ئیبن خەلدوون

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-05-19:35:00 - کۆدی بابەت: 10555
ئیبن خەلدوون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیبن خەلدوون (بە عەرەبی: ابن خلدون، بە ئینگلیزی: Ibn Khaldun)، یەکەمین زانای کۆمەڵناسی موسڵمان و دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسی، فەیلەسووف و نووسەر، مێژوونووسی ناوداری عەرەبییە، کە لە سەدەکانی ناوەڕاست بە فەیلەسووفێکی ناودار و مەزن ناوی دەرکردبوو.

بەهۆی "پێشەکی ئیبن خەلدوون" (بە عەرەبی: مقدمة ابن خلدون) ناسراوە کە بە شاکارێکی فەلسەفی ناوداری جیهانی عەرەبی و ئیسلامی ناوزەد دەکرێت. ئەم پێشەکییە لە بارەی فەلسەفەی مێژوو و کۆمەڵناسی لەگەڵ زانستە ئابووری سیاسییەکانەوەیە کە تا ئێستا بابەتەکانی وەکوو بنەما و بنچینەی سەرەکی بۆ زۆر بۆچوون و بیرۆکە دادەنرێت.

زانیاری گشتی
ناو عەبدولڕەحمانی کوڕی محەمەدی خەلدوون
نازناو ئەبوو زەید، ئیبن خەلدوون
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ساڵی ١٣٣٢، وڵاتی توونس
ساڵ و شوێنی کۆچی دوایی ساڵی ١٤٠٦ لە شاری قاهیرەی وڵاتی میسر نێژراوە
ئایین پەیڕەوی ئایینی ئیسلامی سەر بە ڕێبازی مالیکی
نەتەوە عەرەب
بواری کارکردنی زانای کۆمەڵناس، نووسەر و ئەدیب، مێژوونووس، دادوەر
بواری زانستی کۆمەڵناسی، مێژوو، ئابووری، سیاسی، ئایین، فەلسەفە

ژیاننامەی

ناوی تەواوی عەبدولڕەحمانی کوڕی محەمەدی خەلدوونە، لە ساڵی ١٣٣٢ لە وڵاتی توونس لە خێزانێکی خانەدان لەدایکبووە، ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە سەر عەرەبەکانی یەمەن و لە بواری سیاسەت کاریان کردووە، دوای کەوتنی ناوچەکانی ئەندەلوس خێزانەکەی کۆچیان بۆ وڵاتی توونس کردووە. هەر لە تەمەنی منداڵی و لاوییەوە گرنگی بە فێربوونی زانست و فێربوون داوە، تەواوی قورئانی پیرۆزی لە تەمەنی لاوی لەبەرکردووە. قۆناغی منداڵی لە توونس بەڕێکردووە، پاشان بۆ وەرگرتنی زانست کۆچی وڵاتی مەغریب و وڵاتی ئەندەلووسی کردووە، لەسەر دەستی زانا ناودارەکانی توونس و مەغریبی عەرەبی زانستی فەلسەفە، مێژوو، زمانی عەرەبی، ئایین، فەرموودە و فیقهی خوێندووە، هاوکات زانستەکانی سەردەمی نموونەی بیرکاری و لۆجیک و فەلسەفەی خوێندووە و گرنگی تەواوی پێیان داوە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای تاعوون لە نێوان ساڵانی ١٣٤٨ بۆ ١٣٤٩ لە ناوچە جیاوازەکانی ئەفریقا و توونس، ئیبن خەلدوون لە تەمەنی ١٧ زۆرێک لە کەسوکارەکەی و باوکی بەوهۆیەوە کۆچی دوایی دەکەن و دووچاری هەژاری دەبنەوە، بۆیە ئیبن خەلدوون گرنگی بە نووسین دەدات و بۆ کەسانی پلە باڵای وڵات دەنووسێت، پاشان لە توونس و مەغریب پۆستی سیاسی وەردەگرێت و پلەی بەرز دەبێتەوە.

