چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێی بێزارکەر

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-11-03-12:59:00 - کۆدی بابەت: 10399
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێی بێزارکەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێی بێزارکەر (بە عەرەبی: كيفية تعامل مع جار مزعج، بە ئینگلیزی: How to deal with annoying neighbors)، هیچ کەس حەز ناکات دراوسێی کەسێک یان ماڵێکی بێزارکەر و بە دەنگەدەنگ بێت، هەروەها ئەگەر تۆ لە باڵەخانەدا بژیت، ناخودئاگا دەنگی نهۆمەکانی تر بە گوێت دەگات و ئەم بابەتە ئاساییە، بەڵام هەندێک لە دراوسێکان زیاد لە پێویست دەنگەدەنگ دەکەن و بێزارتان دەکەن. ئەگەر ئێوەش دراوسێیەکی بێزارکەر و بە دەنگەدەنگتان هەیە، لەم بابەتە ماندوو بوون، باشترە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی بزانن تاکوو بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

چۆنیەتی مامەڵەکردن

١- داوای لێ بکە دەنگەدەنگ کەم بکاتەوە

یەکەم و باشترین ڕێگا ئەوەیە، ئەگەر لە باڵەخانەدا دەژیت یان لە ماڵێکی چەند نهۆمیدا، قسە لەگەڵ دراوسێکەی نهۆمی سەرەوەت بکە، ئەگەر بەردەوام کەلوپەلەکانیان دەگوازنەوە و سەری ئێوەیان ئێشاندووە، بابەتەکەی لەگەڵ باس بکە و ئاماژە بەوە بکە کە چ شتانێک بێزارتان دەکات بەڕێزەوە داوای لێ بکە زیاتر ڕەچاوی دۆخەکە بکەن.

٢- لەگەڵی هەڵبکەن

تۆ دەبێت هەوڵ بدەیت پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دراوسێکەت دروست بکەیت، تاکوو خۆت ئارامییەکی زیاترت هەبێت، لەبیری مەکەن کە دەبێت هەردوولا ڕەچاوی بارودۆخی یەکتر بکەن، ئەوەی داوای لەو دەکەیت کە ڕەچاوی بکات، خۆیشت پێویستە ڕەچاوی بکەیت.

٣- بەرگە بگرە

بەڵێ، دەبێت بەرگەگرتنت بەرز بکەیتەوە، تۆ ناتوانیت هەموو ڕۆژێک لەگەڵ دراوسێکەت مشتومڕ و دەمە قاڵە بکەیت، ڕەنگە نەشتوانیت هەموو شتێک بگۆڕیت، کەواتە دەبێت بەرگەگرتن و ئارامگرتنی خۆت زیاد بکەیت.

٤- کەلوپەلی جیاواز بەکاربهێنە بۆ ڕێگریکردن لە دەنگەدەنگەکە

دەتوانیت هەندێک ئامڕازی جیاواز بەکاربهێنیت بۆ ڕێگریکردن لە دەنگی ماڵی دراوسێ، کە بەگشتی ئەو شتانەش شتی ئاسانن و لەبەردەستن.

٥- ئەگەر لە باڵەخانەدا دەژین، داوای یارمەتی لە بەڕێوەبەڕی باڵەخانەکە بکە

ئەگەر خۆت ئاگادارت کردوەتەوە و بە ئەنجام نەگەشتوویت بەڕێوەبەری باڵەخانەکە ئاگادار بکەوە و هەوڵ بدە لە ڕێگای ئەوەوە بابەتەکە چارەسەر بکەیت، هەڵبەت ئاگادار بە بەدوای شەڕ و کێشەوە نەبیت.

٦- لە کۆبوونەوەیەکدا ئاگاداری بکەنەوە

بە ئامادەبوونی دراوسێ ناڕازییەکان و بەڕێوەبەری باڵەخانەکە و دراوسێ بێزارکەرەکە، کۆبوونەوەیەک ڕێکبخەن بەشێوەیەکی فەرمی بەڵام دۆستانە، قسەی لەگەڵ بکەن و ئاگاداری بکەنەوە تاکوو کۆتایی بە بێزارکردن و دەنگەدەنگەکانی بهێنێت.

٧- داوای یارمەتی لە خاوەن ماڵەکە بکە

ئەگەر لە ماڵێکی چەند نهۆمیدا کرێچیت، دراوسێکەشت وەکوو تۆ، ئەوا داوای یارمەتی لە خاوەن ماڵەکە بکە تاکوو کێشەکە چارەسەر بکات.

٨- پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکە

ئەگەر لەکۆتاییدا هیچ یەکێک لە ڕێگاکان ئەنجامی نەبوو دەتوانیت پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەیت، ئەگەر دراوسێکەت بۆتە هۆی بێزارکردنتان، ئەوا تەنانەت دەتوانن لەڕێگای یاساوە چارەسەری بکەن.


سەرچاوەکان



383 بینین