نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-09-10:35:00 - کۆدی بابەت: 10592
نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا (بە ئینگلیزی: Bipolar disorder in children، بە عەرەبی: الاضطراب ثنائي القطب عند الأطفال). نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا بەزۆری لەگەڵ زۆر جووڵەیی منداڵ تێکەڵ دەکرێت. ئەم بابەتە نیگەرانییەکی سەیر بۆ دایک و باوک دروست دەکات. منداڵانی زۆر چالاک (ADHD) لەوانەیە هەندێک نیشانەی هاوبەشیان لەگەڵ نەخۆشانی دوو جەمسەریدا هەبێت بەڵام تەواو جیاوازن لەم نەخۆشانە. تێکچوونی دوو جەمسەری لە منداڵاندا وەک ADHD باو نییە. 

نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا چییە؟

نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا جۆرێکە لە تێکچوونی مێشک کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری نائاسایی لە ڕەفتار و باری دەروونی و تەنانەت ئاستی وزەیان. ئەم گۆڕانکاریانە بە جۆرێکە کە منداڵ کێشەی جددی هەیە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی تر و ئەنجامدانی کاری قوتابخانە و ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانە. کاتێک ڕووبەڕووی گۆڕانكارییەكانی ژیان دەبنەوە، کاردانەوەیان زۆر جیاوازە لە منداڵانی تر. بۆ نموونە لەوانەیە بیری خۆکوشتنیان هەبێت یان بیانەوێت زیان بە خۆیان یان کەسانی تر بگەیەنن بەهۆی کێشەیەکەوە كە ئەوەندە جددی نییە. پزیشکەکان دەڵێن كە لەم بارەدا نەخۆشەکە لە قۆناغی ئەڵقەی خەمۆکی دایە. هەروەها هەندێک جار، لە بەرامبەر هەندێک ڕووداودا، خۆشی و شادییەكی زۆر نائاسایی یاخود لەڕادەبەدەر نیشان دەدەن. شارەزایان ئەم ڕەفتارە بە ئەڵقەی شەیدایی یاخود مانیا ناودەبەن.

هۆکاری نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا چییە؟

وا دیارە ئەو کەسانەی کە ئەندامێکی خێزانەکەیان تووشی ئەم نەخۆشییە بووە، زیاتر لە کەسانی تر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. بێگومان ناتوانرێت نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا تەنها بۆ هۆکارە بۆماوەییەکان بگەڕێنرێتەوە. كێشەكانی ژیان، برینداربوونی توندی دەروونی و فشاری دەروونی هۆکارەکانی ترن کە ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییە دەروونییە لە منداڵاندا زیاد دەکەن. بۆ نموونە مردنی ئەندامێکی خێزان یان دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ. لەبەر ئەوە توێژەران ناتوانن بە تەواوی بڵێن بۆچی هەندێک کەس تووشی نەخۆشی دوو جەمسەری دەبن.

نیشانەکانی نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا چین؟

نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا لە ماوەی خەمۆکی توند و دڵخۆشی لەڕادەبەدەر، دەكرێت ئەم نیشانانەی خوارەوەی هەبێت.

نیشانەکانی نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا لە ماوەکانی خەمۆکی تونددا:

