کاڵای تایبەتی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-02-19:19:00 - کۆدی بابەت: 10519
کاڵای تایبەتی

ناوه‌ڕۆك

کاڵای تایبەتی چییە؟

کاڵای تایبەت (بە ئینگلیزی: Private good، بە عەرەبی: سلعة خاصة) لە ئابووریدا بریتییە لە بەرهەمێک کە دەبێت بکڕدرێت و تاکێک بەکاری بهێنێت، بە واتایەکی تر کاڵایەک بە کاڵایەکی تایبەت دادەنرێت ئەگەر ڕکابەرییەک لە نێوان تاکەکاندا هەبێت بۆ بەدەستهێنانی کاڵاکە. بۆیە کاڵا تایبەتەکان لە ڕووی بەردەستبوونەوە جیاوازن لە کاڵا گشتییەکان، بەو پێیەی کاڵا گشتییەکان بە ئازادی بۆ هەمووان بەردەستە.

پێچەوانەی کاڵای تایبەتی کاڵای گشتییە، کاڵای تایبەتی هەم جێی وەدەرنانە و هەم جێی ڕکابەرییە، لە کاتێکدا کاڵای گشتی ناڕکابەرییە و دوور لە بێبەشکردن.

تێگەیشتن لە کاڵای تایبەتی

ڕۆژانە ڕووبەڕووی کاڵای تایبەت دەبینەوە، بۆ نموونە نانخواردنی ئێوارە لە چێشتخانەیەک، بازاڕکردن بۆ خواردن، سواربوونی فڕۆکە و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی. ئەمەش واتە کاڵای تایبەت هەر شتێکە کە تەنها لەلایەن یەک لایەنەوە لە یەک کاتدا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت یان لەناو ببرێت.

زۆرێک لە کاڵا بەرجەستەکراوەکانی ماڵەوە کاڵای تایبەتین، بەو پێیەی تەنها ئەو کەسانە دەتوانن بەکاری بهێنن کە دەستیان پێی گەیشتووە. هەروەها هەر شتێک بەهۆی بەکارهێنانیەوە لە ناوبچێت و بۆ مەبەستی خۆی بەکاربهێنرێت کاڵای تایبەتە، وەکوو خۆراک و کلێنس. 

زۆرجار کاڵا تایبەتییەکان بەردەستبوونی سنوورداریان هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات ڕێگری لە دەستپێگەیشتنی کەسانی تر بکەن. بۆ نموونە تەنها ژمارەیەکی دیاریکراو لە جووتێک پێڵاوی دیزاینەرەرێکی دیاریکراو بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە هەموو کەسێک ناتوانێت ئەو پێڵاوانەی هەبێت تەنانەت ئەگەر بیەوێت و بتوانێت بیکڕێت.

کاڵای تایبەت و کاڵای گشتی

پێچەوانەی کاڵای گشتی، کاڵایەکی تایبەتە، کە هەم جێی وەدەرنانە و هەم ڕکابەرییە، لە کاتێکدا کاڵای گشتی ناڕکابەرییە و دوورە لە بێبەشکردن. کاڵای تایبەتی تەنها دەتوانرێت لەلایەن یەک کەسەوە لە یەک کاتدا بەکاربهێنرێن، بۆ نموونە ئەڵقەی هاوسەرگیری، بەڵام کاڵای گشتی موڵکی گشتییە وەکوو ڕووناکی شەقامەکان، دەتوانرێت بەبێ هیچ تێچوویەک بەکاربهێنرێت، تەلەفیزیۆن و ڕادیۆی گشتی کاڵای گشتین، چونکە لە یەک کاتدا دەتوانرێت لەلایەن چەندین کەسەوە ببینرێت و گوێی لێ بگیرێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر توانای کەسانی تر هەبێت بۆ ئەو کارە. 

کاڵا تایبەتەکان کەمتر تووشی کێشەی بەدەستهێنانی بێ بەرانبەر (Free-rider) دەبن، چونکە کاڵایەکی تایبەت دەبێت بکڕدرێت بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت، بە ئاسانی بێ بەرانبەر بەدەست نایەت. ئامانجی کۆمپانیایەک لە بەرهەمهێنانی کاڵایەکی تایبەتدا قازانجکردنە. 

تایبەتمەندییەکانی کاڵای تایبەتی 

کاڵای تایبەتی بە سێ لایەنی سەرەکی تایبەتمەندە. ئەگەر هەر یەکێک لەم تایبەتمەندیانە بوونی نەبێت، ئەوا پێدەچێت ئەو کاڵایە وەک جۆرێکی جیاوازی کاڵا هەژمار بکرێت. سێ پێکهاتەی کاڵای تایبەت بریتین لە:

جێی وەدەرنان: وەدەرنان بەو واتایە دێت کە بەکارهێنەران ناتوانن سوود لە کاڵایەک وەربگرن ئەگەر پارەی بۆ نەدەن. ئەگەر تاک پارە نەدات مافی خاوەندارێتی و بەدەستهێنان و بەکارهێنانی ئەو کاڵایەی نییە. خاوەنی کاڵاکە دەتوانێت بڕیار بدات کە چۆن سوودی بۆی دەبێت، یان لەوانەیە بڕیار بدات خاوەندارێتی بگوازێتەوە بۆ تاکێکی تر بە مەرجێک ئاڵوگۆڕێک بکرێت (بەزۆری بە شێوەیەکی دراوی). بە کورتی هیچ شتێک و خزمەتگوزارییەک بەڕاستی بە بێ بەرانبەر بەدەست نایەت. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای گشتی بەدەستهێنانی کاڵایەکی تایبەت هەیە.

ڕکابەری: ئەگەر داوای پیتزایەک بکەیت و چێژ لە جۆرێک پیتزا ببینیت، ئەوا ئەو جۆرەی پیتزا بۆ کەسانی تر کەمدەبێتەوە، لە بری ئەوەی بۆ کەسێکی تر بەردەست بێت بۆ تۆ بەردەستە. بە هەمان شێوە کاتێک لە ڕێگایەکی گشتی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕیت شوێنێکی ڕێگەکە دەگریت، لەو کاتەدا ئەو جێگەیە بۆ شۆفێرێکی تر بەردەست نییە. لە کاڵایەکی تایبەتدا، بەکارهێنانی بەرهەمێک لەلایەن کەسێکەوە ئەو بڕە کەمدەکاتەوە کە دەمێنێتەوە بۆ کەسانی تر ئەمەش دەبێتە هۆی ڕکابەری.

ڕەتکردنەوە: کاتێک جۆرێک لە خۆراکێکی خوێندنگەکەت بەدڵ نییە دەتوانیت نەیکڕیت، پارەکەت بۆ بەدەستهێنانی شتێکی تر بەکاربهێنیت. دەتوانیت لە بری ئەوەی گەشت بۆ شوێنێک بکەیت گەشت بۆ شوێنێکی تر بکەیت یان نەیکەیت، دەتوانیت هەڵبژاردن بە خواستی خۆت لە نێوان کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا بکەیت، بە پێی چەندین هۆکاری وەکوو خواستت بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکە، یان خستنەڕووی لە بازاڕدا، سەرجەم کاڵا و خزمەتگوزارییە تایبەتەکان دەتوانرێت لەلایەن بەکارهێنەرانەوە ڕەت بکرێتەوە ئەگەر پێداویستی و ئارەزووەکانیان یان داهاتەکەیان بگۆڕێت.


سەرچاوەکان



682 بینین