موعتەزیلە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-02-22:58:00 - کۆدی بابەت: 10527
موعتەزیلە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

موعتەزیلە یان بیری عەقڵانی بوون (بە عەرەبی: المعتزلة، بە ئینگلیزی: Muʿtazila) کۆمەڵە و دەستە و بزووتنەوەیەکی فیکری جەدەلی بوون له ساڵی دووی کۆچییەوە لە نێو ئایینی ئیسلام دەرکەوتن، بە یەکەمین قوتابخانەی هزری و کەلامی لە مێژووی ئیسلام دادەنرێن. ئەم کۆمەڵە لە سەر بنەمای هاوسەنگی ڕاگرتن لە نێوان عەقڵ و دەقە ئایینییەکان دامەزرا، بە شێوەیەکی لۆجیکییانە و بە پشت بەستن بە هزر و ژیرییەکی پەتی و ڕەها ڕاڤە و شیکارییان بۆ بابەتە جیاوازەکانی ئایین و شەرع دەکرد، ئەو بابەتە ئایینییەی لەگەڵ شێوازی بیرکردنەوە و عەقڵیان نەگونجێت پەسەندی ناکەن و ڕتیدەکەنەوە.

مێژووی دروستبوونی موعتەزیلە و هۆکاری دەرکەوتنیان

لە مێژووی ئیسلامیدا زۆر ڕەوت و بزووتنەوەی جیاواز دەرکەوتوون، دیارترینیان موعتەزیلە بوون کە پەیڕەوکارانیان بەوە ناسراون کە عەقڵیان پێش نەقڵ دەخست، واتا بە پشتبەستن بە عەقڵ و بیرکردنەوەکانی خۆیان بڕیارەکانی ئیسلامیان جێبەجێ دەکرد و زۆرێک لەو بابەتانەی پێش خۆیان کە بڕیاری لەسەر درابوو ڕەتدەکردەوە. سەرهەڵدان و دەرکەوتنی موعتەزیلەکان هۆکاری زۆری هەبوو، بەڵام هۆکارە ئایینی و سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی دروستبوونی بوون.

لە ڕابردوودا لە سێ ناوچەی سەرەکی ئیعتیزال و جیابوونەوە بڵاوبووەوە کە بریتی بوون لە حیجاز و میسر و عێراق، موعتەزیلەکانی ئەم ناوچانە هەمان بنەما و بنچینەیان هەبوو، بەڵام تایبەتمەندییەکانیان جیاواز بوون. مێژوونووسان پێیان وایە کە یەکەم گرووپ کە لە کۆمەڵی ئیسلامی جیابوونەوە لە سەدەی سێیەمی کۆچی بوو، ئەو کۆمەڵەیە بوون کە لە ویلایەتی دەسەڵات و جێنشینی عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب جیابوونەوە، نە بە دەسەڵاتی ڕازیبوون نە جەنگیان دژی ڕاگەیاند، بەڵکوو هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو و دوورەپەرێزی و جیابوونەوەیان لە کۆمەڵەی موسڵمانان هەڵبژارد، نموونەی چەند هاوەڵێکی وەک سەعدی کوڕی مالیک، سەعدی کوڕی ئەبی وەققاس، ئوسامەی کوڕی زەیدی کوڕی حاریسە و عەبدوڵڵای کوڕی عومەر.

پاشان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکانەوە بیرۆکەی عەقڵانی ڕەها و موعتەزیلە هەبووە و چەند کەسێک گرنگییان پێداوە و بڵاوبووەتەوە، نموونەی جەعدی کوڕی درهەم و غەیلانی دیمەشقی. بەڵام بیرۆکەکە بە تەواوی لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان پەرەیسەند و بڵاوبووەوە، واسڵی کوڕی عەتا بە پێشەنگ و داهێنەری سەرەکی ڕەوتی ئیعتیزال دادەنرێت.