  • کەمبوونەوەی حەز و ئارەزووی بۆ خۆشییەكانی ژیان. زۆرێک لە دایک و باوکان بە هەستکردن بە بێزارییەکی زۆر لە منداڵەکەیاندا وەسفی دەکەن.
  • هەستکردن بە سەرلێشێواوی و نائارامی، لەم حاڵەتەدا منداڵ کاردانەوەی توند و توڕەیی زۆریان دەبێت بەرامبەر بە بچووکترین هۆكار.
  • گۆڕان لە ئارەزووی خواردن، زۆر کەم یان زۆر دەخۆن.
  • تێکچوونی خەو کە دەتوانێت لە زۆر خەوتنەوە دەست پێبکات تا بە هیچ شێوەیەک نەخەوتن.
  • کەمبوونەوەی ئاستی وزە لە ڕۆژدا.
  • هەستکردن بە بێباکی لەو شتانەی کە پێشتر بۆیان گرنگ بوون.
  • گۆشەگیری.
  • زۆر هەستیارن بەرامبەر بە وەڵامدانەوەی نەرێنی و شکست هێنان.
  • لە قوتابخانەدا ئاستێکی قبوڵكراو و باشیان نییە.
  • هەستی نەرێنییان بەرامبەر بە خۆیان هەیە.
  • بێتوانایی لە تەرکیزکردن.
  • هەستكردن بە تاوان. 
  • هەستکردن بەبێ بەهایی.
  • زۆر بە هێواشی و بێ مەیلییەوە چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن.
  • ئەوان مەیلیان بۆ خۆکوشتن یان زیانگەیاندن بە کەسانی تر هەیە.
  • هەستکردن بە دڵتەنگی و زوو زوو گریان.
  • لەوانەیە زۆرجار بڵێن كە ئازاری جەستەییان هەیە وەک ئازاری سک و سەرئێشە و ئازاری ماسولکەکان.

نیشانەکانی نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا لە ماوەی خۆشی لەڕادەبەدەر یاخود مانیا:

  • ئاستی وزەی زۆر بەرزیان هەیە.
  • زۆر سەركێش و سەرپێچیکارن.
  • کەمبوونەوەی بەرچاو لە کاتژمێرەکانی خەوتن.
  • هەستکردن بە خۆبەگەورەزانینی لەڕادەبەدەر. 
  • زۆر قسە دەكەن و لە هەمان کاتدا خێرا قسە دەكەن بەجۆرێک کە وشەکان بە یەکەوە دەلکێنن و لێیان تێناگەیت.
  • زیاد لە پێویست بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا.
  • كەمی تەركیز.
  • ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی چالاکییە مەترسیدارەکان وەک بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
  • بیرکردنەوەی پێشبڕکێیانە. ئەم حاڵەتە جیاوازە لە بیرکردنەوەی خێرا. ڕەنگە باشتر بێت پێی بڵێین بازدانی بیرۆکەکان. لەم حاڵەتەدا کەسەکە لە مێشکیدا زۆر بەخێرایی لە بیرۆکەیەکەوە بۆ بیرۆکەیەکی تر دەڕوات، ئەم بیرۆکانە بە تەواوی لە یەکتر جیان.

چۆن نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا دەستنیشان دەکرێت؟

هیچ پشکنینێکی خوێن یان پشکنینی وێنەیی، وەک MRIـی مێشک، ناتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا. پزیشکی دەروونی منداڵان بەزۆری ئەم پشکنینانە دەنوسێت بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە كە نەخۆشییەكانی تری نییە. پزیشکانی دەروونی و دەروونناس بەزۆری لە کاتی وەرگرتنی زانیاری منداڵەكەدا پرسیار لە دایک و باوک دەکەن دەربارەی هەڵسوكەوتی منداڵەکە، شێوازی خەوتن، ئاستی وزە، کێشەکانی ڕەفتار و مێژووی خێزانی نەخۆشی دوو جەمسەری. ئەوان بۆ ئەوەی زانیاری وردتر بەدەستبهێنن پشکنینی کێشەکانی فێربوون و قسەکردن و بیرکردنەوەی بۆ دەنووسن.

چارەسەری نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا چییە؟

چارەسەری نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا فرەلایەنەیە، واتە پزیشکی پسپۆڕ تەکنیکی جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە. لە ئێستادا چارەسەری دەرمان و چارەسەری دەروونی باوترین تەکنیکن بۆ چارەسەر کردنی ئەم نەخۆشییە.

چارەسەری دەرمان

پسپۆڕان ئەو دەرمانە بۆ چارەسەرکردنی گەورەکان بەکاردەهێنن بەڵام لەوانەیە ئەم دەرمانانەش بە ژەمی زۆر کەم بۆ منداڵان و هەرزەکاران بنووسن. ئەم دەرمانانە یارمەتی سەقامگیرکردنی باری دەروونی نەخۆش دەدەن. لە ئەگەری هەر کاریگەریەکی لاوەکی پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت. وەستاندنی ئەم دەرمانانە بە ئارەزووی خۆیان دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو ئاڵۆزییانەی کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە دروست دەبن.

