دەزگای BBC

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-04-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10548
دەزگای BBC

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەزگای ڕاگەیاندنی بی بی سی (بە عەرەبی: بي بي سي یاخود هيئة الإذاعة البريطانية، بە ئینگلیزی: BBC کورتکراوەی British Broadcasting Corporation)، کە واتای دەزگای پەخشی بەریتانی دەبەخشێت، دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئینگلیزیی بەریتانییە و بە دەزگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن دادەنرێت و ناوەندە سەرەکییەکەی لە شاری لەندەنی ئینگلتەرایە. لە ئێستادا ئەم دەزگایە خاوەنداریی لە کۆمەڵێک کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و چەند ناوەندێکی بەرهەمهێنان دەکات، پیشەی سەرەکی بریتییە لە گواستنەوە و ڕووماڵکردنی هەواڵ و ڕووداوەکانی جیهان.

مێژووی دروستبوونی

دەزگای ڕاگەیاندنی بی بی سی لە ڕۆژی ١٨ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢ لەلایەن جۆن ڕایخەوە دامەزراوە، لە سەرەتادا لەژێر ناوی دەزگای وەشاندنی بەریتانی بە بەرپرسیارێتی سنووردار دامەزراوە، پاشان لە ساڵی ١٩٢٧ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی شاهانەی بەریتانیا بووە دەزگایەکی نێودەوڵەتی و فەرمی. لە ساڵی ١٩٣٢ ڕادیۆی دەنگی بی بی سی جیهانی ڕاگەیەندرا و وەکوو دەزگایەکی سەربەخۆی جوودا لە حکوومەتی بەریتانیا ڕاگەیەندرا.

بی بی سی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە سەر بە حکوومەتی بەریتانیا نەبووە، بودجەی دەزگاکە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە باجی سەر پەخشکردنی تەلەڤزیۆنی دابین دەکرا کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە، زۆر وڵاتی ئەورووپی باج لە هاوڵاتییانیان وەردەگرن بۆ پەخشکردنی تەلەڤزیۆنی و تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن، وڵاتی بەریتانیاش یەکێکە لەو وڵاتانە. بودجەی ساڵانەی دەزگاکە بە نزیکەی پێنج ملیار و ١٦٦ ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی دەخەمڵێندرێت. 

بەشی BBC Arabic کە لە ساڵی ١٩٣٨ ئەم بەشە کراوەتەوە و دامەزراوە، تێیدا ڕادیۆی BBCـی عەرەبی ڕاگەیەندراوە و یەکێکە لە کۆنترن بەشەکانی بی بی سی، لە ١١ـی ئازاری ساڵی ٢٠٠٨ کەناڵی تەلەڤزیۆنی BBC Arabic کرایەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ دوای ٨٤ ساڵ ڕادیۆی بی بی سی عەرەبی بەهۆی کورتهێنانی بودجەی دەزگاکه و نەمان و کەمبوونەوەی هەواداری ڕادیۆ لە جیهاندا داخرا. لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ یەکەم جار بی بی سی هەواڵەکانی لەسەر ئینتەرنێت پەخش کرد و تاکوو ئێستا بەردەوامن و ماڵپەڕی فەرمییان هەیە، ژمارەی بینەر و سەردانیکەرانیان هەفتانە نزیکەی ٣٦٤ ملیۆن کەسە.

بەشەکانی بی بی سی 

بی بی سی کۆمەڵێک ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و بەرهەمهێنانی هەیە کە بە زیاتر لە ٤٠ زمانی جیهانی پەخش دەکەن، بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵ و ڕووداوەکان ٤٤ نووسینگە و بنکەی نێودەوڵەتی هەیە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر ڕاگەیاندنکار و پەیامنێری تایبەت بەو بوارەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، ژمارەی کارمەندەکانی لە جیهاندا بە هەموو لقەکانییەوە نزیکەی ٢١ هەزار کەسن. بی بی سی چەند بەشێکی هەمەجۆری لە بواری تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ئینتەرنێتدا هەیە، نموونەی BBC News و BBC One و BBC Two و هەروەها لەگەڵ BBC Arabic.

ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان

بی بی سی بەدرێژایی مێژووەکەی ڕووماڵی زۆربەی ڕووداوەکانی جیهانی کردووە، بەتایبەتی جەنگی جیهانیی دووەم و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گرنگترین ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن دەزگای بی بی سییەوە ڕووماڵکراوە بریتی بوو لە دەستڕێژی سێ لایەنەی هەریەک لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتی میسر کە لە ساڵی ١٩٥٦ ڕوویدا، لەو ڕووماڵە دژی سەروەزیرانی ئەو کاتەی وڵاتی بەریتانیا تۆنی بلێر وەستایەوە، لەگەڵ ڕای گشتی و هاوڵاتیان بوون. هاوکات بی بی سی لە جیهاندا بە پێشەنگی بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی ناوی دەرکردووە. گرنگترین پڕۆگرامەکانی ئەو بوارە بریتیین لە "هەسارە شینەکە"، "هەسارەی مرۆڤایەتی"، "نازییەکان"، "هەسارە  بەستووەکە"، "جیهان لەنێو جەنگدا"، "جیهانە نادیارەکان" و "مێژووی جیهان".


سەرچاوەکان



478 بینین