گۆشەگیرکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-09-00:29:00 - کۆدی بابەت: 2102
گۆشەگیرکردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

گۆشەگیرکردنی منداڵ

هەڵەیەکی دیکە، لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە گۆشەگیرکردنی منداڵ لە ماڵەوە، بە واتایەکی دیکە، هەندێ لە دایکان و باوکان بە پاساوی ئەوەی منداڵەکانیان لە خراپەی خراپەکاران پارێزراو بن و ڕووبەڕووی مەترسی ئەو و ئەو نەبنەوە و دووچاری ڕووداوی نەخوازراو نەبن و تووشی هاوڕێی خراپ نەبن و لە ساخ و سەلامەتییان دڵنیا بن، هەوڵدەدەن لە ماڵەوە حەپسیان بکەن، هەروەها زۆر کەم ڕێگەیان پێدەدەن کە بچنە دەرەوە لەگەڵ دۆست و هاوڕێیانیان پیاسە بکەن و بچنە گەشت و گوزار و گەمە و یاری و ...تاد.
ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • دڕدۆنگی و وەسواسی ئەو جۆرە دایک وباوکانە.
  • لاوازی ئاستی زانستیو  ڕۆشنبیری ئەو جۆرە دایک و باوکە.
  • چاولێکەری و کاریگەری ژینگە و دەوروبەر لەسەر ڕەفتار هەڵسوکەوتنیان.
  • هەبوونی ئەزموونێکی تاڵ، بۆ نموونە: ڕەنگە منداڵانی ئەو دایک و باوکانە، پێشتر دووچاری ڕووداوی نەخوازراو ببن، بۆیە دایک و باوکەکانیان نایانەوێ ئەو جۆرە حاڵەتەنا دووبارە و چەندبارە ببنەوە.
  • ترس لە چاوپیست و چاوچنۆکەکان.
  • بەناز پەروەردەکردنی منداڵەکنیان.
  • گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دایک و باوک لە کۆمەڵگە.
  • هەست کردن بە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی.
  • کاریگەری ڕووداوەکانی دەوروبەر لەسەر هەست و سۆزی ئەو جۆرە دایک و باوکانە.
  • هەست ناسکی دایک و باوک.
  • هەندێ جار تاقانەبوونی منداڵ، وا دەکات کە دایک و باوکەکان ترسیان هەبێت لەوەی بەڵایەکی بەسەر بێت، بۆیە پەنا بۆ گۆشەگیرکردنی دەبەن و حەزناکەن لێیان دوورکەوێتەوە.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک ڕژد بن لەسەر گۆشەگیرکردن و حەپس کردنی منداڵ لە ماڵەوە و مافی چوونەدەرەوە و یاریکردن و گەشتکردن و پیاسەکردن و ...تاد نەبێت، ڕووبەڕووی کێشە و گرفتێکی زۆر دەبێتەوە و ئەو کێشە و گرفتانە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر خێزان و کۆمەلگەش جێدێڵێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ بە گۆشەگیری و دوورەپەرێزی گەورە دەبێت و کاریگەرییەکی نەرینی لەسەر گەشە ئەو جێدێڵێت، بە تایبەتی گەشەی هزری و زانستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی شەرمن.
  • بوڕوا و متمانەی بە خۆی نابێت.
  • هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
  • ناتوانێ سوود لە توانا و بەهرەکانی خۆی وەربگرێت.
  • لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
  • ناتوانێ خۆی لەگەڵ هەڤاڵانی و خەڵکیدا بگونجێنێت.
  • دەبێتە کەسێکی تووڕە و زوو زوو هەڵدەچێ!
  • ناتوانێ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.
  • لە هەڤاڵانی دوادەکەوێت.
  • لە پەیڤیندا زمانپاراو و ڕەوان نابێت.
  • تووشی نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی دەبێت.
  • منداڵ بە ئاسانی نابێتە کەسێکی کۆمەلایەتی و پەیوەندییەکانی ئەو هەر لە منداڵی، تا تامەنی پیری، لەگەڵ خەڵکیدا لاواز دەبن.
  • کەسێکی دووربین و واقعبین و وردبین نابێ و ناتوانێ بە جوانی واقع بخوێنێتەوە.
  • دایک و باوک و خێزان و کۆمەلگە بە گشتی، وەک پێویست سوود لە توانا و بەهرەکانی وەرناگرن و لە وزەیەکی زۆر بێبەش دەبن.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

  • بۆ ئەوەی منداڵ لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانیدا بە شێوەیەکی سروشتی و تەندروست گەشە بکات و دوور بێت لە دوورەپەرێزی و گۆشەگیری و تەنیایی، پێویستە دایکان و باوکان ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:
  • پێویستە دایک و باوک بە هەر پاساوێک بێت، دەستبەرداری بیرۆکەی گۆشەگیر کردنی منداڵەکانیان بن، چونکە کارێکی ناڕاست و هەڵەیە.
  • پێویستە دایک و باوک نە هێندە توند بن، کە نەهێڵن منداڵەکانیان لە ماڵ بچنە دەرەوە، نە هێندەش سست بن، کە هیچ جۆرە چاودێرییەکیان بەسەریانەوە نەبێت کاتێ دەچنە دەرەوە، بەڵکو باشتر وایە مامناوەندی بن، بۆ ئەوەی نە شیش بسووتێت، نە کەباب!
  • پێویستە دایک و باوک لە ئاستێکی بەرزی زانستی و ڕۆشنبیری بەهرەمەند بن، بۆ ئەوەی بتوانن سەرەدەری لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان بکەن.
  • پێویستە دایک و باوک هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ یاریکردن و سەردانکردنی ماڵی هاوڕێکانیان، بەڵام هاوشانی ئەمە، دەبێ لە کاتی پێویستدا ڕێنمایی و ئامۆژگاری بکرێن، بۆ ئەوەی نەکەونە هەڵە و تەڵەوە ...
  • دەبێ دایک و باوک ڕۆڵیان هەبێت لە هەڵبژاردنی هاوڕێی چاک و ڕەوشتبەرز و هیممەتبەرز و کۆششکار بۆ منداڵەکانیان، بۆ ئەوەی نەکەونە داو و تەڵەی هاوڕێی خراپ.
  • ئەرکی دایک و باوکەکانە ژینگەیەکی لەبار بۆ منداڵەکانیان فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی تێیدا ئاسوودە بن و لە ناخەوە هەست بە دڵخۆشی و ئاسوودەیی بکەن.
  • کاتێ دایک و باوک ڕێگری دەکەن لە چوونەدەرەوەی منداڵەکانیان، پێویستە لە ڕێگەی بەڵگەهێنانەوە، قەناعەت بە منداڵەکانیان بکەن، کە مانەوەیان لە ماڵەوە لە وەها حاڵەتێکدا چاکترە لە چوونەدەرەوەیان، لەبەر ئەم هۆکارانە: یەک و دوو و سێ و ...تاد!
  • پێویستە هەمیشە دایک و باوک و منداڵەکانیان لە ڕێگەی دان و ستاندن و گفتوگۆوە کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکەن و پەنا بۆ هیچ جۆرە توندوتیژییەک نەبەن.
  • پێویستە دایک و باوک و منداڵەکان ڕێز لە یەکتری بگرن و خۆیان لە کاری هەڵەشەیی بپارێزن.
  • پێویستە دایک و باوکەکان خۆیان لە چاولێکەری و لاساییکردنەوە بپارێزن.
  • پێویستە دایک و باوکەکان خۆیان لە نازاندنی منداڵەکانیان بەدوور بگرن.


سەرچاوەکان



2529 بینین