سان دیێگۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-17-22:20:00 - کۆدی بابەت: 10701
سان دیێگۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سان دیێگۆ (بە ئینگلیزی: San Diego، بە عەرەبی: سان دييغو)، شارێکە لە کەنارەکانی زەریای هێمن لە باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا دەکەوێتە تەنیشت سنووری مەکسیک و ئەمریکا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٣٨٦٫٩٣٢ کەس بوو. هەروەها هەشتەم گەورەترین شارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. شارەکە بە کەشوهەوا مامناوەندەکەی، قووڵی ئاوی بەندەرە سروشتییەکەی، کەناراو و پارکە بەرفراوانەکانی، پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و دەرکەوتنی ئەم دواییەی وەکوو ناوەندێکی چاودێری تەندروستی و پەرەپێدانی زیندەتەکنەلۆجی ناسراوە. سان دیێگۆ لە دوای لۆس ئەنجلس دووەم گەورەترین شاری ویلایەتی کالیفۆرنیایە و یەکێکە لە خێرا گەشەسەندووترین شارەکانی ئەمریکا.

مێژووی شارەکە

دێد (ded) لە ساڵی ١٧٦٩ـدا‌، یەکەم نیشتەجێبووی ئەورووپی بوو کە لە ناوچەیەی ئێستای کالیفۆرنیا جێگیرگەیان دروستکرد. لە ساڵی ١٨٢١ سان دیێگۆ بوو بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی تازە ڕاگەیەندراوی مەکسیک. کالیفۆرنیا لە ساڵی ١٨٤٨ـدا و دوای جەنگی نێوان مەکسیک و ئەمریکا بوو بە بەشێک لە ئەمریکا، پاشان لە ساڵی ١٨٥٠ وەک ویلایەتێک لە یەکێتییەکەدا دانی پێدانرا.

ئابووری شارەکە

بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئابووری سان دیێگۆ بریتین لە چالاکییە سەربازی و پەیوەندیدارەکانی بەرگری، گەشتیاری، بازرگانی نێودەوڵەتی، توێژینەوە و بەرهەمهێنان. شارەکە ناوەندی ئابووری کۆمەڵگەی سان دیێگۆ-تیخوانایە، کە دووەم قەرەباڵغترین گەورەناوچەی نێوسنوورییە لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ٤٫٩٢٢٫٧٢٣ کەس مەزەندەکرا. دەروازەی سنووری سەرەکی نێوان سان دیێگۆ و تیخوانا قەرەباڵغترین دەروازەی سنووری وشکانی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا لە دەرەوەی ئاسیا. لەگەڵ ئەوەشدا فڕۆکەخانەی شارەکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سان دیێگۆ، قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی تاک ڕێڕەوییە لە جیهاندا.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری سان دیێگۆ لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٤٠٢٫٨٣٨ کەس بوو، ئەم شارە دووەم گەورەترین شاری ویلایەتی کالیفۆرنیا و هەشتەم گەورەترین شاری ئەمریکایە. لە ئێستادا گەشەی دانیشتووانی سان دیێگۆ بە ڕێژەی ٠٫٥٧٪، بەڵام لە دوایین سەرژمێرییەوە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ڕێژەی ٠٫٨٣-٪ کەمیکردووە. ڕووبەری شارەکە زیاتر لە ٣٧٢ میل دەگرێتەوە و چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫٣٠٥ کەسە لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا. ڕێژەی هەژاری لە شارەکەدا ١١٫٨١٪ و تێکڕای تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانەکەی ٣٤٫٩ ساڵییە، نێرەکان ٣٤ ساڵی و مێیەکان ٣٥٫٩ ساڵی. هەروەها ژمارەی نێرەکان لەم شارەدا کەمێک زیاترە لە مێیەکان، ژمارەی نێرەکان ٧١٤٫٩٦٥ کەسە کە بە ڕێژە ٥٠٫٥٤٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و ژمارەی مێیەکان ٦٩٩٫٥٨٠ کەسە کە بە ڕێژە ٤٩٫٤٦٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • سپی پێست: ٦١٫٩٥٪
  • ئاسیایی: ١٧٫٢٥٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٧٫٧٧٪
  • ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی: ٦٫٠٩٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٥٫٩٩٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٥٢٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٤٢٪

شوێنی لەدایکبوون

٧٤٫٤٥٪ـی دانیشتووانی سان دیێگۆ لە ئەمریکا لەدایکبوون، ٤٦٫٤٥٪ـی دانیشتووان لە کالیفۆرنیا لەدایکبوون. ١١٫٣٨٪ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، لەنێو ئەو کەسانەشی کە لە ئەمریکا لەدایک نەبوون، زۆرترین ڕێژەیان خەڵکی ئاسیان.

