پیتزا

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-03-23:15:00 - کۆدی بابەت: 7744
پیتزا

ناوه‌ڕۆك

پیتزا چییە؟

پیتزا (بە ئینگلیزی: Pizza، بە عەرەبی: البیتزا، بە ئیتاڵی: Pitssa)، بریتییە لە هەویرێک کە پێکهاتەکەی لە ئارد و ئاو پێکدێت، لە قاپێکی خڕدا پان دەکرێتەوە و بە چەند شێواز و قەبارەی جیاواز ئامادە دەکرێت، بەپێی خواستی کڕیار چەند جۆرێک لە خواردنی جیاوازی دەخرێتە سەر وەک، پەنیر، سەوزەوات، گۆشت، مریشک و ماسی، پاشان لە فڕندا دەبرژێنرێت، جۆرێکە لە خواردنی خێرا کە زۆر بەناوبانگە و لە هەموو جیهاندا ناسراوە و بەگشتی زۆرینەی خەڵکی لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان ئارەزووی دەکەن.

مێژووەکەی

سەرەتا پیتزا پێی دەوترا خواردنی هەژاران و پێکهاتبوو لە نانێک کە خوێ، پەنیر و تەماتەی دەخرایە سەر بۆ ڕازاندنەوە و بەخشینی تام و چێژێکی زیاتر، یەکەم دوکانی دروستکردنی پیتزا لە ساڵی ١٨٣٠ لە شاری نەیپڵز کرایەوە کە پیتزای پێشکەشی چینی هەژار و کرێکارەکان دەکرد، یەکەم جۆری پیتزا ناوی مارگەرێتا بوو کە لە ناوی شاژن مارگەرێتای شاژنی ئیتاڵیا وەرگیراوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٨٩ شاژن لەگەڵ پاشا ئامبرتۆی یەکەمی هاوسەریدا گەشتیان کرد بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، لەوێ ئارەزووی کرد خواردنی کولتووری ئەو وڵاتە تام بکات، ئەوانیش پیتزای مارگەرێتایان پێشکەش کرد کە تەنها لە هەویر، پەنیر، تەماتە و ڕەیحان دروستکرا بوو، دواتر و لە کۆتایی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩ دا پیتزا لە شاری نەیپڵزی ئیتاڵیا پەرەی پێدرا و بە چەندین جۆری جیاواز دروستکرا، لە سەدەی ٢٠ دا بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچ کردنی خەڵک لە ئیتاڵیاوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بیرۆکەی دروستکردنی پیتزا گوازرایەوە بۆ ئەمریکا و لە ساڵی ١٩٠٥ یەکەم دوکانی پیتزا لە شاری نیویۆرک کرایەوە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم شێوازی دروستکردنی پیتزا زیاتر بەرەوپێش چوو و پەرەی پێدرا بەجۆرێک کە قارچک، هەموو جۆرەکانی بیبەری شیرین، گۆشتی بەراز، پیپەرۆنی (باسرمە) و سۆسەج بەکارهات.

سوودەکانی

خواردنی پیتزا ئەگەر بە شێوەیەکی تەندروست بێت و بە لایەنی کەمەوە هەفتەی جارێک بخورێت، ئەوا زیانێکی زۆری نابێت بەڵکو سوود بە جەستەش دەگەیەنێت:

  1. تایبەتمەندی دژەئۆکسان: یەکێک لە سوودەکانی خواردنی پیتزا بوونی ماددەی دژەئۆکسانی لایکۆپینە کە لە تەماتەدا هەیە، سۆسی تەماتەی پیتزاکە دەوڵەمەندە بە ماددەی لایکۆپین کە دژە ئۆکسانێکی بەناوبانگە و مەترسی توشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە کەم دەکاتەوە، توێژەرەوان ئاماژە بە ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی هەفتانە بڕێکی کەم لە پیتزا دەخۆن مەترسی توشبوونیان بە جۆرەکانی شێرپەنجە وەک، شێرپەنجەی سییەکان، پڕۆستات، گەدە و دەم کەمترە.
  2. ماددەی خۆراکی: پەنیری مۆزارێلای سەر پیتزا پێکدێت لە چەندین ماددەی خۆراکی وەک، کالسیۆم، پڕۆتین، چەوری و سۆدیۆم، بە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی کەم لە پەنیر دەتوانیت ئەو ماددە خۆراکییانە بۆ جەستەت بەدەست بهێنیت بەڵام بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆری پەنیر دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی چەوری و کۆلیسترۆڵ.
  3. چەوری تەندروست: بۆ ئەوەی پیتزاکەت چەورییەکی تەندروستی تێدابێت و زیان بە جەستەت نەگەیەنێت زەیتی زەیتوون بەکاربهێنە، چونکە هۆکاری پاراستنی ئاستی کۆلیسترۆڵە و بەراورد بە جۆرەکانی تری زەیت کالۆری کەمتری تێدایە، بەمەش پارێزراو دەبیت لە توشبوون بە نەخۆشی بە تایبەت نەخۆشییەکانی دڵ.
  4. بەهای خۆراکی: بۆ دەستکەوتنی بەهای خۆراکی لە ئەنجامی خواردنی پیتزا ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕووەک بەکاربهێنە وەک، سەوزەوات، بیبەری ڕەنگاو ڕەنگ، زەیتوون، تەماتە و سیر، کە دەبنە هۆی بەدەستهێنانی بڕی پێویستی ڤیتامین سی و سیلینیۆم و پیتزا دەکەن بە خواردنێکی تەندروست و بەسوود.

زیانەکانی

چەندین لێکۆڵینەوەی پزیشکی ئاماژە بە ئەوە دەکەن کە خواردنی بەردەوام و ڕۆژانەی پیتزا چەندین کاریگەری خراپ لەسەر جەستە و تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات، لەوانەش:

  1. زیادکردنی کێش: یەکێک لە دیارترین زیانەکانی خواردنی بەردەوامی پیتزا قەڵەوییە، ئەمەش لە گشت تەمەنە جیاوازەکاندا دەبینرێت.
  2. زیادکردنی مەترسی توشبوون بە جەڵتەی دڵ: بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی بەرزی سۆدیۆم لە پیتزادا هۆکارە بۆ بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن و ئەمەش مەترسی توشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاد دەکات بەتایبەت لە ئەو کەسانەی هێشتا تەمەنیان لە خوار ٤٠ـەکانە.
  3. توشبوون بە نەخۆشییەکانی گەدە: هەویری پیتزاکان لە ئاردی سپی دروست دەکرێت و ئەمەش هۆکارە بۆ بوونی بڕێکی زۆر لە کاربۆهیدرات کە گەدە بە ئاسانی ناتوانێت هەرسی بکات بۆیە دەبێتە هۆی هەوکردن و هەندێکجار برینی گەدە.
  4. کێشەکانی پێست: پیتزا بە خواردنێکی چەور دادەنرێت بەهۆی بوونی پەنیر تیایدا کە ڕێژەیەکی بەرز لە چەوری تێدایە، ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر هۆڕمۆنەکانی جەستە دروست دەکات و ڕێژەی ئاسایی خۆیان تێکدەدات، بە تایبەت لە هەرزەکارەکاندا و دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە، سووربوونەوەی پێست و هەستیاری.

جۆرە بەناوبانگەکانی پیتزا


سەرچاوەکان



1753 بینین