چارەسەری دەروونی

چارەسەری دەروونی هەموو ئەو تەکنیکانەن کە یارمەتی منداڵ دەدەن بۆ تێگەیشتن لە هەست و بیرکردنەوەکانی. ئەم شێوازە دەتوانێت ئەمانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:

- پەروەردەی دەروونی(Psychoeducation): نەخۆش فێر دەبێت چۆن تەندروستی دەروونی خۆی بپارێزێت. ئەم تەکنیکە هاوشێوەی پەروەردەی جەستەییە. ڕاهێنانی پەروەردەیی جەستەیی گرنگی بە سەلامەتی جەستە دەدات و ڕاهێنانی دەروونیش گرنگی بە تەندروستی دەروون دەدات.

- چارەسەری تایبەت بە خێزان ((FFT) Family-focused therapy): بەمشێوەیە نەخۆش و ئەندامانی خێزانەکە پێکەوە ڕاهێنان دەبینن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی دروستیان هەبێت لە نەخۆشییەکە، نیشانەکانی و شێوازەکانی کۆنترۆڵ کردنی.

- چارەسەری (Chronotherapy): لەم تەکنیکەدا پزیشکی پسپۆڕ هەوڵ دەدات سوڕی خەوی منداڵەکە ڕێکبخات، واتە هەموو ڕۆژ خەوتن و هەستان لە کاتێکی دیاریکراودا.

- چارەسەری ڕیتمی نێوان کەسی و کۆمەڵایەتی (IPSRT): ئامانجی پزیشکی پسپۆڕ ئەوەیە کە نەخۆش لە گرنگی خشتەی ڕۆژانەی خۆی تێبگات بە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە چارەسەرییە، بۆ نموونە خواردنی دەرمان لە کاتی خۆیدا و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخە فشارییەكان.

شێوازی ڕێگریكردن لە نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا

بەداخەوە هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵان و گەورەکاندا، چونکە شارەزایان بە تەواوی نازانن هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشییە چییە.

چۆن دایک و باوک دەتوانن یارمەتی منداڵێکی توشبوو بە نەخۆشی دوو جەمسەری بدەن؟

  • بە وردی چاودێری خشتەی دەرمانی منداڵەکەت بکە.
  • تەکنیکەکانی چارەسەری دەروونی وەک چارەسەری خێزانیی بە جددی وەربگرە.
  • مامۆستایان لە کێشەی منداڵەکەت ئاگادار بکەرەوە.
  • ئاگاداری کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان بن.
  • یارمەتیان بدە کۆنتڕۆڵی ڕیتمی ڕۆژانەیان بکەن و لەگەڵیان بن. بۆ نموونە خواردن، خەوتن، لە خەو هەڵسان و وەرزشكردن لە کاتێکی دیاریکراو ئەنجام بدەن.
  • منداڵەکەت دڵنیا بکەرەوە کە بەبێ هیچ لێپێچینەوەیەك گوێی بۆ دەگریت.

نەخۆشی دوو جەمسەری لە منداڵاندا بۆ دایک و باوک فشار دروست دەکات. گرنگترین هەنگاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا قبوڵکردنی نەخۆشییەکە. لەبیرت بێت ئەم منداڵانە بەهۆی نەخۆشییەوە ڕەفتاری نائاسایی نیشان دەدەن و دواتر هەست بە شەرم دەکەن. بابەتێکی تری گرنگ ئەوەیە کە خەڵکی دەوروبەر و کۆمەڵگا تێگەیشتنێکی دروستیان هەبێت بۆ نەخۆشییەکە و واز لە تاوانبارکردنی منداڵ و دایک و باوکیان بهێنن. ئەم دایک و باوکانە و منداڵەکانیان تاوانبار نین لەوەی کە ڕوودەدات.


سەرچاوەکان

106 بینین