مێژووی زمانی ئینگلیزی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-14-21:30:00 - کۆدی بابەت: 10659
مێژووی زمانی ئینگلیزی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زمانی ئینگلیزی بەشێکە لە خێزانی زمانە جەرمانییەکان، کە ئەویش لقێکە لە زمانەكانی هيندۆئەورووپی. مێژووی زمانی ئینگلیزی (بە ئینگلیزی: The history of the English language، بە عەرەبی: تاريخ اللغة الإنجليزية)، بە هاتنی سێ هۆزی ئەڵمانی دەستی پێکرد کە لە ماوەی سەدەی پێنجەمی زایینیدا بەریتانیایان داگیرکرد. ئەم هۆزانەش، ئەنگڵەکان، ساکسۆنەکان و جوتەکان بوون کە بە دەریای باکووردا تێپەڕین کە ئەمڕۆ دانیمارک و باکووری ئەڵمانیایە. لەو کاتەدا دانیشتووانی بەریتانیا بە زمانێکی سێڵتیکی قسەیان دەکرد. بەڵام زۆربەی قسەکەرانی سێڵتیکی لەلایەن داگیرکەرانەوە ناچارکران بەرەو ڕۆژئاوا و باکوور بڕۆن، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەو شوێنەی کە ئێستا پێی دەوترێت وێڵز و سکۆتلەندا و ئێرلەندا.

ئینگلیزیی کۆن (٤٥٠-١١٠٠ زایینی)

خێڵە داگیرکەرەکانی ئەڵمانیا بە زمانی هاوشێوە قسەیان دەکرد، کە لە وڵاتی بەریتانیا پەرەی سەند و بوو بە زمانێک کە ئێستا پێی دەڵێین ئینگلیزیی کۆن (Old English). ئینگلیزیی کۆن لە ئینگلیزیی ئەمڕۆ نەدەچوو. ئێستا ئەو کەسانەی کە قسەکەری ڕەسەنی زمانی ئینگلیزیین زۆر بەسەختی لە ئینگلیزیی کۆن تێدەگەن. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی نیوەی ئەو وشانەی کە لە زمانی ئینگلیزیی مۆدێرندا بەکار دەهێنرێن، ڕەگ و ڕیشەی ئینگلیزیی کۆنیان هەیە. بۆ نموونە وشەکانی be, strong و water کە بە واتای (دەبێت، بەهێز و ئاو) دێن لە ئینگلیزیی کۆنەوە وەرگیراون. ئینگلیزیی کۆن تا نزیکەی ساڵی ١١٠٠ قسەی پێ دەکرا.

ئینگلیزیی ناوەڕاست (١١٠٠-١٥٠٠)

لە ساڵی ١٠٦٦ ویلیام داگیرکەری شازادەی نۆرماندی هێرشی کردە سەر ئینگلتەرا و داگیری کرد. داگیرکەرە نوێیەکان (کە پێیان دەوترێت نۆرمانەکان) جۆرە زمانێکی فەڕەنسییان لەگەڵ خۆیان هێنا، کە بوو بە زمانی دادگا، چینی دەسەڵاتدار و بازرگانان. بۆ ماوەیەک جۆرێک لە دابەشبوونی چینایەتی زمانەوانی هەبوو، کە چینی خوارەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد و چینی سەرەوە بە زمانی فەڕەنسی قسەیان دەکرد. لە سەدەی ١٤ـدا جارێکی دیکە زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا زاڵ بووەوە، بەڵام بە زیادکردنی چەندین وشەی فەڕەنسی. ئەم زمانە پێی دەوترێت ئینگلیزیی ناوەڕاست (Middle English). هەتا ئەمڕۆش قسەپێکەرانی ئینگلیزیی ڕەسەن بە ئەستەم لە زمانی ئینگلیزیی ناوەڕاست تێدەگەن.

ئینگلیزیی مۆدێرن (١٥٠٠-١٨٠٠)

بەرەو کۆتایی زمانی ئینگلیزیی ناوەڕاست، گۆڕانکارییەکی لەناکاو و ڕوون لە بێژەکردندا (تەلەفوزکردندا) دەستی پێکرد، کە پیتە بزوێنەکان کورتتر و کورتتر دەردەبڕان. لە سەدەی ١٦ـەوە بەریتانییەکان پەیوەندییان لەگەڵ زۆرێک لە گەلانی جیهان هەبووە. چەندین وشە و دەستەواژەی نوێ هاتنە ناو زمانەکەوە. هەروەها داهێنانی چاپ بەو مانایە بوو کە لەو کاتەدا زمانێکی هاوبەش لە چاپدا هەبووە. پەرتووکەکان هەرزانتر بوون و خەڵکی زیاتر فێری خوێندنەوە بوون. هەروەها چاپکردن ستانداردکردنی بۆ زمانی ئینگلیزی هێنایە ئاراوە. ڕێنووسی و ڕێزمان جێگیر بوون و زاراوەی لەندەن کە زۆربەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەکانی لێ بوو، بوو بە ستاندارد. لە ساڵی ١٦٠٤ـدا یەکەم فەرهەنگی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە.