هۆکاری پەرەسەندنی ئیعتیزال و گرووپی موعتەزیلە لە سەردەمی عەباسییەکان بەرهەمی پێشکەوتنی مێژوویی بنەماگەلێکی فیکری و عەقیدەیی ئەو سەردەمە بوو، کە لە ئاکامی بڵاوبوونەووەی ئیسلام لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و کەوتنەبەر کاریگەریی فەلسەفەی یۆنانی و هیندی و ئایینەکانی تری ناوچە جیاوازەکان دروست بوو، هەروەها ئاشنابوونی موسڵمانان بە وەرگێڕان و زانستەکانی دەرەوەی سنووری ناوچەی خۆیان کاریگەری بەرچاوی هەبوو لەسەر دروستبوونی ئەو ڕەوتە.

ڕووداوی واسڵی کوڕی عەتا و دروستبوونی ڕەوتی موعتەزیلە

ڕووداوی واسڵی کوڕی عەتا و حەسەنی بەسری بە بنچینە و هۆکاری ناونان و دروستبوونی موعتەزیلە دادەنرێت، ئەو ڕووداوە ڕاجیایی و فرەبۆچوونی جیاوازی لەسەرە کە لە کۆڕبەندێکی زانستیدا کێشە و مشتومڕ لەسەر ئەنجامدەری گوناهە گەورەکان لەنێوان حەسەنی بەسری و واسڵی مەخزوومی دروست بووە.

لە شاری بەسره لە مزگەوتی حەسەنی بەسری لە کۆڕبەند و کۆبوونەوەیەکی زانستی نێو مزگەوتەکە و لەکاتی وانەوتنەوەی حەسەنی بەسری، پرسیارێک لە ئیمامی حەسەن کراوە کە ئایا بکەری تاوانە گەورەکان لە ئیسلامدا بێباوەڕە یان باوەڕدارە؟ بەو واتایەی ئایا ئەنجامدەری تاوانە گەورەکان لە ئیسلام دەردەچێت؟ حەسەنی بەسری وەڵامیداوەتەوە و وتوویەتی: "ئەنجامدەری تاوانە گەورەکان لە ئیسلامدا باوەڕدارێکی گوناهکارە." بەو واتایەی کە ئیماندارێکی یاخییە، بەڵام واسڵی کوڕی عەتای مەخزوومی کە خوێندکارێک بوو لە شاری مەدینەوە بۆ وەرگرتنی زانستی شەرعی هاتبووە بەسڕە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وتوویەتی: "ئەنجامدەری تاوانە گەورەکان لە ئیسلامدا نە باوەڕدارە نە بێباوەڕه، بەڵکوو لە پلەیەکی نێوەندگیرە لە نێوان ئیسلامبوون و بێباوەڕی." لەدوای وتەکانی لە کۆڕبەندی حەسەنی بەسری هەستاوە و کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتووە، چووتە گۆشەیەکی تری مزگەوتەکە بەجیا دانیشتووە و درێژەی بە وتەکانی داوە. دوای ئەم جیابوونەوەیه حەسەنی بەسری وتوویەتی: "اعتزل عنا واصل" واتا "واسڵ لێمان دابڕا یان واسڵ لێمان جیابووەوە یاخود واسڵ خۆی لێدابڕاندین"، لە دوای ئەم ڕووداوەوە واسڵ و شوێنکەوتووانی به موعتەزیلە ناوبران.

واتای ناوی موعتەزیلە

ناوی موعتەزیلە لە زمانی عەرەبیدا لە وشەی (اعتزال)ـەوە وەرگیراوە، کە واتای لێدابڕان و وازهێنان، دوورکەوتنەوە یان دوورەپەرێزی و خۆجیاکردنەوە دەبەخشێت، لەلایەن موسڵمانانەوە وەکوو تانە و توانج ئەم زاراوەیە سەپێندرایە سەر موعتەزیلەکان، بەو واتایەی ئەوان سەبارەت بە زۆر چەمکی سەرەکی ئیسلامی لە موسڵمانان جیابوونەتەوە. ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن حەسەنی بەسرییەوە بەکارهێنرا، کە دوای ڕووداوەکەی واسڵی مەخروومی ئیمامی حەسەن وتی: "اعتزل عنا واصل" واتا: "واسڵ لێمان دابڕا یان واسڵ لێمان جیابووەوە". موعتەزیلەکان خۆیان دەستەواژەی (اصحاب العدل و التوحيد) کە واتا لایەنگیرانی عەدالەت و یەکتایی دەبەخشێت بەکاردەهێنا.

موعتەزیلەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان

شاری بەسرە لە سەردەمی عەباسییەکان لە ئۆردووگایەکی سەربازییەوە بووە ناوەندێکی کولتووری و ڕۆشنبیری و زانست بۆ موسڵمانان، مزگەوتی بەسرە بووە یەکەمین ناوەندی ناوچەکە کە تایبەت کرا بە دانیشتگا و کۆڕبەندی زانایان کە گفتوگۆی فیقهی و زانستی تێدا دەکرا، تەنانەت تێیدا گرنگی بە بوارەکانی شیعر و وێژە و زمانی عەرەبیش دەدرا.

چەند جێنشین و دەسەڵاتدارێکی عەباسی بە تەواوی پشتگیرییان لە موعتەزیلەکان دەکرد نموونەی هاروونە ڕەشید، مەئموون، موعتەسیم و واثق، تەنانەت لە سەردەمی مەئموون هەرکەس و لایەنێک دژی بەرەی موعتەزیلە بوەستایەتەوە سزا دەدرا و گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە چەندان زانای ناوداری ئیسلامی نموونەی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و زیندان کرانەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی مەئموون، ڕووداوی میحنەتی خەلقی قورئان ڕوویدا، موعتەزیلەکان پێیان وابوو کە قورئان وتەی خوا نییە و دروستکراو و ئافرێنراوە.

بەزەبری هێز ئەو بۆچوونەیان سەپاند و هەرکەسێک دژایەتی بکردایە ڕاپێچی زیندان و ئەشکەنجە دەکرا و ڕووبەڕووی مەرگ دەکرایەوە. سەپاندنی بۆچوونی موعتەزیلەکان بەسەر موسڵمانان لە سەردەمی دەسەڵاتی هەردوو جێنشین موعتەسم و واثقیش بەردەوام بوو، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی دوای ئەوان خەلیفە موتەوەکیل سنوورێکی بۆ هەژموونی موعتەزیلەکان دانا و ڕەوتەکە بەرەو داچوون و لەناوچوون دەچوو، هەموو بۆچوونەکانیانی هەڵوشاندەوە و ئەو زانایانەی کە بەهۆی ئەوانەوە لە زیندان بوون ئازادی کردن، ڕێگری لە سەرکردەکانی موعتەزیلە کرد کە چیتر لە دەسەڵاتدارەکان نزیک بنەوە.

چوار بنەما سەرەکییەکەی ڕەوتی موعتەزیلە

دەستەی موعتەزیلەکان بە جەدەل و مشتومڕێکی ئایینی فیکری دەستی پێکرد، ئەمەش بووە بناغە بۆ بۆچوونی موعتەزیلەکان، واتا لەسەر هەموو بابەتێک مشتومڕیان دەکرد و تەنها بۆچوونی خۆیان دەسەپاند، گرنگترین بنەماکانیان بریتی بوون لە: 

  1. یەکتاپەرستی: یەکتاپەرستی یان یەکتایی "التوحید" واتا باوەڕبوون بە تاک و تەنهایی خوا، موعتەزیلەکان باوەڕیان بە تاک و تەنهایی خوا هەبوو، بەڵام باوەڕیان بە تایبەتمەندیی و سیفاتەکانی خوا نییە و هەموو تایبەتمەندییەکانیان ڕەتدەکردەوە.
  2. دادی خوایی: دادگەری یان دادوەری "العدل"، مەبەستی ئەم چەمکە لەلای موعتەزیلەکان واتای ئەوەی دەبەخشی کە حوکم و فرمانەکانی خوا پێویستە هاوتای ئەقڵ و ژیری مرۆڤ بن، مرۆڤ سەربەستە لە کردەوەکانی و پێیان وابوو بەندە و مرۆڤ خۆی ئافرێنەری کردەوەی باش و خراپی خۆیەتی.
  3. سەرپشکایەتی مرۆڤ: مەنزڵێک لەنێوان دوو مەنزڵدا "المنزلة بین المنزلتيین" موعتەزیلەکان ئەنجامدەری تاوانی گەورە و کەسی خراپکاریان نە بە بێباوەڕ و کافر دادەنا نە بە ئیماندار و باوەڕدار، بەڵکوو پێیان وابوو کە لە پلەیەکە لە نێوان باوەڕداری و بێباوەڕی.
  4. فرمان بە چاکە و ڕووبەڕووبوونەوە و وەستانەوە دژی خراپە: موعتەزیلەکان تا ڕادەیەک ئەم بنەمایەیان لە دژی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکان بەکاردەهێنا، ئەم چەمکەیان کردبوو بە واجب و دژی زۆر کەس لەوانەی کە هاوڕا و هاوبۆچوونیان نەبوو بەکاریان دەهێنا، هەر بە پاساوی ئەم بنەمایە لە سەردەمی دەسەڵاتی مەئمووندا داوایان لە خەلیفە کرد کە بابەتی باوەڕهێنان بە خەلقی قورئان ببێتە عەقیدەی فەرمی وڵات، هەرکەسێکیش دژی وەستایەوە یان بەند دەکرا و ئەشکەنجە دەدرا و دژایەتی دەکرا یاخوود دەکوژرا.

