هۆڕمۆنی گەشە

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-12-01-21:30:00 - کۆدی بابەت: 10512
هۆڕمۆنی گەشە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆڕمۆنی گەشە ناسراو بە سۆماتۆترۆپین (بە ئینگلیزی: Growth hormone، بە عەرەبی: هرمون النمو) هۆڕمۆنێکی پڕۆتینییە لەلایەن پلی پێشەوەی ژێرمێشکە ڕژێنەوە دروست دەکرێت، هانی گەشەی هەموو خانەکانی لەش دەدات بە تایبەت ئێسک، ڕۆژانە بە نزیکەیی ١-٢ میلیگرام لەم هۆڕمۆنە دەردەدرێت، هەروەها ئەم هۆڕمۆنە زۆر گرنگە بۆ گەشە و پێگەیشتنی منداڵ و لە تەمەنی هەرزەکارییدا ڕێژەی دەردانی زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونی باڵا.

فرمانی هۆڕمۆنی گەشە

لە جەستەی مرۆڤدا ئەم هۆڕمۆنە پڕۆتینێکە هانی دروستکردن و تێکشکاندنی چەوری دەدات بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ گەشەی خانە و شانەکان، هەروەها ئەم هۆڕمۆنە پێویستییەکی سەرەکی ئێسکە بۆ گەشەکردن و بەرزبوونی باڵا لە ماوەی منداڵی و هەرزەکاریدا، هەروەها لە فرماندا وەک هۆڕمۆنی ئەنسۆلینە و ڕاستەوخۆ کارلێک لەگەڵ شانەدا دەکات، هەروەها هانی جگەر و شانەکانی تر دەدات کە هۆکاری گەشەی هاوشێوەی ئەنسۆلین دەربدەن (IGF-1) کە پێشی دەگوترێت سۆماتۆمێدین، ئەم هۆکارە گەشەیە لاسایی فرمانی ئەنسۆلین دەکاتەوە و هانی گەشە دەدات و لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیشدا دەردانی زیاتر دەبێت تا تەمەنی هەرزەکاری دوای تەواوبوونی تەمەنی هەرزەکاریش ڕێژەکەی بەرەو نزمبوونەوە دەڕوات هاوشێوەی هۆڕمۆنی گەشە.

میکانیزمی دەردان

هۆڕمۆنی گەشە لەلایەن هۆڕمۆنی هاندەری تایبەت بە خۆیەوە (GHRH) هان دەدرێت و لەلایەن دەردانی سۆماتۆستاتینەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ڕێگری لە دەردانی دەکرێت، ئەم هۆڕمۆنە لە کاتی خەوتنێکی قووڵدا لە ماوەی هەرزەکاریدا بڕێکی زۆری لێ بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها لە کاتی کەمخۆری و بەدخۆراکی و دڵەڕاوکێ و وەرزشی قورس و سەخت وەک وەڵامدانەوەیەک بۆی دەردانی هۆڕمۆنەکە زیاتر دەبێت.

زۆربوونی هۆڕمۆنی گەشە

زۆربەی کات زۆربوونی هۆڕمۆنی گەشە بەهۆی پەیدابوونی لوویەکی بێزیان لە خانە سۆماتۆترۆفەکانەوە دروست دەبێت، دەشێت زۆری هۆڕمۆنەکە بەهۆی دروستبوونی لوویەک لە پەنکریاس یان سییەکان ڕووبدات یانیش دروستبوونی ڕژێنێکی نائاسایی لە هەر جێیەکی تری جەستەدا و ببێتە هۆی دروستکردنی (GHRH) و هاندانی دروستکردنی هۆڕمۆنی گەشە و دروستبوونی کەتەیی (باڵای زۆر بەرز) لە کەسەکەدا ڕوودەدات.

کەمی هۆڕمۆنی گەشە

کەمی هۆڕمۆنی گەشە هۆکارێکی سەرەکی کورتەباڵاییە، هەندێک جاریش کەمی هۆڕمۆنەکە کار دەکاتە سەر دواکەوتنی پێگەیشتن یان دروستبوونی نەزۆکی بەتایبەت لە خانماندا یانیش دروستبوونی کۆرپەلەی ناتەندروست لە داهاتوودا، هۆکارەکانی کەمی هۆڕمۆنی گەشە بریتین لە:

  • زیانگەیشتن بە ژێرلانک یان ژێرمێشکەڕژێن لە ماوەی گەشەی کۆرپەلەدا لە کاتی سکپڕییدا یان دوای لەدایکبوونی کۆرپەلە.
  • بازدانی بۆماوەیی لە جینەکانی کە بەرهەمهێنان و دەردانی هۆڕمۆنەکە کۆنترۆڵ دەکەن.
  • ناجێگیری باری دەروونی بەهۆی کۆمەڵگا و دەوروبەرەوە کار دەکەنە سەر دروستبوونی کورتەباڵایی لە منداڵەکەدا.
  • کێشەی بۆماوەیی لە وەرگری تایبەت بە هۆڕمۆنەکە لەسەر ڕووی خانەکان.

نیشانەکانی کەمی هۆڕمۆنەکە

  • شەکەتی
  • نەبوونی وزە و توانا
  • خەمۆکی
  • لاوازبوونی ماسولکە
  • کەمبوونی کێش
  • کورتەباڵایی
  • پێستی تەنک و وشک
  • زیادبوونی شانە چەورییەکان
  • کەمبوونی چڕی ئێسک

چارەسەرکردنی کەمی هۆڕمۆنی گەشە

کەمی هۆڕمۆنی گەشە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەبێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک کە هۆڕمۆنەکە لە پێکهاتەیدا هەیە و یارمەتی منداڵان دەدات کە باڵایان نزیک ببێتەوە لە باڵای ئاسایی خۆیان، زۆر گرنگە کەسەکە زوو چارەسەر وەربگرێت چونکە کاریگەرییان باشترە و دەگەنە باڵای سروشتی خۆیان و یارمەتی پتەوبوونی ئێسکیان دەدات، بەڵام لە هەندێک لە منداڵاندا دژەتەن دژی دەرزی هۆڕمۆنەکە دروست دەبێت و ڕێگری دەکات لە سوود وەرگرتن لە دەرزییەکە، هەندێک جار هۆڕمۆنەکە بوونی هەیە و لەلایەن ژێرمێشکەڕژێنەوە دەردەدرێت، بەڵام کێشە لە وەرگرەکاندا هەیە و وەڵامدانەوەیان بۆ هۆڕمۆنەکە نابێت بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە سەر خانەکانی ئێسک وا دەکەن کەسەکە بە کورتەباڵایی بمێنێتەوە، هەروەها بەکارهێنانی دەرمان دەشێت کاریگەری خراپ بخاتە سەر ئەندامەکانی تر و ببێتە هۆی هەڵئاوسانی جەستەی کەسەکە و دروستبوونی نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێن.


سەرچاوەکان



1143 بینین