ئینگلیزیی مۆدێرنی کۆتایی (١٨٠٠-ئێستا)

جیاوازی سەرەکی نێوان ئینگلیزیی مۆدێرنی سەرەتایی و ئینگلیزیی مۆدێرنی کۆتایی بریتییە لە وشەدان. ئینگلیزیی مۆدێرنی کۆتایی خاوەنی چەندین وشەیە کە بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە دەرکەوتوون و هاتۆتە ناو زمانەکەوە، ئەو دوو هۆکارەش بریتی بوون لە:

  1. شۆڕشی پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، کە زمانەکە پێویستی بە دروستکردنی وشەی نوێ بوو.
  2. ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا چارەکێکی ڕووبەری زەوی گرتەوە و زمانی ئینگلیزیش وشەی بیانی لە ژمارەیەک زۆر وڵاتەوە وەرگرت.

هەمەجۆری زمانی ئینگلیزی

لە دەوروبەری ساڵی ١٦٠٠ـەوە، خۆجێگیرکردنی ئینگلیزەکان لە ئەمریکای باکوور بووە هۆی دروستکردنی جۆرێکی جیاوازی ئینگلیزیی ئەمریکی. هەندێک لە بێژەکردن و وشەی ئینگلیزی کاتێک گەیشتنە ئەمریکا چیتر بەکار نەهاتن. لە هەندێک ڕووەوە ئینگلیزیی ئەمریکی زیاتر لە ئینگلیزییەکەی شکسپیر دەچێت نەک ئینگلیزیی بەریتانیی مۆدێرن. هەندێک دەربڕین کە بەریتانییەکان پێی دەڵێن "ئەمەريكێتی" لە ڕاستیدا دەربڕینی ڕەسەنی بەریتانین کە لە کۆلۆنیەکاندا پارێزراو بوون و بۆ ماوەیەک لە بەریتانیا بەکار نەهات (بۆ نموونە بەکارهێنانی وشەی (trash) بۆ (rubbish) کە بە واتای (زبڵ) دێت، وشەی (loan) بۆ (lend) وەک کردار کە بە واتای (قەرزکردن) دێت، و وشەی (fall) بۆ (autumn) کە بە واتای (پایز) دێت؛ نموونەیەکی دیکە، وشەی (frame-up)ـە کە بە واتای (گومان‌بارکردن یان پیلان‌گێڕی) دێت لە ڕێگەی فیلمە تاوانکارییەکانی هۆڵیوودەوە هاوردەی بەریتانیا کرایەوە). هەروەها ئیسپانی کاریگەری لەسەر ئینگلیزی ئەمریکی هەبوو (و دواتر ئینگلیزیی بەریتانی)، وشەکانی وەک canyon، ranch، stampede و vigilante نموونەی ئەو وشە ئیسپانیانە بوون کە لە ڕێگەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتی ئیسپانی لە بەشی ڕۆژئاوای ئەمریکا چوونەتە ناو زمانی ئینگلیزییەوە. هەروەها وشە فەڕەنسییەکان (لە ڕێگەی لویزیانا) و وشەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا (لە ڕێگەی بازرگانی بە کۆیلەکانەوە) کاریگەرییان لەسەر ئینگلیزیی ئەمریکی هەبوو (و بەم شێوەیە، تا ڕادەیەک، کاریگەریان لەسەر ئینگلیزیی بەریتانی هەبووە).

ئەمڕۆ بەهۆی زاڵبوونی ئەمریکا بەسەر سینەما، تەلەفزیۆن، مۆسیقای باو، بازرگانی و تەکنەلۆجیا (لەوانەش ئینتەرنێت)ـدا ‌ئینگلیزیی ئەمریکی زیاتر لە هەر زمانێکی تری ئینگلیزی کاریگەرە. سەرەڕای ئەوەش چەندین جۆری تری زمانی ئینگلیزی لە سەرانسەری جیهاندا هەن‌، لەوانە ئینگلیزیی ئوسترالی، ئینگلیزیی نیوزلەندا، ئینگلیزیی کەنەدی، ئینگلیزیی ئەفریقای باشوور، ئینگلیزیی هیندی و ئینگلیزیی کاریبی.


سەرچاوەکان



964 بینین