جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-11-28-22:24:00 - کۆدی بابەت: 10482
جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ (بە عەرەبی: فصل غرفة نوم الٲطفال، بە ئینگلیزی: Separating children’s bedrooms)، جیاکردنەوەی ژووری نووستن و بەتەنیا خەوتنی منداڵ، یارمەتی بەهێزبوونی متمانە بەخۆبوونی منداڵ دەدات، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەندێک کێشە دەبێت ئەم کارە لە کات و تەمەنی گونجاودا ئەنجام بدرێت.

باشترین کات بۆ جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ

باشترین کات بۆ جیاکردنەوەی ژووری منداڵ لە ١٢ بۆ ١٨ مانگییە، چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا هێشتا وابەستەی دایک و باوکی نەبووە، ترس لە تاریکی لای ئەو هیچ مانایەکی نییە، ئەو منداڵانەی کە دایکیان فەرمانبەرە باشترە تا تەمەنی سێ ساڵی لە سەر جێگایەکی جیا لە ژووری دایکیدا بخەوێت و ئەمەش هیچ کێشەیەک دروست ناکات. 

کاریگەری جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ

جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ لە دایک و باوکی تا تەمەنی ٤ ساڵی زۆر کاریگەری لەسەر ڕەفتاری منداڵ دادەنێت، دوو نموونە لەم کاریگەریانە بریتین لە:

  1. جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی کە متمانەیان بە دایک و باوکیان زیاتر بێت و تەنانەت کاتێکیش کە دایک و باوکیان لە لای ئەوان نین هەست بە پارێزراوی بکەن.
  2. جیاکردنەوەی ژووری منداڵ هەستکردن بە سەربەخۆیی لە منداڵدا زیاتر دەکات و بەمشێوەیە منداڵ هەست دەکات کە شوێنێکی کەسی و تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانێت بەسەربەخۆیی لە ژوورەکەی خۆیدا بخەوێت.

جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ لە تەمەنە جیاوازەکاندا

جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ لە پێش تەمەنی شەش مانگی قەدەغەیە

پێش تەمەنی شەش مانگی نابێت ژووری نووستنی منداڵ لە دایک و باوکی جیابکرێتەوە، چونکە تا پێش شەش مانگی منداڵ ناسکە و دەکرێت زیانی پێ بگات و هەروەها بەدرێژایی شەو پێویستی بە شیری دایکی هەیە.  دوای شەش مانگی دەبێت هەنگاو بە هەنگاو دەست بە جیاکردنەوەی جێگای خەوی منداڵ لە جێگای دایک و باوکی بکرێت، بەشێوەیەک کە سەرەتا تەختی منداڵەکە بە دووریەکی گونجاو لە تەختی دایک و باوکەوە دابنێن، بەڵام نابێت منداڵ لە ژوورێکی جیادا بخەوێنن. بەجیا خەواندنی منداڵان، یارمەتی کۆمەڵایەتیبوونی منداڵ دەدات و ئەگەر ئەم کارە دوابخرێت دەبیتە هۆی دروستبوونی هۆگربوونێکی نائاسایی لە منداڵدا.

جیاکردنەوەی ژووری نووستن بۆ منداڵانی سەروو سێ ساڵ

بۆ جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵی سێ ساڵە باشترە ئارام بگرن و بە گفتوگۆ و ڕوونکردنەوە ڕازی بکەن کە لە ژوورەکەی خۆی بخەوێت، ئەگەر منداڵەکەتان لە نیوەشەودا بەخەبەر هات و هات بۆ ژوورەکەی ئێوە ئەوا دووبارە بیبەنەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و لەلای بمێننەوە تا دەخەوێت. ئەگەر منداڵ هەموو شەوێک ئەم کارەی ئەنجامدا، هەر بیبەنەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و ڕێگای پێبدەن کە لە هەفتەیەکدا یەک جار لەلای ئێوە بخەوێت. 

جیاکردنەوەی ژووری نووستن بۆ منداڵانی سەروو پێنج ساڵ

بۆ جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵی پێنج ساڵە پێویستە بە چەند قۆناغێک ئەم کارە ئەنجام بدەن، بەشێوەیەک کە سەرەتا تەختی خەوەکەی لە سیستەمەکەی خۆتان جیابکەنەوە و پاشان تەختەکەی بۆ ژوورێکی تر بگوازنەوە. ئەگەر منداڵ زۆر پێداگری کرد کە لەلای ئێوە بخەوێت، لەبەرانبەر پێداگیریەکانی ئارام بگرن و هەوڵ بدەن بە قسەی خۆش و یاری جیاواز بیبەن بۆ ژوورەکەی خۆی. کاتێک کە لە ماڵەوە یاسایەک دادەنێن، بەتەواوی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن بۆئەوەی منداڵ لە جدیبوونی ئێوە تێبگات. لە هەندێک لە خێزانەکاندا پێشینەی کێشەی دەروونی بوونی هەیە بەم هۆیەوە ئەگەری دەرکەوتنی ئەم کێشەیە لە منداڵیشدا هەیە و بە جیاکردنەوەی ژووری منداڵ ئەم حاڵەتە تیایدا زیاتر دەردەکەوێت.

ئەو شتانەی کە پێویستە لە کاتی جیاکردنەوەی ژووری نووستنی منداڵ لەبەرچاو بگیرێن

بارودۆخی دەروونی منداڵەکەتان لەبەرچاو بگرن

ئەگەر منداڵەکەتان تووشی فشاری جیابوونەوە بوو دەبێت بە ڕێنمایی ڕاوێژکارێک بڕیاری جیاکردنەوەی جێگاکەی بدەن و خۆتان منداڵەکەتان مەخەنە ژێر فشارەوە. 

دایک لە لایەنی دەروونی و ڕۆحییەوە ئامادەبێت

بۆ جیاکردنەوەی ژووری منداڵ هاوکاری دایک و باوک، بەتایبەت دایک زۆر پێویستە، ئارامی و ئاسوودەیی دایک لەم بوارەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم کێشەیە لای منداڵ زووتر چارەسەر بێت. ئاگادار بن کاتێک کە منداڵەکەتان لە جێگاکەی خۆیدا خەواند ئێوەش لە لایەوە ڕامەکشێن، بەڵکوو لە تەنیشتی دابنیشن و بە وتنی چیرۆک بۆی یارمەتی بدەن بخەوێت.

کاتێک کە دەتانەوێت منداڵەکەتان بخەوێنن

بەهیچ شێوەیەک دەموچاو، قژ یان دەستی خۆتانی پێمەدەن و ڕێگە بدەن منداڵەکەتان خۆی تەواو سەربەخۆ خەوی لێبکەوێت. هەندێک دایک و باوک کێشەیان نییە لەگەڵ خەوتنی منداڵە ٥-٦ ساڵەکەیان لەلایانەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمە کێشەیەکی گەورەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت.


سەرچاوەکان



350 بینین