هەروەها شارەکە بەشێکە لە گەورەناوچەی نێودەوڵەتی سان دیێگۆ-تیخوانا، کە سان دیێگۆ لە کالیفۆرنیا و تیخوانای مەکسیک لەخۆ دەگرێت. ژمارەی دانیشتووانی ئەم ناوچە لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ٤٫٩ ملیۆن کەس بوو.

گەشەی دانیشتووانی سان دیێگۆ

بەهۆی باشتربوونی ئابووری ئەمریکاوە کۆچی هاوڵاتیان زیاتر ڕێژەی گەشەی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەرز دەکاتەوە و بیانی زیاتریش بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت، بەتایبەتیش گەشەی شاری سان دیێگۆ. لە کۆی ٢٨٫٢٠٠ دانیشتووی زیادبووی ئەم ناوچەیە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣، شازدە هەزاریان کۆچبەری بیانی بوون. پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا سان دیێگۆ بەردەوام بێت لە گەشەکردن و ژمارەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ١٫٩ ملیۆن کەس، یان بە ڕێژەی ٤٩٪ زیاد بکات بە بەرورد بە ساڵی ٢٠٠٠. هەروەها پێشبینی دەکرێت ژمارەی هاوڵاتییە سپی پێستەکانی شارەکە کەم بێتەوە و بە شێوەیەک کە کەمینەی دانیشتووان پێک بهێنن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری سان دیێگۆ نیمچە خولگەیی وشکە، مانگەکانی وەرزی زستان زۆر مامناوەند و تاڕادەیەک باراناویین و مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و خۆرەتاون. کەشوهەوای شارەکە ئەوەندە مامناوەندە کە زۆربەی کات لە بەهار دەچێت، ئەمەش بەهۆی ئەو تەوژمە ساردەوەیە کە لە کەنارەکانی زەریای هێمنەوە هەڵ دەکات. بەڵام کاتێک با لە بیابانەکانی ناوچە دوور لە کەنارییەکانەوە هەڵ دەکات دەشێت پلەی گەرمی زۆر بەرزبێتەوە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٨ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی بۆ ٠٫٥ پلەی سەدی دابەزی. لە کاتێکدا بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤١٫٥ پلەی سەدییە کە لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا تۆمارکرا.

ساڵانە تەنها ٢٥٠ مللیمەتر باران لە سان دیێگۆ دەبارێت و ئەمەش ئاستێکی نیمچە بیابانییە. پاییزی ئەم شارە وشکترە، ئەو بارانەشی دەبارێت لە مانگی کانوونی یەکەم تا ئازار دەبارێت، لە کاتێکدا لە هاویندا بەدەگمەن باران دەبارێت. باراناویترین مانگ مانگی شوباتە. هەروەها ڕێژەی تیشکی خۆر لە سان دیێگۆ بە درێژایی ساڵ باشە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا کە خۆر لە ٧٥٪ـی کاتەکان بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە. لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا بەهۆی تەمی بەیانیان کە لە ناوچە کەناراوەکان و نزیک لە کەناراوەکان دروست دەبێت خۆر کەمتر دەدرەوشێتەوە. بەگشتی ساڵانە ٣ هەزار کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

لە ناوچە ناوخۆییەکاندا، کەشوهەوای شارەکە زیاتر کیشوەرییە، شەوەکانی زستان ساردتر دەبن و هەندێک جار پلەی گەرمی بۆ دەوروبەری پلەی بەستن یان نزمتر لەو پلەیە دادەبەزێت. لە کاتێکدا ڕۆژەکان بەدرێژایی ساڵ گەرمترن. جگە لەوەش، لە ڕۆژە زۆر گەرمەکاندا بەرزترین پلەی گەرمی دەگاتە ٣٥ پلەی سەدی. لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٠ـدا پلەی گەرمی گەشتە ٤٥ پلەی سەدی.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە

بەهۆی ئەوەی کەشوهەوایەکی زۆر خۆشی هەیە، دەتوانرێت بە درێژایی ساڵ سەردانی سان دیێگۆ بکرێت. بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەم تا مانگی ئازار دەشێت باران ببارێت و شەوانە کەمێک سارد بێت، بەتایبەتی لە ناوچە دوور لە کەنارییەکاندا. لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران لەوانەیە کەشی شارەکە لە بەیانیاندا تەمومژاوی بێت. لە هاویندا، بەتایبەتی لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا، دەکرێت بەهۆی هەڵکردنی با لە بیابانەکانەوە دەشێت کەشی سان دیێگۆ لە چەند ڕۆژێکدا زۆر گەرم بێت.


سەرچاوەکان



565 بینین