بیروباوەڕی موعتەزیلە

  • لە بیروباوەڕیاندا تایبەتمەندی و سیفاتەکانی خوایان پەسەند نەدەکرد.
  • ئەنجامدەری تاوانە گەورەکان نە بە بێباوەڕ نە بە باوەڕدار ناناسێنن، بەڵکوو پێیان وابوو لەو نێوەندەدایە و لە ڕۆژی دوایی سزای هەتاهەتایی لە دۆزەخدا بەسەر دەسەپێندرێت.
  • بەپێی بۆچوونی موعتەزیلەکان قورئان وتە و کەلامی خوا نییە، بەڵکوو دروستکراوە و ئافرێندراوە.
  • ئەقڵ و ژیری ڕەها و ئارەزووی خۆیان زاڵ دەکەن و هەر بابەتێکی ئایین و فەرمایشتێکی خوا و پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ پێوەری ئەقڵ و بیرکردنەوەکانیان نەگونجا ڕەتیدەکەنەوە، بە بەکارهێنانی هزر و ژیری و ئەقڵی پەتی و ڕەها شیکردنەوە و ڕاڤەی دەقە ئایینییەکان دەکەن.
  • تانەدان لە چەند هاوەڵ و شوێنکەوتووی پێغەمبەر ﷺ و گێڕرەوەکانی فەرموودە نموونەی ئەبووهورەیرە.
  • ڕەتکردنەوەی زۆرێک فەرموودە ڕاستەکان بەبیانووی نەگونجانی لەگەڵ عەقڵ وبیرکردنەوەدا، تەنانەت ئەگەر سەحیح و تەواویش بن و گێڕانەوەی تەواوی بۆ کرابێت.
  • باوەڕنەبوون بە جنۆکە و فریشتە و جادوو.

لەناوچوونی موعتەزیلە و بۆچوونەکانیان

مێژوونووسان و زانایان هۆکارگەلێکی زۆر دەخەنەڕوو کە بوونەتە هۆی لەناوچوون و کاڵبوونەوەی هزری موعتەزیلە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە بۆچوون و هزری موعتەزیلە بۆچوونی کۆمەڵ نەبوو، بەڵکوو بۆچوونی تایبەتی چەند دەستە و گرووپێکی دیاریکراو بوون، لەگەڵ لەناوچوونیان بیرۆکەکانیشیان لەناوچوو.

هەندێکی تر لە زانایان پێیان وایە کە بۆچوون و هزری موعتەزیلە بۆ خەڵکی سادە و کەسی ئاسایی تێگەیشتن لێی قورس بووە و سادە نەبوون، بەڵکوو ئەوان ئایینیان قورس کردبوو و هەموو شتێکیان پەیوەست کردبوو بە عەقڵ و ژیرییەوە. فیتنەی خەلقی قورئان بە یەکێکی تر لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوونی موعتەزیلە دادەنرێت، چونکە ناوەڕۆک و بۆچوونکانی بابەتەکە لەگەڵ ئیسلام و بنچینەکانی یەکیان نەدەگرتەوە.


سەرچاوەکان



757 بینین