایدا مردبوو.

دوای مردنی جولیان سانتانا

دوای مردنی جولیان سانتانا، ناوچەکە بوو بە ناوچەیەکی گەشتیاری و شوێنێکی سەرنجڕاکێش، خەڵکیش لەگەڵ هاتنیان بووکەڵەیان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنا، هەروەها لە زۆربەی ڕۆژنامە و پڕۆگرامە تەلەفزیۆنییەکان باس دەکرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، تەنانەت بە شێوەیەك کە لە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنیشدا بەکارهێنرا، بووکەڵەکان هەتا ئێستاش هەر لە دوورگەکەدان و وەك شوێنێکی گەشتیاری سەردان دەکرێت، هەروەها لەگەڵ کرانەوەی چەندین شوێنی تر وەك مۆزەخانەی ئاهۆلۆت، هەروەها جۆگەی ئاپاتلاکۆ بۆ ڕێی کەشتییەکان.


ئەو قسە و ئەفسانانەی کە وتراون دەربارەی دوورگەکە

بەپێی ئەفسانەیەك دەوترێت کە، کچێکی بچووك خنکاوە لە جۆگەیەکدا و لاشەکەشی لە ڕۆخی ڕووباری سانتامپا چینامپس دۆزراوەتەوە، هەروەها دواتر جولیان وتوویەتی کە کچەکەی لە کاتی ڕووداوەکە بینیوە، کە هاواری کردووە و وتوویەتی "بووکەڵەکەم دەوێت!"،دواتر بە شێوەیەکی ترسناکانە بووکەڵەیەکی لە نزیکی شوێنەکەوە بەسەر درەختێکەوە دۆزیوەتەوە، دوای ماوەیەك، هەر جارێك کە هاتبێتە دەرەوە بووکەڵەی تری بەسەر دارەکانەوە بینیوە، دواتر دوای مردنی لە هەمان شوێنی کچەکەدا، ئەفسانەکە دەڵێت کە مردنەکەی بەهۆی ڕۆحی کچەکەوە بووە، کە تا ئێستاش دەستی بەسەر دوورگەکەدا گرتووە.

چیرۆك و قسە و قسەڵۆکی خەڵکی ناوچەکە

بەپێی قسە و قسەڵۆکی خەڵکی ناوچەکە، دەڵێن کە بووکەڵەکان سەریان جوڵادووە، هەروەها دەستیان جوڵاندووە و تەنانەت چاویشیان کردووەتەوە. شایەتحاڵەکان ئەوەشیان وتووە کە بووکەڵەکان بە چرپە قسەیان لەگەڵ یەکدا کردووە، هەروەها چەند بووکەڵەیەکی تریش لە خوارووی دوورگەکەوە هاواری بانگکردنیان بۆ بووکەڵە هەڵواسراوەکان کردووە، لەگەڵ ئەوەی ئەم قسانە هەڵبەستراون و هەموویان درۆن، هیچ خێو و جادوویەك بوونی نییە لە شوێنەکەدا، بەڵام هەر شوێنەکە وەك شوێنێکی ترسناك دەردەکەوێت و دیمەنێکی سەیری هەیە.


سەرچاوەکان



385 بینین