لە تەمەنی ٢٣ ساڵی هاوسەرگیری لەگەڵ کچی سەرکردە محەمەدی کوڕی حەکیم دەکات و کوڕێکیان دەبێت ناوی لێ دەنێن زەید، بۆیە ئیبن خەلدوون نازناوی ئەبوو زەید وەردەگرێت. لە ساڵی ١٣٨٢ ئیبن خەلدوون کۆچی وڵاتی میسر دەکات و لە قاهیرە نیشتەجێ دەبێت، لە بواری سیاسەت وەکوو سەرۆکی دادەوەری ڕێبازی مالیکی کار دەکات و کەسێکی نزیک دەبێت لە دەستەی پاشاکانی ئەو سەردەمەی میسر، هەروەها لە مزگەوتی ئەزهەر کۆڕبەندی زانستی هەبووە.

گرنگترین وێستگەی ژیانی ئیبن خەلدوون بریتی بوو لە چاوپێکەوتنی پادشای مەغۆلییەکان تەیمۆرلینک لە دیمەشق، کە چەند بابەتێکی لەسەر ئەفریقا بۆ تەیمۆرلینک خستووەتەڕوو و بەتوانایی خۆی بۆ سەلماندووە.

بۆچوون و نووسراوەکانی ئیبن خەلدوون

ئیبن خەلدوون خاوەنی زۆرێک لە نووسراو و کتێب و بەرهەمی هەمەجۆرە، هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەستی کردووە بە نووسین، بەڵام ناودارترین بەرهەمی کتێبەکانی "پەند" (بە عەرەبی: العبر)ـە کە دەربارەی مێژوو و فەلسەفەیە و لە حەوت کتێب پێکهاتووە، یەکەمین بەش و گرنگترینیان "پێشەکی" (بە عەرەبی: المقدمة)ـەیە کە بە کتێبێکی سەربەخۆ دادەنرێت و تیۆری بایەخداری فەلەسەفی تێدایە، دووەم کتێب تاکوو پێنجەمیان باس لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی دەکات تاکوو ئەو سەردەمەی کە ئیبن خەلدوون تێیدا ژیاوە. کتێبی شەشەم و حەوتەم باس لە مێژووی گەلانی مەغریب و ئەمازیغ دەکات.

بابەتەکانی بەرهەمەکانی ئیبن خەلدوون تێکەڵەیەکن لە مێژوو، فەلسەفەی کۆمەڵناسی و ئابووری سیاسی، نووسینەکانی سادە نین، بەڵکوو قورس و قوڵ و وردن پێویستییان بە تێگەیشتن هەیە، باس لە شارستانی و کۆمەڵگەی پێشکەوتوو دەکات، هاوکات دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و چارەسەرییان دەخاتە ڕوو. ئیبن خەلدوون بە پێشەنگی زانا کۆمەڵناسەکانی عەرەب و جیهان دادەنرێت، بەڵکوو لە سەدەکانی ناوەڕاست بە دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسی دادەنرێت.

لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ڕۆژاوا گرنگی بە زۆرێک لەتیۆری و نووسراوەکانی ئیبن خەلدوون داوە و ژمارەیەکی زۆر لە بابەتەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانە زیندووەکانی جیهان. تاکوو سەردەمی ئەمڕۆش زۆرێک لە زاناکان دەگەڕێنەوە بۆ تیۆرییەکانی ئیبن خەلدوون بۆ شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی چەندان بواری سیاسی و دیاردەی کۆمەڵایەتی نێو ژیانی سەردەمی ئێستا.

کۆچی دوایی

لە ساڵی ١٤٠٦ لە شاری قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر ئیبن خەلدوون کۆچی دوایی کردووە، هەر لە گۆڕستانی سۆفییەکانی شاری قاهیرە نێژراوە.


سەرچاوەکان



2102 بینین